سرینه‌وه‌ی نوێترخوازان به چ مه‌به‌ستێک؟
(1)
شاعیرانی کۆڵان و دایه‌ره
ساڵه‌ها پێش یادی نابه‌خێر؛ ئه‌و کاته‌ی زۆرێ له شاعیران و نووسه‌رانی باشوور له‌گه‌ڵ حزبه ئوپۆزیسیۆنه‌کانیان به ده‌ست سه‌دام ه‌وه ئاواره‌ی ئه‌م دیو ببوون ،، له باس و دیالۆگێکی هونه‌ری- ره‌خنه‌ییدا له‌گه‌ڵ یه‌کێ له نووسه‌رانی ئه‌وکات ناوداری ئه‌ودیو.. بۆ ئه‌وه‌ی گرینگی رۆمان و قه‌یرانی شێعر بنوێنێ گوتی؛ کۆڵانی سلێمانی نیه ده‌یان شاعیری تێدا نه‌بێ!! ده‌رفه‌تی نواندنیان نیه ئه‌گینا هه‌موویان خۆیان له په‌شێو وشێرکۆ به شاعیر تر ده‌زانن!!
من ئه‌وکات (ئیستاش هه‌رلام وایه) ده‌مگوت زۆر بوونی شاعیر له به‌هاکانی ده‌قی شێعری که‌م ناکاته‌وه... له‌ناو سه‌دان شاعیر و شێعردا شاعیر و شێعری هه‌ڵکه‌وته زێده‌تر سه‌رهه‌لدێنن و به‌ره‌و ئاسمان ده‌کشێن، تا له ناو شاعیرانی به‌قه‌ده‌ر ژماره‌کانی ئه‌نگوستدا...
هێنانه‌وه‌ی ئه‌و بیره‌وه‌رییه بۆ ئه‌وه بوو وه‌ڵامی هه‌نێ له‌و دۆستانه بده‌مه‌وه که جار و بار ده‌پرسن بۆ له فڵانه شه‌وه شێعری سه‌قز(ئه‌و شاره‌ی هه‌موو ته‌مه‌نت تێدا به‌سه‌ربردوه) به‌شدار نه‌بووی؟
لام وایه؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یدا که هه‌موو گروپ و ئه‌نجومه‌ن و ئیداره‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ و ناسه‌ربه‌خۆ و ... مافی خۆیه‌تی به‌هه‌ر مه‌به‌ست و ئارمانجێکی ئاشنا و نائاشناوه دانیشتنی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری سازبکا و دیسان مافی خۆیانه بۆ ئه‌و دانیشتنانه ئه‌وکه‌سانه بانگ بکه‌ن که وه‌ک ئه‌وان له‌دیارده‌کان ده‌روانن یان به پێچه‌وانه‌وه... هه‌روه‌ها هه‌موو رووناک‌بیر و ئه‌دیبێکیش ئه‌و مافه‌ی هه‌یه که به دڵخواز به‌شداری ئه‌وکؤر و دانیشتنانه بکا یان نا و..
