شێعره‌سات

جيهاني وبلاگ نووسي جيهانيكي تازه‌يه و به داخه‌وه درگاي ئه‌و جيهانه دره‌نگ له ئيمه كرايه‌وه به‌لام چار نيه و ده‌بي بيگه‌يني به‌و هيوايه‌ي هيچمان بو گوتن /لاني كه‌م به خومان پي بي سوزه‌ني 27/9/83/

دوشنبه، مرداد ۲۲، ۱۳۸۶

دوژمنی گه‌ل


شانۆی دوژمنی گه‌ل و شانۆکارانی گرووپی باران ی‌ مه‌ریوان له‌ سه‌قز


دوژمنی گه‌ل؛


پێوه‌ندیه‌کانی ده‌سه‌ڵات و مه‌عریفه‌ و رووناکبیران





ئێواره‌ی پێنج شه‌ممه‌(18و19و20/5/86) هێنریک ئیبسێن له‌ هۆڵی شانۆی سه‌قز هاته‌وه‌ تووڕه‌ بوون له‌ هه‌موو ئه‌و ده‌مامک له‌ چاوانه‌ی به‌رواڵه‌ت نوێخوازن و له‌ ژێر و سه‌ره‌وه‌ ملکه‌چی ده‌سه‌ڵاتی سه‌له‌فین.. ئیبسێن شانۆنامه‌ نووسێکی نوێخوازی نوروێژی بوو که‌ کاتی خۆی له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی نوروێژه‌وه‌ ته‌حه‌موڵ نه‌کرا و ئاواره‌ی هه‌نده‌ران بوو.. به‌ڵام هه‌رگیز له‌ نوێخوازی لای نه‌دا و له‌ ماوه‌ی ژیانی خۆیدا ده‌یان شانۆنامه‌ی نوێی نووسی(25شانۆنامه‌) "ئه‌مه‌ش له حاڵێکدا بوو که‌ نه‌ریتی شانۆیی‌ ئه‌ورووپا له‌ مه‌رگ و فه‌وتاندا بوو و شانۆنامه‌ی شیوازی رۆمانتیکش نه‌ک بۆ هاتنه‌سه‌ر شانۆ به‌ڵکوو بۆ خوێندنه‌وه‌ ده‌نووسرا"‌ باوه‌کوو ئیبسێن به‌ره‌به‌ره‌ ناوبانگی ده‌رکرد به‌ڵام راستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌که‌ له‌ 1870به‌ملاوه‌ تا ده‌مرێ(1906)و دوای ئه‌وه‌ش یه‌کێ له‌ گه‌وره‌ترین که‌ڵه‌شانۆنامه‌نووسانی مودێرن(نوێخواز) ه که‌ شانۆی ‌به‌گشتی گوڕا و شۆرشی مودێرنی رێبه‌رایه‌تی کرد" بۆ وه‌ی برنارد شاو گوته‌نی: شانۆنامه‌کانی ئیبسێن (به‌رێژه‌ی شانۆنامه‌کانی شکسپێر) بۆ ئێمه‌ گرینگییه‌کی زێده‌تری هه‌یه‌.. ئیبسێن نه‌ک هه‌ر ئێمه‌ به‌ خۆمان ده‌نوێنێته‌وه‌ به‌ڵکوو راست له‌ دۆخێکدا ئه‌ماننوێنێته‌وه‌ که‌ تیایداین" (مظهر ئیبسنیسم – برنارد شاو)1


ئه‌و دوژمنی گه‌ل ی له‌ 1882دا(واته‌ سه‌دوسی و ئه‌ونه‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر) نووسی و ئه‌م شانۆنامه‌یه‌ش به‌ راستی له‌و خوێندنه‌وه‌ی شاو به‌ده‌ر نیه‌.. دوکتۆر ئستووکمان (که‌سایه‌تی سه‌ره‌کی ئیبسێن له‌ دوژمنی گه‌لدا) سه‌ره‌تا به‌س ده‌یهه‌وێ خه‌ڵک و سیسته‌مه‌کانی ده‌سه‌ڵات به‌ شێوه‌یه‌کی زانستی ئاگادار بکاته‌وه‌ که‌ "ئاوی حه‌مامه‌کان" پیسن .. به‌ڵام حه‌مامه‌کان سه‌رچاوه‌ی ئابووری و ده‌وڵه‌مه‌ند بوونی ده‌سه‌لاتداران و توێژی ناوه‌ندین و راگه‌یه‌نراوی وا نه‌ک هه‌ر به‌ قازانجی شاره‌دار(وه‌ک ره‌مزی ده‌سه‌ڵات) و توێژی مامناوه‌ند نیه‌ به‌ڵکوو تووشی زه‌ره‌ری زۆریشیانده‌کا و هه‌ر بۆیه‌ به‌هه‌موو توانای خۆیانه‌وه‌ و رۆژنامه‌ی ده‌مامکاوی ده‌نگی گه‌لیش (وه‌ک ره‌مزی ده‌سه‌ڵاتی راگه‌یاندن) نه‌ک هه‌ر ئستووکمان و منداڵه‌لانی به‌ڵکوو دۆسته‌کانیشی(کاپیتان وه‌ک ره‌مزی پێوه‌ندی بۆده‌ره‌وه‌ی ولات) بێکار ده‌که‌ن و ئه‌یخه‌نه‌ ژێر گوشارێکی یه‌کجار ناجوامێرانه‌ که‌ زه‌ختکردنه‌ سه‌ر داهاتووی منداڵه‌کانیشیه‌تی و .... ئستووکمان دوای بینینی ئه‌و هه‌موو ده‌مامکه‌ ئیتر باسی پیس بوونی ئاوی حه‌مامه‌کانی لا ده‌بێته‌ باسێکی لاوه‌کی و باسێکی سه‌ره‌کیتر هه‌ڵده‌بژێرێ؛ بانگهێشتنی خه‌ڵک بۆ شۆڕش..


