دیمانه
وتوێژێک له‌گه‌ڵ ساڵح سووزه‌نی
ئاماده‌کردنی؛ هه‌رێم عوسمان
1- ئایا تا چه‌ند توانیوتانه له بواری نووسینی شێعردا تازه‌گه‌ری بکه‌ن، به‌جۆرێ خۆتان له دووباره بوونه‌وه‌ی شێوازی نه‌وه‌ی پێشوو بپارێزن؟ ئایا ئه‌و ده‌نگه نوێیانه‌ی ئێستا له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان شێعر ده‌نووسن، چه‌ند توانیویانه خوێنه‌ر له به‌رهه‌مه‌کانیان نزیک بکه‌نه‌وه؟
- سه‌ره‌تا له به‌ستێنی سازکردنی وێنه‌ی نوێ و کورتبێژیدا هه‌وڵم دا‌و(دیوانگه‌لی سه‌مفۆنیا و دیاری) ئینجا هه‌وڵم دا شێعر و فه‌لسه‌فه لێک نیزیک بکه‌مه‌وه(دیوانی درۆکانی موقه‌دده‌س) دواجار له‌به‌ستێنی لادان له نۆرمی زمان (سینتاکس شکێنی) ، چه‌ندده‌نگیکردنی شێعر و گرینگی‌دان به نه‌ستی جه‌ماوه‌ری له رێگه‌ی هاتنه‌ئارای له‌ناکاوی به‌یت و گۆرانی و سێڵاوی هۆش و... دا نوێخواز بووم(بڕواننه دیوانی شێعره‌سات). له "به ژماره‌ی ته‌له‌فۆنه‌کانی عاله‌م"دا زمانی سه‌رده‌مانه و چه‌ند زمانی م هه‌ڵبژارد و زۆر بواری دیکه.. به‌کورتی لای هاورێیان و ناهاوڕێیان شێعری ساڵح سووزه‌نی شێعرێکی جیاواز و نوێترخواز بووه... و ئه‌گه‌ر (وه‌ک له‌زۆر وتار و وتوێژدا ئاماژه‌م کردوه) خوێنه‌رانی ئه‌ده‌ب به ئاسایی و مامناوه‌ند و چالاک دابه‌ش که‌ین شێعری نوێترخواز سه‌رنجی خوێنه‌رانی چالاکی به باشی راکێشاوه و له گه‌ڵ خوێنه‌رانی مامناوه‌ندله دیالۆگ و ره‌خنه‌کاریی و شه‌ڕه‌قه‌ڵه‌م دایه.. هیوادارم خوێنه‌رانی شێعر به چاوی ره‌خنه‌ییه‌وه له‌م دیوانانه بڕوانن و خۆیان سه‌رپشک بن؛
1- سه‌مفۆنیا 2- دیاری 3- هه‌زاردیوانی که‌ڵه‌گه‌ت له پرسه‌دا 4- درۆ موقه‌دده‌سه‌کان 5- شێعره‌سات 6- به ژماره‌ی ته‌له‌فۆنه‌کانی عاله‌م 7- حه‌بێکی هه‌نگوینی دائه‌نێی مه‌ترسه3
2- هه‌ندێک شاعیرمان هه‌یه که زمانێکی ئالۆز به‌کار ده‌هێنێت، به بۆچوونی ئێوه نووسینی شێعر به زمانی ئاڵۆز خوێنه‌ر ناتۆرێنێت؟ یان نووسینی شێعر به زمانی ساده توانای ده‌ربڕینی گوزارشت و وێنه‌ی شێعریی نیه وا هه‌ندێک نووسه‌ر په‌نا بۆ زمانی ئاڵۆز ده‌به‌ن.. یان ئه‌مه بۆ خۆ لێڵ کردن و خۆ ته‌ماویکردنه؟
