فۆرم
هیچ ده‌قێک به‌بێ فۆرمی تایبه‌تی خۆی ده‌ق نیه
دیمانه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ساڵح سووزه‌نی
ئاماده‌کردنی؛ هه‌ڵۆ جه‌لال
مانی فۆرم له نێو ده‌قی کوردی‌دا چ مانایه‌کی هه‌یه، تا چه‌ند گرینگه فۆرم له نێو ده‌قدا هه‌بێ؟
- مانی فۆرم له هه‌ر ده‌قێکدا به‌مانای مانی هامان ده‌قه به‌هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌کانیه‌وه، بۆوه‌ی هیج ده‌قێک به‌بێ فۆرمی تایبه‌تی خۆی ده‌ق نیه. .گرینگی هه‌ر ده‌قێک به پێی فۆرم و دارشته‌که‌یه‌وه‌یه. ته‌نانه‌ت ده‌قگه‌ل زانستیش ئه‌بێ شێوازی ده‌ربڕینی خۆی هه‌بێ، بۆ وێنه هیچ ده‌قێکی زانستی به‌شێوه‌ی شێعر یان چێرۆک نانووسرێ یاسا و رێسای گه‌مه زمانیه‌کانیان به گشتی جیاوازه... نیشانه‌کانی ده‌قی زانستی هه‌وڵی روونکردنه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ته‌کان ئه‌ده‌ن و هه‌مان نیشانانه له ده‌قێکی ئه‌ده‌بیدا درۆگه‌لی قه‌به‌سازئه‌که‌ن...
بوونی فۆرمێکی جیاواز له نێو ده‌قه ره‌خنه‌ییه‌کاندا لای فه‌یله‌سووفه ره‌خنه‌ییه‌کان چ دیدگایه‌کی هه‌یه؟
- ره‌نگه سه‌رهه‌ڵدانی ژیانی مروڤ و مرۆڤایه‌تی سه‌رهه‌ڵدانی فورمێکی نوێبوو له ژیننه‌ژینی ئه‌وسای جیهانی ئاژه‌ڵاندا، بیچمێکی دیکه له داڕشتی له‌ش و نیشانه و ئه‌نجام زمان که بووه‌هۆی گۆڕینی بنه‌ڕه‌تی نه‌ک هه‌ر مرۆڤ به‌ڵکوو ژینگه - جیهان. هه‌ر بۆیه نه‌ک هه‌ر فه‌یله‌سووفان به‌ڵکوو مروڤئاژه‌ڵگه‌لی ئه‌و سایش به‌دیوارگه‌ل غاره‌کانیانه‌وه هه‌وڵی سازکردنی بیچمگه‌ل نوێیان ئه‌دا.. و زمانی مرۆڤ گرینگ‌ترین و شوێندانه‌رترین فۆرمگه‌ل ده‌نگیی، نیشانه‌یی، وێنه‌یی، ره‌مزیی و دواجار ئوستووره‌یی خولقاند.. شێواز یان فورمی دیالۆگ بۆگه‌یشتن به حه‌قیقه‌ته‌کان لای سوفستاییه‌کان و دواجار یه‌که‌م فه‌یله‌سووفی شه‌هید سوقرات فورمێکی دیکه‌ی گه‌مه‌بوو به‌زمان.. هه‌ر بۆیه موسول ی ئه‌فلاتوون فورمێکی دیکه بوو له رووی حه‌قیقه‌تی ره‌هاوه ... که وایه هه‌ڵه‌یه ئه‌گه‌ر گرینگی‌دان به فۆرم به‌س بگێڕینه‌وه بۆ سه‌دی بیسته‌م و بۆ سه‌ر فورمالیسته‌کان. که‌م فه‌یله‌سوف و زانستیارمان هه‌یه که ئاماژه‌ی به بیچم و گرینگی داڕشت و فورم نه‌کردبێ. هه‌ر له بووتیقا( جوانیناسی) ئه‌ره‌ستووه‌وه تا "ره‌خنه له داوه‌ری" کانت و "هونه‌ر وه‌ک فه‌ن"ی شکلۆفسکی و دوایین فه‌یله‌سووفانی پاشمۆدێرن .... له‌و گرینگه‌یان کۆڵیوه‌ته‌وه. من پێشتر له وتاری "چه‌ند یاداشتی بێمانای 3دا+ سه‌باره‌ت به فۆرم و ناوه‌رۆک ئاماژه‌م به ڕای هه‌نێ له‌و فه‌یله‌سووفانه و بووچوونه‌کانیان کردوه و لێره‌دا به‌س پێویسته رای که‌سانێکی وه‌ک ئێرنێست کاسیرێر که لای وابوو " هونه‌رمه‌ندیاساگه‌لی تایبه‌ت که‌شف ناکا، بیچم و فۆرم که‌شف ئه‌ک. ئه‌و بیچمگه‌له به‌شێکن له هونه‌ر.. هونه‌ر نه‌ک هه‌ر بیچمه‌کان ئه‌دۆزێته‌وه به‌ڵکوو فۆرمه‌کانیش ئه‌خۆلقێنێ( بڕواننه کتێبی "منطق و علوم فرهنگی")..
هه‌روه‌ها "سووزان لانگێر" ماناکان له هه‌ر به‌رهه‌مێکی هونه‌ریدابه بیچمێکی نمادین ئه‌زانێ که له گه‌ڵ فۆرمگه‌ل دیکه جیاواز بێ. ئه‌و لای وابوو هه‌سته‌کان له ئێمه‌دا ده‌ورووژێ، بێ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمان مانا بێ... بۆ وێنه له مۆسیقادا به‌س فۆرم ده‌بینین(ده‌بیستین) نه ناوه‌رۆک..." له نه‌قاشیدا به‌س ره‌نگ و هێڵ ده‌بینین.. له سینه‌ما و شانۆدا وێنه و جووڵه ده‌بینین و ...
