کۆنگره‌ی ئه‌ده‌ب
کۆنگره‌ی میسباح دیوانی ئه‌ده‌ب
(2 و3/8/1387- بۆکان)
له‌و رۆژانه‌دا شاری بۆکان میوانداری زۆرێ له شاعیران و نووسه‌رانی کوردبوو بۆ رێزلێنان له یاد و به‌رهه‌مه‌کانی شاعیری سه‌ده‌ی نۆزده‌ی زایێنی عه‌بدوڵڵابه‌گی موکری، ناسراو به میسباح دیوانی ئه‌ده‌ب،کونگره‌که به‌پێی باو به خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند ئایه‌تی قورئان و به‌خێرهاتن گوتن به میوانان له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ئیرشاد و شوورای شار و ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بی شاری بۆکان ده‌ستی پێ‌کرد و ئینجا سه‌عید نه‌جاری(ئاسۆ) ئاماژه‌ی کرده ئه‌و ره‌وته شێعره کلاسیکیه‌ی که له مه‌لای جه‌زیرییه‌وه ده‌گا به نالی و وه‌فایی و دواتر میسباح ده‌یپارێزێ و به‌جوانی ئه‌یژێنێته‌وه..
ئینجا یه‌که‌م وتاری کونگره له لایه‌ن به‌رێز یوونس امین پوور خوێندرایه‌وه که ده‌پر ژایه سه‌ر ژیاننامه‌ی میسباح و قه‌وم و که‌س و کاریی..و ئه‌وه‌ی که ئاوی چۆمی جه‌غه‌تووی ده‌خوارده‌وه و جگه شێعر له زه‌مینه‌ی نه‌قاشی و خۆشنووسی و دوکتۆری و... یشدا به‌ناوبانگ بووه و.. ئه‌وه‌ی له‌م وتاره‌دا جێی سه‌ررنج بوو باسی پێوه‌ندی "ئه‌ده‌ب" ه له‌گه‌ڵ شاعیرانی هاوسه‌ده‌ی خۆی وه‌ک تاییربه‌گی جاف و سه‌یفولقوزات..هه‌روه‌ها ده‌رخستنی نامه‌یه‌ک که ئه‌ده‌ب کاتی خۆی بۆ "میرزاساڵح کیانی" نووسیوه و له‌و نامه‌دا دۆخی ئه‌وسای ولاتانی ئه‌ورووپاو تورکیه له‌گه‌ڵ کوردستان هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ..و
دواتر وتاری "ئه‌ده‌ب ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه‌ی ئاسمانی ئه‌ده‌بی کوردی" وتاری به‌رێز کریمی دافێعی خوێندرایه‌وه که به‌کارهێنانی وشه‌گه‌لی فارسی و عه‌ره‌بی له شێعره‌کانی میسباح دا خسته‌به‌ر ره‌خنه و تام و چێژی شێعری ئه‌ده‌بی وه‌ک تام و چێژی شێعری فارسی هه‌ڵسه‌نگاند!!
به‌رێز یوونس ره‌زایی (له ئه‌ندامانی لێژنه‌ی زانستی کۆره‌که) به‌جوانی پرژایه‌سه‌ر ته‌وسیفی بوونی ئه‌و چه‌شنه وتارانه و ئه‌وه‌ی که گوزاره‌گه‌لی ته‌وسیفی هیچ پرسیارێک ناورووژێنن و به‌و پێیه وه‌ڵامی هیچ پرسیارێک ناده‌نه‌وه، که‌وایه ده‌بنه زۆرگوتن و هیچ گوتن. کاک یوونس به‌ڵام به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌ی وتاری یه‌که‌می به‌ئه‌رێنی ناوبرد و وه‌ک ده‌رخستنی گۆشه نادیاره‌کانی مێژوو ئاماژه‌ی پێ‌کرد...ئونس هه‌روه‌ها ئاماژه‌یکرده نه‌بوونی یه‌کیه‌تی بابه‌ت له زۆرینه‌ی وتاره ره‌خنه‌ییه‌کانی کوردی و ...
به‌شی دووهه‌که‌می دانێشتنه‌که دوای پێشکه‌شکردنی پارچه‌یه‌ک مۆسیقای کوردی هاته‌گه‌ڕ و وتارگه‌لی"گه‌شتێک له گوڵزاری داهێنانی ئه‌ده‌ب" - به‌رێز کاوه حه‌سه‌ن پوور (نه‌غه‌ده) و
"ئه‌ده‌ب که‌ڵه‌شاعیر یان...." – به‌ڕێز گوڵاڵه دروودیان(سنه) و
"ئه‌ده‌ب و هونه‌ری شێعر" – به‌رێز ئه‌مین گه‌ردیگلانی(بۆکان) خوێندرانه‌وه..