- من به تێر و ته‌سه‌لی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌م له وتاری "چه‌ندیاداشتی بێ‌مانا(3)"1 داوه‌ته‌وه و له‌به‌ر حورمه‌تی پرسیاره‌که‌ی جه‌نابت ناچارم به‌کۆرتی بڵێم که ئه‌گه‌ر زمان به‌شێوازی نوێ پێناسه بکه‌ین و به هه‌نێ نیشانه و دال و مه‌دلوولی بزانین که له رێگه‌ی "لانگ و پارۆل"ه‌وه دێنه ئارا و ئه‌بنه نیشانه و.... ئیتر ناتوانین باسی زمانی ئاڵۆز بکه‌ین.. له‌م خوێندنه‌وه‌دا ته‌نانه‌ت وڕینه‌ش ئه‌توانێ ئاماژه به ماناگه‌ل ده‌روونی و ره‌وانی مرۆف بکا.. گرینگ ئه‌وه‌یه خوێنه‌ر کێ بێ و چۆن و چه‌ند توانای خوێندنه‌وه و شرۆڤه‌ی زمانی هه‌بێ.. ئاشکرایه "دال" ی pome بۆ که‌سێک که زمانی ئینگلیسی نه‌زانێ ئاڵۆز و بێمانیه ... سه‌دان وشه‌ی کوردیش به‌هۆی تایبه‌تمه‌ندی هاونشینی و جێنشینی له شێعردا ئه‌کرێ و ئه‌توانن ماناکان وه‌دوا بخه‌ن یان ئاڵۆزی بنوێنن... زمانی ساده‌ش ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن شاعیر و نووسه‌ری چالاکه‌وه بنووسرێ ئه‌توانێ لای هه‌نێ خوێنه‌ری ئاسایی ئاڵۆز و ته‌نانه‌ت بێ‌مانا بێت و هه‌مان تایبه‌تمه‌ندی چه‌ند ره‌هه‌ندی وه‌خۆ بگرێ.. به گشتی له ره‌خنه‌ی نوێ‌دا سنووری نیوان ساده‌یی و ئاڵۆزیی تاڵێکه به‌قه‌ده‌ر پردی سیرات ناسک و باریک.. و ئه‌فسانه‌یی
3- ده‌کرێت بزانین دیدی ئیوه سه‌باره‌ت به شێعر چی یه؟ ده‌کرێت بزانین پێوه‌ندی شێعرت له‌گه‌ڵ(فانتازیا- ریالیزم) له کامیان نزیکتره؟ له نووسینی شێعردا تا چه‌ند بڕواتان به پێدانی ئه‌رکه به شێعر؟ ئایا پێدانی ئه‌رک به شێعر،که ئه‌فلاتوون داوای ده‌کرد،زمان به تێکست ناگه‌یه‌نێ و سه‌ربه‌ستی تێکست ناخاته مه‌ترسییه‌وه؟ ئێوه له نووسینی شێعردا چه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه یه‌کده‌گرنه‌وه؟
- شێعر زمانێکی نوێ و نوێتره که له‌ناو زماندا سازده‌بێت ... تکایه وتاری "دالی شێعر مه‌دلوولی خۆیه‌تی و به‌س"2 بخوێننه‌وه .. دڵنیام وه‌ڵامی هه‌ر سێ پرسیاره‌که‌ی تێدا ده‌بینیته‌وه... من له نووسینی شێعردا بیر له هیچ ناکه‌مه‌وه جگه دڵدارییکردن له‌گه‌ڵ هه‌مان شێعر و گه‌مه‌کردن له‌گه‌ڵی به زمان و زمان و زمان.. ئه‌فلاتوونی بێچاره‌ش باش له‌و گه‌مه گه‌یشتبوو .. بۆیه له توانا و ده‌سه‌ڵاتی وانموود(simulacrum) سازیی شێعر ده‌ترسا و ئه‌یویست به‌واقیع بیخنکێنی و کاتێ ده‌ره‌قه‌ت نه‌هات شێعر و شاعیری به شه‌ق له ئۆتۆپیاکه‌ی فڕێدایه ده‌ره‌وه....