کاتی خۆی "کلایۆبێل" پرسیارێکی بنه ره‌تی ئاراسته‌کرد؛
کامانه تایبه‌تمه‌ندیی له ناو هونه‌ره جیاوازه‌کاندا هاوبه‌شن؟
" کلایۆبێل" بۆخۆی وه‌ڵام ئه‌داته‌وه؛ ئه‌و شته‌ی ئه‌یاسووفیه، عه‌ترپاشی ئێرانی، به‌رهه‌مه‌کانی چیۆتۆما، شووشه‌کانی نوێژگه‌ی شارتێر و به‌رهه‌مه‌کانی سێزان و... پێکه‌وه گرێ ده‌دا، "بیچم"ه‌که‌یانه که ماناگه‌لێکی ژوه‌رزمانی ئه‌خولقێنن. له هه‌رکام له‌و به‌رهه‌مانه‌دا هێڵ و ره‌نگ له رێگه‌یه‌کی تایبه‌ته‌وه تێکه‌ڵ بوونه بۆ وه‌ی فۆرمی تایبه‌ت به رێژه‌یه‌کی تابه‌ت له‌ناو ئه‌و فۆرمگه‌له‌دا پێکبهێنن. (بڕواننه کتێبی هونه‌ر- کلایۆبێل)
که‌وایه ماناکان به‌پێی فۆرمه‌جیاوازه‌کان دێنه ئاراوه نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه. ئه‌مه‌یه گرینگی فۆرم له هه‌ر ده‌قێکی ئه‌ده‌بی یان به‌رهه‌مێکی هونه‌ریدا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی باسی ئه‌و گرینگییه‌ده‌کا به فورمالیست مه‌ناسن بۆ وه‌ی ، راسته فۆرمالیسته‌کان به تێئۆریزه‌کردنی فۆرمی سه‌ره‌کی و نامۆکردنه‌وه و هونه‌ر وه‌ک تکنیک و.. خزمه‌تێکی گه‌وره‌یان به هونه‌ر و ره‌خنه‌ی هونه‌ریی کرد... به‌ڵام ئه‌وه پێکهاته‌خوازی و دیارده‌ناسی و زمان‌ناسی و نیشانه‌ناسی و هێرمنۆتیکیا و به‌گشتی خوێندنه‌وه نوێکانی سه‌رده‌م بوو که هه‌رکام به‌پێی توانا و وزه‌کانی ده‌ق، گه‌شه‌یان دایه ره‌خنه‌ی هونه‌ریی و ئه‌نجام چه‌ند خوێندنه‌وه‌یی ده‌ق و به‌رهه‌می هونه‌رییان هێنایه ئارا...
فورم به هه‌موو ره‌هه‌نده‌کانیه‌وه له نێو ده‌قی کوردی‌دا تا چه‌ند کاریگه‌ریی هه‌یه؟
- وه‌ک له سه‌ره‌وه ئاماژه‌کرا فورم به هه‌موو ره‌هه‌نده‌کانیه‌وه، جوانی و جیاوازی و چه‌ندده‌نگی بوونی ده‌ق زێده‌ترده‌کا و وزه‌ی ده‌روونی ده‌ق ده‌باته سه‌ره‌وه و ئه‌و ده‌رفه‌ته ئه‌داته ره‌خنه‌گر یان خوێنه‌ری چالاک، ره‌هه‌نده‌کانی ده‌ق له گۆشه‌نیگای جیاوازه‌وه بپشکنێ و نه‌نووسراوه‌کانی به‌رجه‌سته بکاته‌وه. به‌رهه‌می هونه‌ریی به پێی جیاوازیه‌کانیان له یه‌کدی ده‌ناسرێنه‌وه و ئه‌وه فورمه که ئه‌و جیاوازیانه به‌رهه‌م دێنێ و جیاوازیی ماناییش سازده‌کا.
سوسێر ده‌ڵێ: «له نيزامێكی زمانيدا زنجيره‌یه‌ک له جياوازيگه‌لی ده‌نگیی هه‌يه كه تێكه‌ڵ به زنجيره‌يه‌ک له‌جياوازيگه‌لی فيكری ده‌بن... كه‌وايه زمان ته‌نيا له جياوازييه‌كان پێكهاتووه‌و به‌س (ئاخ...داخ.. ساخ..باخ) هه‌ركام له‌و وشانه به پێی جياوازی له‌گه‌ڵ وشه‌كانی تردا ده‌ناسرێته‌وه و مانا ده‌دات و زنجيرێكی مه‌دلوولی بۆ خۆی سازده‌كات."
ئه‌گه‌ر هه‌موو گه‌مه‌کانی زمان بۆ گه‌یشتن به‌و زنجیره زمانی- فیکرییه، به پێی توانای هه‌ڵبژاردنی هونه‌رمه‌ندانه‌ی جێنشینی و هاونشینی نیشانه‌کان، به فورم پێناسه بکه‌ین ئه‌وسا گرینگی و کاریگه‌ریی فورم له ده‌قی کوردی، یان ده‌ق له هه‌ر زمانیکی دیکه‌دا، باشتر به‌رچاو ئه‌که‌وێ. ساڵح سووزه‌نی – 25/10/2009 سه‌قز
+ ئه‌و وتاره له کتێبی "له ژێر تیشکی ره‌خنه"دا هاتووه
0 نظر:
ارسال یک نظر
اشتراک در نظرات پیام [Atom]
<< صفحهٔ اصلی