له‌م باسه‌ کورته‌دا نامهه‌وێ هه‌موو دوژمنی گه‌ل بگێڕمه‌وه‌ بۆ وه‌ی دڵنیام زۆربه‌ی دۆستان و دوژمنانی گه‌ل خوێندوویانه‌ته‌وه‌ یان دیتوویانه‌.. به‌س ده‌مهه‌وێ بپرسم؛


چ دۆخێکی تایبه‌ت بۆته‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ دوای ئه‌و ماوه‌ درێژه‌ بۆ ده‌ربڕینی هه‌ستێکێ ده‌روونی خۆمان یان جه‌ماوه‌ر، په‌نا ببه‌ینه‌وه‌ به‌ر هێنریک ئیبسێن؟


تۆ بڵێی رۆشنبیرانی مه‌ش نه‌که‌وتبێتنه‌ ژێر گوشاری ده‌سه‌ڵات و ده‌مامک و توێژی مامناوه‌ند که‌ به‌رده‌وام له‌ قه‌ڵه‌و بووندان؟؟


تؤ بڵێی وه‌ک ئیبسێن باوه‌ڕی وابوو؛ ئه‌و تۆزاڵه‌ حه‌قیقه‌ته‌ی (‌ ره‌نگه له‌ ماوه‌ی ئه‌م سه‌د و سی و‌ ئه‌وه‌نده‌ ساڵه‌دا که‌متریش بووبێته‌وه‌ و که‌وتبێتنه‌ ژێر تۆڕه‌کانی وانمووده‌وه‌)که‌ ماوه‌ لای که‌مینه‌ی رۆشنبیران بێ یان ده‌سه‌لات و تووێژی مامناوه‌ندی خۆ به‌زل زان و زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ر؟


یان پێوه‌ندیه‌کانی ده‌سه‌ڵات و مه‌عریفه‌ و رۆشنبیران تووشی گۆڕان هاتبێ و نه‌هاتبێ؟


یان شانۆکارانی مه‌ریوانی به‌م کاره‌ ویستبێتیان پشتیوانی نه‌کردنی زۆرینه‌ی به‌ناو رۆشنبیران و رۆژنامه‌وانان!! له‌ رووناکبیرانێک به‌ سوخره‌ بگرن- و په‌رده‌ له‌ده‌مامکه‌کانیان داماڵن – که‌ ئێستاکه‌ که‌وتوونه‌ته‌ ژێر گوشاری سه‌خته‌وه‌ و مه‌ترسی مردنیان له‌ سه‌ره‌؟ هه‌ر چی بێ و له‌ هه‌رحاڵدا شانۆی دوژمنی گه‌ل له‌ سه‌قزدا هاته‌ کایه‌ و به‌رووی بینه‌ره‌کانی خۆیدا ته‌قییه‌وه و له‌ دوا شه‌وی ئه‌و کایانه‌دا له‌ لایه‌ن زۆربه‌ی شانۆکارانی سه‌قز و مه‌ریوان باس و لێکدانه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ی زۆری له‌ سه‌رکرا که‌ هیوادارم بووبێته‌ ئه‌زموونێکی نوێخوازانه‌ی دیکه‌ و به‌رده‌وام بوونی ره‌وته‌که‌.. ‌



......


1- the quintessence of ibsenism


* - بۆ زانیاری زێده‌تر له‌ سه‌ر ئیبسێن بڕواننه‌ ' جیهانی مۆدێرن و ده‌که‌ڵه‌ نووسه‌ر له‌ نووسینی مالکۆم برادبری

0 نظر:

ارسال یک نظر

اشتراک در نظرات پیام [Atom]

<< صفحهٔ اصلی