4- ئایا تاچه‌ند به‌رهه‌مه‌کانتان خوێندنه‌وه‌ی بۆ کراوه و خراوه‌ته ژێر تیشکی ره‌خنه؟ ئایا ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی تا چه‌ند توانیویه‌تی ده‌نگی خۆی هه‌بێت؟ ئایا ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی هه‌نووکه له گه‌شه‌کردندایه یان هه‌ر سست و ناچالاکه؟
- ئه‌لف؛ براله ئه‌مه زرینگییه!! سێ چوار پرسیار پێکه‌وه ئه‌ترسم به هه‌مان مه‌به‌ستی ئه‌فلاتوون هاتبێ بۆ گیان شاعیری بێچاره(گه‌مه) وه‌ک له سه‌ره‌وه به‌کورتی ئاماژه‌مدا.. به خۆشیه‌وه دۆست و دۆژمن ده‌قی ساڵح سووزه‌نی یان هه‌ڵسه‌نگاندوه و به لارێ و جیاوازیان له‌قه‌ڵه‌مداوه؛ ره‌خنه‌گرانی گۆڤاری "مه‌هاباد" لایان وابوو من به ئاجووری بیانی خه‌ریکم ماڵی ئه‌ده‌بی کوردی ساز ئه‌که‌م.... و خه‌ریکی کووده‌تام له شێعری کوردی(وتارگه‌لی وه‌ک بناپارتیسم له‌شێعری کوردی‌دا) به‌رێزان "میرئه‌حمه‌دی و ناسری و موه‌ففه‌قی و...له ره‌خنه و خوێندنه‌وه‌گه‌ل جیاوازدا.. ده‌قی شێعری سووزه‌نی به شێعری "جیاواز" ئه‌خوێننه‌وه .. به‌رێزان عه‌زیزی و... به شاعیری سیاسی ناویان بردووم... به‌رێزان ره‌زایی و مه‌حموود زاده و ئه‌رجوونی و... به پێشڕه‌و و ئاوانگارد... و به‌ڕێز محه‌مه‌دی باسی هیترزمانی(هێترۆگلۆسیا) ئه‌کا له شێعری سووزه‌نی دا و .... به گشتی، به‌ڵێ به‌رهه‌مه‌کانم خوێندنه‌وه‌ی بۆ کراوه و کۆڕگه‌لی تایبه‌تی بۆ گیراوه و ... روانگه‌ی جیاوازی زۆریشی له‌سه‌ر بووه...
ب؛ ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌ی نوێ به خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند لایه‌نه‌ی ده‌قی ئه‌بی پێناسه بکه‌ین، به‌داخه‌وه پێشینه‌یه‌کی ئه‌وتۆی نیه.. به‌ڵام به خۆشیه‌وه له‌م ده‌ساڵه‌ی دوایی دا چه‌ندره‌خنه‌گرێکی گه‌نج و خوێنده‌وار خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی نوێکانی سه‌رده‌من له سه‌ر ده‌قی کوردی که ئه‌وه جێی پێزانینه.. له‌وانه پێکهاته‌ی به‌یتی کوردی(نووسینی به‌رێز رره‌هبه‌رمه‌حموودزاده)، تیشکی بلوورینی ده‌ق(نووسینی عه‌بدولخالق یه‌عقووبی) نالی و خوێندنه‌وه نوێکانی سه‌رده‌م و چه‌ند خوێندنه‌وه‌کانی ئه‌م قه‌ڵه‌مه له ده‌قی کوردی و خوێندنه‌وه‌وه‌ی فورمالیستیانه و پێکهاته‌خوازانه‌ی دۆستانی دیکه سه‌ره‌تای ره‌وتێکی ئه‌رێنی له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا سازئه‌که‌ن که هیوادارم به‌رده‌وام بێ و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی بێنێته قۆناخێکی نوێتره‌وه