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له بار و دۆخی ئیستای مه‌دا که مه‌ودا بۆ کۆڕوکۆبوونه‌وه که‌مه، "حذف" کردنی به‌ئه‌نقه‌ست و بۆغزاوی ئه‌و که‌سانه‌ی له‌و بواره‌ه‌دا به‌رچاون، به‌س له که‌سانێک ده‌وه‌شێته‌وه که مووچه‌خۆرن نه‌ک جوانناس.. هه‌ر بۆیه به پێویستم زانێ هه‌نێ زێده‌تر له‌و پرسیاره بکۆڵمه‌وه؛
ئێستا به خۆشیه‌وه سه‌قزیش وه‌ک ئه‌و ساڵانه‌ی سلێمانی، به گوته‌ی ئه‌و دۆسته رۆماننووسه‌مان، ده‌یان شاعیری تێدایه و دیسان به‌خۆشییه‌وه، که‌ره‌سه‌کانی راگه‌یاندنی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ک ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی داونه‌تێ که جار و بار خۆدێکیش بنوێنن و هه‌واڵه‌که‌ی له سایته ناوچه‌ییه‌کاندا بڵاو بکه‌نه‌وه و ناوی شاعیرانی به‌ناوبانگیش له خۆیان بنێن و که ناویشیان له که‌له‌که‌ی سه‌را به‌ودیودا نه‌چوه گرینگ نیه.. له‌وبه‌ر که‌له‌که‌ی سه‌را و ئه‌و به‌ری فیلانتاقیشه‌وه شاعیرانی ناوداری وه‌ک خۆیان بانگهێشت ده‌که‌ن و ناوده‌رکردن هه‌ر واده‌بێ ئێتر... ( هه‌ڵبه‌ت ئیزن وه‌رگرتنیش بۆ ئه‌و به‌رێزانه هاسانه و... بۆ وه‌ی هه‌رگیز پایان له بازنه‌ی ئه‌وان نه‌هه‌ڵێناوه.) که یه‌ک تاقه دێڕی نوێ‌شتان له‌ناو به‌رهه‌مه‌کانیاندا(له‌پای ئه‌ده‌بی پێش خۆیان) نه‌دی گرینگ نیه.. گرینگ ئه‌وه‌یه ئه‌وان زمانی کوردی ده‌زانن وجوانپه‌ره‌ستن. به‌ڵام شاعیرانی نوێترخواز نایزانن و ره‌شبین و جواننه‌ناسن!!... و هه‌له‌ق مه‌له‌ق ده‌ڵێن....
خوا بیانپارێزێ.. دڵنیام ئه‌گه‌ر بیانهه‌وێ به‌راستی ببنه شاعیر به‌ره به‌ره زێده‌تر ئه‌و وتارانه ده‌خوێننه‌وه که کاتی خۆی(ئه‌وساڵانه‌ی ئه‌وان هێشتا دانه‌مه‌زرابوون) له‌ده‌مه‌ته‌قێ و شه‌ڕه‌قه‌ڵه‌می سه‌له‌فیه‌تی ئه‌ده‌بی و نوێترخوازاندا بڵاوکرایه‌وه و زۆرکه‌سی پێ ده‌مکوتکرا و زۆرشاعیری کۆڵانیشی هێنایه ریزی شاعیرانی نێوشاره‌وه و ..
من ئیستاش لاموایه له‌ناو ده‌یان شاعیری کۆڵانان و ئه‌نجومه‌نی ئیرشاد و ئیداره‌جاتی سه‌قزدا، حه‌تم شاعیری باش زێده‌تر ده‌بێ له‌وه‌ی که ئه‌و ئه‌نجومه‌ن و ئیدارانه هیچیان تێدا نه‌بێ.. به‌ڵام ئه‌و شاعیرانه ده‌بێ هۆشی ئه‌وه‌یان ببێ که شێعری باش حه‌زی له هیچ ئیداره‌یه‌ک نیه و زۆر له‌وه سرکتره که ئه‌وان بۆی چوونه!
راستیه‌که‌ی منیش ئیتر تاقه‌تی ئه‌وه‌م نه‌ماوه گوێبده‌مه ئه‌و چه‌شنه به‌رهه‌مانه و سه‌رم به عه‌شقی ده‌قه‌وه قاڵه.. به‌ڵام دڵنیا بن به‌رهه‌می هه‌رکام له‌و گه‌نجانه له‌ده‌ق نیزیک بێته‌و باوه‌شی قه‌ڵه‌م و خوێندنه‌وه‌می لێ ئاوه‌ڵایه...و هه‌رکام له‌و ئه‌نجومه‌ن و ئیدارانه‌ش شه‌وه شێعرێکیان هه‌بێ، به‌و مه‌رجه‌ی پێشتر داوای ده‌قم لێ نه‌که‌ن.. لانی که‌م وه‌ک گوێگرێکی باش له‌خزمه‌تیاندام.