وتاری یه‌که‌م هه‌وڵی دابوو به شێوه‌یه‌کی ئه‌مرۆژیانه باسی ئاخاوتن بکا له شێعره‌کانی میسباح دا.. وتاری دووهه‌م ره‌خنه‌کاری به‌رهه‌مه‌کانی میسباحی ده‌کرد وه‌ک شاعیرێکی ناداهێنه‌ر و لای وابوو له هێچکام له بواره‌کانی مه‌عریفی و جوانیناسی و زمان داسه‌رکه‌وتوو نه‌بووه!! وتاری سێهه‌م، شه‌لمکوێرم ناپارێزم سه‌ره‌تا هه‌نێ له به‌ناو نوێخوازانی(!!) ده‌کوتی که زمانی کوردی نازانن و شێعر و ئه‌ده‌ب ده‌به‌ن به‌لارێدا و.. له به‌شی دووهه‌مدا باسی سه‌نعه‌ته‌ئه‌ده‌بیه‌کانی(به‌دیع) باسده‌کرد له شێعری ئه‌ده‌ب دا...
من (وه‌ک یه‌کێک له ئه‌ندامانی لێژنه‌ی زانسیتی) له‌مه‌ر ئه‌و وتارانه به‌م شێوه‌ی خواره‌وه هاتمه ره‌خنه‌کاری؛
له‌مه‌ر وتاری یه‌که‌م؛ به‌هاوردنه‌وه‌ی شێعره‌که‌ی حافز( گفتم غم تو دارم- گفتا غمت سر‌آید!
گفتم که ماه من شو- گفتا اگر در آید...) گوتم که راسته ئه‌ده‌ب گرینگی داوه به ئاخاوتن له شێعر دا به‌ڵام ئه‌و ئاخافتنه نه‌بۆته هۆی چه‌ند ده‌نگی ساز بوون له شێعردا و یه‌ک زێهنییه‌ت له هه‌ردوو لاوه هاتوونه‌ته ئاخاوتن...
له‌مه‌ر وتاری دووهه‌م که زۆرترین باسه‌کانی کۆنگره‌ی ئاراسته‌کرا، من ئه‌و دێڕه له‌وتاره‌که‌م هاورده‌وه‌که گوایه: "ئه‌ده‌ب له هیچکام له بواره‌کانی مه‌عریفی و جوانیناسی و زماندا نه‌یتوانیوه‌هیچ داهێنه‌رییه‌کی هه‌بێ و لاساییکه‌ر بووه..."
گوتم که وێڕای ئه‌وه‌ی جه‌ساره‌تی وتاره‌که جێی رێزه به‌ڵام به‌داخه‌وه کاتێک ئه‌و جه‌ساره‌ته گه‌یشتۆته لای ئێمه که ئیتر ئه‌و جۆره ره‌خنه‌یه باوی نه‌ماوه و کوتان و ره‌فزکردنه‌وه جیی خۆیداوه‌ته چه‌ند خوێندنه‌وه‌یی ده‌ق و... ئه‌وه‌ی که؛ وشه‌ی "هیچکام" و "هیچ"منی سه‌رسام کردوه و چۆن که‌سێک ده‌توانێ ئاوا به‌دڵنیاییه‌وه باس له سیسته‌مه‌کانی مه‌عریفی و جوانیناسی و زمانی ده‌ق یان ده‌قگه‌لێکی ئه‌ده‌بی(به‌تایبه‌ت شێعر)بکا؟ ئینجا دوای ئاماژه‌کردن به سێ بڕگه‌که‌ی ئپیستمۆلۆژیا‌ی فۆکۆ له‌باری نیشانه‌یی یه‌وه گوتم راسته له‌باری نیشانه‌وه لێکچوویی و وێکچواندن(قۆناخی یه‌که‌می بچڕانه‌کانی فۆکۆیی) له سیسته‌می نیشانه‌ی ده‌قه‌کانی ئه‌ده‌بدا ده‌بینرێ به‌لام له‌مه‌ڕ ئاشنایی سرینه‌وه له ئه‌شق و زه‌مینی نواندنی (ئه‌وبابه‌ته به‌تایبه‌ت له دیالۆگێکدا که له‌گه‌ڵ نالی سازیکردوه و کوڕیش ده‌خاته ته‌رازوو له‌گه‌ڵ کچ1 )که‌وتۆته‌به‌ر زۆرێ له‌شاعیرانی سه‌رده‌م و دوای خۆیه‌وه و ... له‌مه‌ر زمانی ده‌قی ئه‌ده‌بیش وێنه‌خه‌یاڵیه‌کانی(ایماژ)"ئه‌ده‌ب"م کرد به سێ به‌شه‌وه؛
ئه‌لف؛ ئه‌ووێنانه‌ی که له‌شێعری شاعیرانی پێش خۆیدا زۆردووپات بوونه‌ته‌وه و بوونه به وێنه‌ی سواو (شه‌وی گیسوو، خه‌ده‌نگی غه‌مزه،له‌علی له‌ب، نه‌رگسی شه‌هلا، نه‌رگسی جادوو، تاقی برۆ، ره‌می ئاهوو، سه‌روی قه‌د، مورغی دل، شه‌که‌رده‌هان، خوسره‌وی خووبان و...)