5- ئایا ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی توانیویه‌تی سوود له میتۆده نوێیه‌کان وه‌ربگرێ بۆ خوێندنه‌وه‌ی تێکسته‌کان؟ ئایا تا چه‌ند ده‌توانین به‌م میتۆده نوێیانه تێکستی دێرین بخوێنینه‌وه و راڤه‌ی بکه‌ین؟ به نموونه(بونیادگه‌ری)؟
- وه‌ک له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م کرد له‌م ساڵانه‌ی دواییدا هه‌وڵدراوه ده‌قه‌کان به‌مێتۆدگه‌لیی نوێێ ره‌خنه‌یی (زمان و نیشانه‌ناسی، فنۆمنۆلۆژی(دیارده‌ناسی)، پێکهاته‌خوازیی، فمنیستی، هێرمنۆتیکی(راڤه‌کارانه)و ده‌روونناسانه و .... بخوێنرێنه و ئه‌و میتۆدانه وه‌ک تێئۆری ئه‌ده‌بی و ره‌خنه‌یی به‌ره‌به‌ره له ناسین و هاتنه‌ئارادایه.. من له نالی و خوێندنه‌وه‌نوێکانی سه‌رده‌مدا هه‌وڵمدا تێکستی کراوه‌ی ئه‌ده‌بی کلاسیکی له‌و روانگانه‌وه بخوێنمه‌وه و دڵنیام ئه‌و چه‌شنه خوێندنه‌وانه هه‌م تێکستی کوردی به‌رۆژ(ئاپده‌یت)ئه‌که‌نه‌وه و هه‌م ره‌خنه‌ی ئه‌دبی کوردیش ده‌وڵه‌مه‌ند ئه‌کا..
6- چۆن له میتۆدی بونیادگه‌ری ده‌رواننن؟ میتۆدی ناوبراو تا چه‌ند ده‌توانێت خزمه‌تی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی بکات؟ ئایا ئه‌ممێتۆده بۆ خوێندنه‌وه‌ی هه‌موو تێکستێکی ئه‌ده‌بی ده‌ستده‌دات؟ ئایا تا چه‌ند مێتۆدی بونیادگه‌ری، که میتۆدێکی نوێیه، به تایبه‌ت بۆ ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی ده‌توانێت خزمه‌تی تێکست و نووسه‌ر بکات به‌و پێیه‌ی که ئه‌م مێتۆده ناوه‌وه‌ی ده‌ق ده‌پشکنێ؟
- ئه‌زانم مه‌به‌ستت له بونیادگه‌ری "ستراکچڕالیسم"(پێکهاته‌خوازیی)ه که به‌هه‌ڵه له‌ودیو به بونیادگه‌ری وه‌رگێڕدراوه. نه‌ک هه‌ر پێکهاته خوازیی، هه‌موو مێتۆده نوێکانیی ره‌خنه‌یی سه‌رده‌م، به‌بێ جیاوازیی و به‌پێی توانا و وزه‌ی ناوه‌کی ده‌ق ئه‌توانن خزمه‌تی ئه‌ده‌بی کوردی بکه‌ن و ره‌خنه‌ی ئه‌ه‌ده‌بیش به‌رنه چه‌ندین قۆناخ سه‌رتره‌وه.. گریینگ ئه‌وه‌یه باوه‌ڕمان به چه‌ه‌ند خوێندنه‌وه‌یی(له‌بری هه‌ڵکێش و داکێشکردنی که‌سایه‌تی نووسه‌ر) هه‌بێ و هێچ کام له‌خوێندنه‌وه نوێکانی سه‌رده‌م به دواقۆناخی ره‌خنه له‌قه‌ڵه‌م نه‌ده‌ین،، زمانی مرۆڤ له‌گه‌شه‌دایه و ئه‌ده‌ب و ره‌خنه‌ش هه‌روه‌تر،،،
7- ئایا میتۆدی بونیادگه‌ری به‌و پییه‌ی ئاستی خوێنه‌ری به‌رزکردۆته‌وه، خوێنه‌ری کورد چه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌م پله‌پێدانه‌دا توانیویه‌تی هه‌ماهه‌نگی بکات؟ به‌واتایه‌کیتر چه‌ند خوێنه‌ری چالاک دروست بووه یان ئه‌مه یارمه‌تی ده‌ر بووه بۆ دروستبوونی ره‌خنه‌گری(خوێنه‌ر)چالاک؟