قسه‌ی من ئه‌وه نیه که کێ چێ رێده‌خا و به چ مه‌به‌ستێکه‌وه .. بۆ وه‌ی زۆربه‌ی کۆڕه‌ئه‌ده‌بی و ره‌خنه‌ییه‌کانی ئێمه له‌لایه‌ن یان به یارمه‌تی و له‌ژێرچاودێری ئه‌و دایه‌رانه‌دا دێته ئارا.. و که‌م نه‌بوونه ئه‌و کۆر و فستیواڵانه‌ی که ئێمه‌ومانان(وه‌ک شاعیر و نووسه‌ری سه‌ربه‌خۆ) به‌شداریمان کردوه و له‌مه‌به‌دواش ره‌نگه به‌شداری زۆر کۆری دیکه بکه‌ین و به مه‌به‌ستی قورسترکردنی لایه‌نی ئه‌ده‌بی و رووناکبیرییه‌که‌ی هه‌وڵمانداوه و هه‌وڵئه‌ده‌ین... باس له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه ئێمه چۆن و چه‌ند هه‌وڵی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌ده‌ب و ده‌ق بده‌ین له‌و کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌گه‌له‌دا و چه‌ند ئه‌توانین پا له ئه‌رێ و نابێ کانی ئه‌وان بترازێنین.. یه‌کێ له مه‌رجه‌کانی من بۆ به‌شداریکردنی ئه‌و کۆڕگه‌له به‌رده‌وام ئه‌وه بووه که پێشتر داوای ده‌قی ئه‌و شێعر و وتارانه‌مان لێنه‌که‌ن که بڕیاره بیخوێنینه‌وه،، ئه‌گه‌ر که‌سایه‌تییه‌ک وه‌ک شاعیر یان نووسه‌ر بۆ هه‌ر کۆڕێک ناسراوه، ئیتر پێویست ناکا داوای ئه‌وه‌ی لێبکه‌ن که ده‌بێ شێعره‌که‌ت ببینین.. یان ده‌بێ بزانین ده‌ڵێی چی؟1 به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌مان یه‌ک مه‌رج بۆته‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌نێ له شاعیرانی ئیداره‌جاتی لێ بسڵه‌مێته‌وه و ... ئیتر مابه‌قی ده‌هێڵمه‌وه بۆ رای ئێوه‌ی شاره‌زای بوار و رچه ئه‌ده‌بی و هۆنه‌ریه‌کان.... 2
-----
1- مه‌به‌ستم ئه‌و فستیواڵانه نیه که ده‌قه‌کان ده‌که‌ونه کێ بڕکێ بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵات، بۆ وه‌ی له‌و حاڵه‌ته‌دا شاعیر و نووسه‌ر به ره‌زای خۆی و به قه‌بووڵکردنی سه‌لیقه‌ی داوه‌ریی که‌سانێکی تر ئاماده‌ن بۆ به‌رێکردن یان نه‌کردنی به‌رهه‌م یان ده‌ق و... ) هه‌ر وه‌ها مه‌به‌ستم دیاری نه‌کردنی کات بۆ هه‌رکام له‌و که‌سانه نیه که بڕیاره ده‌قێک پێشکه‌ش بکه‌ن. ئه‌زقه‌زا کاری به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌ر کۆرێک یه‌کیان ئه‌وه‌یه که کاتی دیاریکراوی هه‌بێ بۆ هه‌ر کام له ده‌قه‌کان.. بۆوه‌ی که‌س له‌خۆرا کاتی که‌سانی دی نه‌گرێ.
2- تکایه ئه‌م قسه‌یه‌م وه‌ک سووکایه‌تی کردن به هه‌موو مووچه‌بگیرانی زه‌حمه‌تکێشی ده‌وڵه‌تی لێوه‌رمه‌گرن! رووی قه‌ڵه‌مه‌که‌م له‌و که‌سانه‌یه که به‌ده‌مامکی هونه‌رمه‌ند و ئه‌دیبه‌وه خۆیان تێکه‌ڵاو شه‌پۆلێک کردوه که لێی تێنه‌گه‌یشتوونه و ئه‌یانهه‌وێ به ده‌ستێک سێ-چوار شووتی هه‌ڵگرن و هیچیشیان بۆ ناگاته مه‌به‌ست،ده‌مامک و دوو رووییه‌که‌یان نه‌بێ
<< صفحهٔ اصلی