ب؛ ئه‌و وێنانه‌ی ئه‌گه‌ریش له شێعری شاعیرانی پیشخۆیدا هاتبێ له ناو پێکهاتی شێعری "ئه‌ده‌ب"دا به‌جوانی نیشتوونه‌ته‌وه و نوێ ئه‌نوێنێ؛(زوڵفی لام، گوڵقه‌نی لێو،شکۆفه‌یگوڵی ناز،نه‌وره‌سی گوڵبه‌ده‌می نار،ده‌می(مه‌سیحایی)توڕه، نیشی (سیه‌ماری)خه‌می موو، دانه‌ی فه‌ریب و...
ج؛ ئه‌و وێنانه‌ی نوێ ن و له‌زمانی شاعرانی سه‌رده‌می خۆی تێپه‌ڕاندوه؛ وه‌ک "توڕه‌یی مه‌فتوولی سه‌رازیر"،"ده‌ردی موسه‌ووه‌ر"،شاخه‌یی نوقره"،یه‌ک په‌رته‌و و دوو په‌یکه‌ر(کچ و کوڕ)، یه‌ک لازم و یه‌ک مه‌لزووم"(کوڕ وکچ) قه‌نده کوڕ(و هه‌موو ئه‌و وه‌سفانه‌ی پێشتر به‌س بۆ کچ ده‌هاتنه شێعری شاعیرانه‌وه) و....
له‌مه‌ر وتاری به‌رێز گه‌ردیگلانیش گوتم که: به بێ ئاماژه به تێکست یان لانی که‌م نووسه‌ره‌کانی.. هه‌رچه‌شنه تاریفدان یان کوتان و ره‌خنه‌کاری،، ده‌بێته هیچ له‌سه‌ر هیچ! ئینجا زمان سیسته‌مێکی به‌ستراو و نه‌گۆڕ نیه و زمانی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک نه‌یتوانیه خۆی له‌و ئاڵوگۆڕه بپارێزێ که له‌ره‌وتی مێژوودا و به پێی دۆخی تایبه‌ت دێته رێی .. ئینجا که‌ڵک وه‌رگرتن له‌زمانی دراوسێکانی کوردی و سازکردنی چه‌ندزمانی له‌شێعردا ئه‌رێنییه و زمانی کوردی (وه‌ک سیسته‌می نیشانه)ده‌وڵه‌مه‌ندتر کردوه...
له دانیشتنه‌کانی رۆژی جومعه‌دا وتارگه‌لی " مه‌عشووق له شێعری ئه‌ده‌بدا" -به‌رێز ئه‌حمه‌د چاک. "سه‌رچاوه‌ی ئه‌وین له شێعری میسباح دیوانی ئه‌ده‌ب"- به‌رێز مزه‌فه‌ر یووسفی و سایکۆلۆژیی ئه‌وین له‌شێعری ئه‌ده‌بدا"- به‌رێر ئاکۆ مورادی خوێندرانه‌وه و هه‌رکام به نۆره‌یخۆی سه‌رنجی لێژنه‌ی زانستی و دانیشتوانیان راکێشا..
به‌رێز یوونس ره‌زایی له‌مه‌ر وتاره‌کان گوتی که وتاره‌کانی ئه‌مڕۆ وه‌ک پاراستنی یه‌کیه‌تی بابه‌ت سه‌رکه‌وتوو بوون و له‌وه‌ڵامی ئه‌و که‌سانه‌یدا که له‌خۆڕاهه‌وڵیاندابوو ئه‌شق له‌شێعری ئه‌ده‌بدا به ئه‌شقی ئه‌فلاتوونی و عرفانی ناودێر بکه‌ن.. گوتی که راسته زۆرێ له شاعیران شێعری عیرفانییان داناوه و شێعری عیرفانی به‌شێکی گرینگی ئه‌ده‌بی فارسی و کوردییه به‌ڵام لکاندنی عیرفان به شێعری ئه‌ده‌به‌وه زوڵمێکه که له ئه‌ده‌ب و شێعری ئه‌ده‌ب ده‌کرێ...
له دوا به‌شی کۆنگره‌که‌دا خه‌ڵات و سپاسنامه‌ی کۆڕه‌که ئاراسته‌ی وتارنووسان و ئه‌ندامانی لێژنه‌ی زانستی کرا و ماڵئاوا و ؛ سپاس و پێ‌زانین بۆ ئه‌و به‌رێزانه‌ی خۆیان به‌و کونگره‌وه ماندووکرد و له هه‌وڵی بووژاندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی و ڵاته‌که‌یاندان.
---------
1- نالی ده‌فه‌رمێ:
"ئه‌شقت که مه‌جازی بێ خواهیش مه‌که ئیللا کچ
شیرین کچ و له‌یلا کچ و سه‌لما کچ و عه‌زرا کچ..."
به‌لام بۆچوونی میسباح به پێچه‌وانه‌ی نالییه و قه‌سیده‌ی "کوڕ یا کچ" هه‌ردووکیان ده‌خاته یه‌ک ته‌رازووه‌وه؛
"کوڕ یا کچی له‌ب نۆشین، هه‌ردوو به روخ و ره‌نگین
هه‌ردوو به مه‌زه‌ن شیرین، قه‌نده کوڕ و حه‌ڵوا کچ..."
<< صفحهٔ اصلی