- وه‌ک ئه‌رزم کرد پێکهاته‌خوازیش یه‌کێکه له میتۆده‌ره‌خنه‌ییه‌کانی سه‌رده‌م که خزمه‌تی زۆری به گه‌شه‌ی خوێندنه‌وی ئه‌ده‌بی کردوه به‌ڵام، هێرمنۆتیک(ره‌خنه‌ی راڤه‌کارانه) و خوێندنه‌وه‌کانی نیشانه‌ناسانه و دیارده‌ناسانه و ئوستووره‌ناسانه و ده‌یان خوێندنه‌وه‌ی ره‌خنه‌یی سه‌رده‌میش به هه‌مان ئه‌ندازه‌ی پێکهاته‌گه‌ریی گرینگن و نابێ لێیان بخافڵێین... خوێنه‌ری چالاک ئه‌و خوێنه‌ره‌یه که له‌هه‌موو گۆشه‌نیگاکان و به زۆربه‌ی میتۆده ره‌خنه‌ییه‌کان (به‌پێی وزه‌ی ناوه‌کی ده‌ق) ده‌ق شرۆڤه‌بکا و لایه‌نه نادیاره‌کانی به‌رجه‌سته بکاته‌وه. دیاره له‌و حاڵه‌ته‌دا هه‌م ده‌ق ده‌وڵه‌مه‌ندتر ئه‌بێ و هه‌م ره‌خنه و تیئۆری ره‌خنه‌یی و هه‌م ره‌خنه‌ی تێئۆری و هه‌م خوێنه‌ریش چالاک و چالاک‌تر..
8- نووسینی شێعر چی به ئێوه ده‌به‌خشێت؟ ئایا شێعر نووسین چێژ ده‌دات به شاعیر یان به پێچه‌وانه‌وه؟ بۆ ئه‌وه‌ی له نووسینی شێعر به‌رده‌وام بن پێویستتان به چیه/ به واتایه‌کی دی هێندێک بۆچوون هه‌یه نووسینی شێعر به ئێلهام ئه‌زانێ ،وه‌ک پلاتۆن، بۆ چوونیش هه‌یه ئه‌وه ره‌د ده‌کاته‌وه. سه‌رنجی ئێوه له‌سه‌ر نووسینی شێعر چیه؟
- شێعر گه‌وره‌ترین ده‌سه‌ڵاتی وانوێن(وانموود) سازییه له زماندا و شاعیریش به پێی خوێنده‌واریی و زانیاریی و ئه‌زموون له ژینگه- جیهاندا له‌گه‌ڵ هه‌ڵفڕاندی وشه و رسته و کێشی ده‌ره‌کی و ده‌روونی و ناوه‌ڕۆکی زمانی شێعره‌که‌یدا هه‌ست به هه‌ڵفڕین ئه‌کا... بارت گوته‌نی؛ وه‌ک خوێنه‌ر، به ئه‌وپه‌ڕچێژیش ده‌گا.. له‌وگه‌مه‌یه‌دا زۆرجار ده‌سه‌ڵاتی شێعر و زمان، شاعیر خۆیشی راپێچ ئه‌که‌ن و ئه‌یخه‌نه‌ژێررکێفی خۆیان.. و سه‌رسامی ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌و گه‌مه‌یه یان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته به ئیلهام بزانین(به بۆچوونی نوێ) ئه‌وه دیاره ئیلهام هه‌موو وه‌رگرتنه‌که‌یه له "لانگ"و "پارۆل"ی زمانی شاعیر.. به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له ئیلهام ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌ره‌کییه‌بێ که شاعیر له ژیر تیشکی مۆم و دووکه‌ڵ و ته‌نیاییدا له‌لایه‌ن هێزێکی ژوه‌رسروشتییه‌وه پێیده‌گا(پێناسه‌ی کۆن) دیاره من نه‌ک باوه‌ڕم پێی نیه به‌ڵکوو ببێته بڵیندگۆ بۆیشم گوێی لێده‌خنم. خوێندنه‌وه‌ی وتاری "هونه‌ر(شێعر) وه‌ک تکنیک" نووسینی شکلۆفسکی لام وایه سه‌رچاوه‌یه‌کی باش بێ بۆ خوێندنه‌وه‌ی زیده‌تر سه‌باره‌ت به‌م پرسیاره... کاتی خۆی شاملۆ (که‌ڵه‌شاعیری فارس) ئه‌یگوت چۆن، به بێ فێربوونی مۆسیقا نه‌ک ناتوانین ئامێرێکی مۆسیقا بژه‌نین، به‌ڵکوو ناتوانین به شێوه‌یه‌کی ئه‌سێح له مۆسیقا تێبگه‌ین و ته‌نانه‌ت گوێی لێبگرین.. شێعریش پێویستی به خوێندنه‌وه و فێربوون و ئه‌زموونی تایبه‌ت هه‌یه . ئه‌وه‌ی له‌خۆ‌وه لای وایه شێعر ئه‌ڵی، دڵنیام خۆوێژه نه‌ک شاعیر!
