شێعره‌سات

جيهاني وبلاگ نووسي جيهانيكي تازه‌يه و به داخه‌وه درگاي ئه‌و جيهانه دره‌نگ له ئيمه كرايه‌وه به‌لام چار نيه و ده‌بي بيگه‌يني به‌و هيوايه‌ي هيچمان بو گوتن /لاني كه‌م به خومان پي بي سوزه‌ني 27/9/83/

جمعه، اسفند ۱۶، ۱۳۸۷

"زه‌رووره‌ت"ی نوێترخوازی ..



له‌درێژه‌ی ته‌وه‌ری " ناساندن بۆ وه‌ڵام دانه‌وه‌ی (ساڵح سووزه‌نی) له‌ ماڵپه‌ڕی " ناوه‌ندی هه‌واڵنێری سه‌قز'دا و له‌ دوایین ساته‌کاندا که‌ من وه‌ڵامی پرسیاره‌کانم دابووه‌وه‌... خۆشه‌ویستێک به‌ناوی" یه‌سنا" ئه‌م یاداشته‌ی خواره‌وه‌ی وه‌ک پرسیار و له‌راستیدا تێبینی داناوه‌؛



پیم وا نییه‌ پرسیار کردن له‌ ساڵح سووزه‌نی له‌م سات و له‌م چوارچێوه‌ی سایته‌ دا هێنده‌ ئاسان بێت. ساڵح سووزه‌نی ده‌کرێ به‌ به‌شێکی ئاشکرا و چالاک و مه‌یدانداری بزاڤی رۆشنبری ئێمه‌ له‌ کوردستانی ئیران ده‌سنیشان بکرێت .
ساڵح سووزه‌نی میراتگری بزافێکی تا راده‌یه‌ک هه‌ناسه‌ بڕاوی پێش خۆیه‌تیی. بزاڤێکی هه‌ناسه‌ سواری لێکهه‌ڵبڕاوی چاو له‌ ئه‌زموونی ده‌ره‌وه‌ی خۆی. بزاڤ و نه‌وه‌یه‌کی به‌ بێ به‌رهه‌می له‌چاپ دراو، نه‌وه‌یه‌کی به‌ ئه‌فسانه‌ کراوی نابوێری دڵ به‌ خۆ خۆشی هێور، نه‌وه‌یه‌کی پشت نائه‌ستوور به‌ ئه‌زموونه‌کانی سیاسی و کلتووری و زمانی خۆی، له‌ هه‌مان کاتدا میراتگری بزاڤیکی نائارامی ڕچه‌ شکێنی که‌م ئه‌زموون (پشت به‌ستوو به‌ ئه‌زموونی شێعری و مه‌عریفی زامانانی دراوسێی زمانی کوردی، به‌تایبه‌ت زمان و تیۆری وه‌رگیراو له‌ فارسی).
ساڵح سوزه‌نی گه‌رچی میراتگری ئه‌و میراته‌یه‌، ئاشنا و چاوکراوه‌ی که‌له‌به‌ر و قوژبونه‌کانی تری داهێنانه‌، ئاشناییه‌کی تا ڕاده‌یه‌ک گیرخواردوو له‌ نێوان سونه‌ت و مۆدێڕن دا، به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتیشدا بوێر و چاو نه‌ترس چ له‌ بواری نزیک بوونه‌وه‌ له‌ تێکشکاندنی نۆرمه‌کانی رسته‌ به‌ندی و چ له‌ روانگه‌کانی جوانی ناسانه‌ی شیعری و چش له‌وه‌ی که‌ ئه‌زمموونه‌کانی خۆی و هاوسه‌نگه‌رانی چ خه‌سارێکیان له‌ ره‌وتی شیعری داوه‌ و چ سامانیکیان بۆی ده‌سته‌به‌ر کردووه‌. من به‌ پێچه‌وانه‌ی که‌سانی تره‌وه‌ پرسیار له‌ کاک ساڵح سوزه‌نی ناکه‌م، چونکوو ئه‌و خۆی ده‌بێت وه‌کوو پێشه‌نگیکی ئه‌و بزاڤه‌ پرسیار له‌ خوێنه‌ران بکات، که‌ کردویه‌تی و ره‌مزی سه‌رکه‌وتنیشی هه‌ر له‌وه‌دایه‌ که‌ به‌رده‌وام له‌م بواره‌دا پرسیاری درووست کردووه‌، با پرسیاره‌کانیشی له‌م ئان و ساته‌دا بێ وڵام مابێتنه‌ه‌وه‌. به‌ بۆچوونی من، وجوود و حزووری ساڵح سووزه‌نی له‌ پانتایی به‌رهه‌م هێنانی ده‌قی کوردیدا له‌ کوردستانی ئێران خۆی پرسیارێکی گه‌لێک گرینگه‌، پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ حزووری به‌رهه‌م و که‌سایه‌تی ساڵح سووزه‌نی وڵامده‌ری کامه‌ زه‌روره‌ت و نیازێکی ئه‌ده‌بی، مێژوویی و خه‌یاڵی ئێمه‌ی کورده‌ له‌ کوردستانی ئێران؟ (وڵامی ئه‌م پرسیاره‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ ڕوانگه‌ی منه‌وه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م بۆچونه‌دا).
به‌رهه‌می ساڵه‌ی سووزه‌نی و هاوسه‌نگه‌رانی، حزوورێکی پڕ ره‌نگی پڕ هاواری هێشتاش نه‌ناسراوه‌! نه‌ناسراو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ هێشتا نه‌وه‌ی ئێمه‌ شاعیران و به‌رهه‌مهێنه‌رانی خۆی شرۆڤه‌ و تاویل نه‌کردوه‌، چ بگات به‌ شرۆڤه‌ و تاویلی نه‌سڵه‌کانی داهێنه‌رانی ئێستامان! پرسیاری من له‌ خوێنه‌ران و بینه‌رانی ئه‌م سایته‌ و له‌ هه‌مان کاتیشدا له‌ بزاڤی رۆشنبیری له‌ ئه‌و پارچه‌ی کوردستان ئه‌وه‌یه:‌ حزووری به‌رهه‌م و که‌سایه‌تیی ساڵح سووزه‌نی وڵامده‌ری کامه‌ زه‌روره‌ت و نیازێکی ئه‌ده‌بیی،مێژوویی و خه‌یاڵیی ئێمه‌ی کورده‌ له‌ کوردستانی ئێران؟ بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ران نه‌ڵێن پرسیارێکه‌ خۆی له‌ خۆێدا بێ وڵامه‌. من وڵامی پرسیاری خۆم،،وه‌کوو یه‌که‌م وڵام به‌م چه‌شنه‌ ده‌ده‌مه‌وه‌: حزوور و وجوودی به‌رهه‌می ره‌خنه‌یی، شیعری و په‌خشانی ساڵح سووزه‌نی له‌م ئان و ساته‌ی خه‌لاقیه‌تی مرۆڤی کورد له‌و به‌شه‌ی کوردستان دا،حوزورێکی بێڕه‌حم، نه‌ناسراو ، جوان و هێشتا نه‌گیرساوه‌. سپاس