9- ده‌توانی له‌رێی نوسینی شێعره‌وه چی بڵێن؟ ئایا توانیوتانه له رێگه‌ی شێعره‌وه ئه‌و په‌یامه بگه‌یه‌نن که خۆتان کارتان بۆ کردوه؟ هۆکاری لاوازی پێوه‌ندی ئه‌ده‌بیی له کوردستان(زیاتر مه‌به‌ستم کوردستانی ئیران و باشووری کوردستانه) بۆ چی ده‌گه‌رێنه‌وه؟
پرۆژه‌ی داهاتووتان چیه له بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می شێعر و لێکۆلینه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی؟
- ده‌توانین له رێگه‌ی نووسینی شێعره‌وه(یان به پێچه‌وانه‌وه زمانیی شێعریی ئه‌توانێ له‌رێگه‌ی قه‌ڵه‌می ئێمه‌وه) ئه‌و گه‌مه‌یه‌ی که تائێستا به زمان نه‌کراوه بیکا، ئه‌و مۆسیقای که تائیستا به‌زمان نه‌دراوه تێی هاوێ، نه‌ستی تاک و کۆی جه‌ماوه‌ر بنوێنێ و ئێمه‌ش وێنه‌ی شێعری له وه‌سف و وێکچواندنی ساکار به‌ره‌و خوازه و ئوستووره‌سازیی و بزاڤی وێنه و چه‌ندده‌نگی به‌رین و ده‌روونیاتی سه‌رکوتکراوی تێدا بێنینه زماناندن و هه‌ڵیانفڕێنین،،،
لای ئێمه پڕۆژه‌ی داهاتوو لای که‌س ئاشکرا نیه بۆ وه‌ی من پرۆژه‌کانی بیست و سی ساڵ له‌مه‌وبه‌رم هێشتا بۆ چاپ نه‌بووه یان مه‌ودای چاپیان نه‌بووه،،، دوایین دیوانه له‌چاپنه‌دراوێک که به‌سه‌ر ده‌ستمه‌وه ماسیوه ناوی"منتۆترین درۆ، تۆمنترین ده‌مامک" ه
که هیوادارم ته‌مه‌ن مه‌ودام بدا و رۆژێ به چاپکراوی بیانبینم! به‌و ئاواته‌وه
ساڵح سووزه‌نی
سه‌قز- گه‌لاوێژی 2009-08-30
----------
1- ئه‌و وتاره له کتێبی "له‌ژێر تیشکی ره‌خنه‌دا" هاتووه.. له ئینتێرنێتیش له زۆر شوێن بڵاو بۆته‌وه
2- ئه‌و وتاره له‌مدیو له گۆڤاری زرێبار ژماره 11دابڵاو کرایه‌وه. له‌و دیو(باشوور) له‌گۆڤاری هه‌نار بڵاو بۆته‌وه و له سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌وه‌شدا هاتووه
0 نظر:
ارسال یک نظر
اشتراک در نظرات پیام [Atom]
<< صفحهٔ اصلی