----------


وێرای سڵاو و ماندوونه‌بوون له‌ یه‌سنای خۆشه‌ویست، بۆ وه‌ی ئاوه‌ها به‌ حه‌وسه‌ڵه‌ و وردبینی تایبه‌ته‌وه‌ ته‌وه‌ره‌ی نه‌ک "ساڵح سووزه‌نی" به‌ڵکوو رووناکبیریی و داهێنانی له‌ دۆخی تایبه‌تدا شرۆفه‌کردوه‌ و هاوکات چۆنیه‌تی و پیداویستی رچه‌شکێنیی داوه‌ته‌به‌ر پرسیاری جه‌سوورانه...


یه‌سنا گیان داهێنه‌ریی و نوێخوازی و نوێترخوازیی (له‌ هه‌موو پانتاکانی ئه‌ندیشه‌ و زانست و فه‌لسه‌فه‌ و هونه‌ر و ته‌نانه‌ت ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا) به‌س له‌ خوێندنه‌وه‌ی دیالێکتیکی و به‌پێی ریساکانی ..) ناهێته‌ ناسکردن! واته‌ دال ی داهێنه‌ریی، به‌س به‌مه‌دلوولی داهێنه‌ریی پێناسه‌ده‌کرێ..و به‌داخه‌وه‌ خودی داهێنه‌ریش کانت گوته‌نی پێناسه‌ ناکرێ(سه‌یره‌ نا؟)


من پێشتر له‌ وتاری "دالی شێعر مه‌دلوولی خۆیه‌تی و به‌س"زرێباری ژماره‌ 11 به‌درێژی‌ ‌"زه‌رووره‌تی" داهێنه‌رییم شرۆفه‌کردوه‌ و ئێستا به‌س ده‌ڵێم که‌ جیهان له‌ره‌وتایه‌ و شێعر و ره‌خنه‌ش له‌و ره‌وته‌دا ده‌بێ پێشڕه‌و بێ. واته‌ زه‌رووره‌تی ده‌قی نوێترخواز له‌راستیدا هه‌مان ره‌وتی جیهانه‌ و وزه‌ی ده‌روونی و هانده‌ری مرۆڤ‌ بۆ تازه‌ و تازه‌ترخوازی ی ی


شاعیرانی پیشڕه‌و هیچکات به‌پێێ زه‌رووره‌ت و "مارکس گوته‌نی؛ لێکدانه‌وه‌ی تایبه‌ت له‌ دۆخی تایبه‌ت" ناهاتوونه‌ته‌ به‌رهه‌م.. هه‌ربۆیه‌ به‌رده‌وام سه‌ره‌تا وه‌ک عه‌جایه‌بات به‌رچاوکه‌وتوون و خه‌ڵکیان سه‌رسام کردوه‌.. و دواتر تێئۆریزه‌ کراون. هه‌ر خۆشبیت و به‌رده‌وام له‌ خزمه‌ت به‌ شیعر و داهێنه‌ری له‌ ده‌قی کوردیدا. ساڵح سووزه‌نی