دیمانه‌یه‌کی کورت
له‌گه‌ڵ ریز و سڵاو و خۆشه‌ویستی بۆ هه‌موو به‌رێزانی به‌رپرس، نووسه‌ر، هونه‌رمه‌ند و خوێنه‌رانی گۆڤاری "هه‌نار"
ئه‌مه وه‌ڵامه‌کانی منه به‌و پرسیارانه‌ی به‌ده‌ستم گه‌یشتوون
1- ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له پرسیاره‌که چۆن دیتنی فیزیکییه؟نه‌ک هه‌ڵسه‌نگاندنی گشتی، ده‌بێ بڵێم به‌داخه‌وه من زۆرێ له ژماره‌کانی "هه‌نار"م نه‌دیتوه. ئه‌و ژمارانه‌ی که دیتوومه له رێگه‌ی دابه‌زاندنیه‌وه بووه به فورمه‌تی pdf له سایتی ده‌نگه‌گان ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی که به‌ڕێز "حه‌مه‌ی کاکه ره‌ش" به‌ئیمه‌یل پێی راگه‌یاندم که "هه‌نار" گۆڤارێکی ئه‌ده‌بی هونه‌ری رووناکبیری چالاکه و ده‌توانم به‌رهه‌می بۆ به‌ڕێ بکه‌م. له سێهه‌مین فستیواڵی رۆشنبیری سلێمانیشدا به‌رێز محه‌مه‌د کوردۆ، سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری هه‌نار، یه‌ک دو ژماره‌ی خه‌ڵات کردم. به‌داخه‌وه له‌به‌ر خێرایی(سورعه‌ت) که‌میی ئینتێرنێت له‌م ولاته‌ی ئێمه‌دا نه‌متوانیوه هه‌موو ژماره‌کانی وه‌ربگرم،
2- ئه‌وه‌نده‌ی دیتوومه، به‌ڵێ؛ لام و‌ایه "هه‌نار گۆڤارێکی جیددییه و هه‌رله ناوه شاعیرانه و ره‌مزییه‌که‌یه‌وه (ئاماژه به سیسته‌مێکی هونه‌رییانه‌ی خۆش ره‌نگی پێکهاته‌مه‌ند) تا رووبه‌رگی نوێ و بابه‌تگه‌لی تازه و..... شایانی ئه‌وه‌هه‌یه به‌هه‌رله‌ونی پێویست به‌ده‌ست شاعیران، نووسه‌ران، ره‌خنه‌گران و رووناکبیرانی کورد بگا و به‌رهه‌می نوخبه‌ی تێدا بڵاوبکرێته‌وه و ببێته ئومێد بۆ خۆیان و خوێنه‌رانی چالاکی بواری رۆژنامه‌گه‌ری و رووناکبیریی کوردی.
3- من به‌رده‌وام دژایه‌تی ئه‌و پرسیاره گشتییانه‌م کردوه که ئه‌یهه‌وێ ژانره جیاوازه‌کانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر له خوێندنه‌وه‌یه‌کی کورت و گشتیدا بکاته چێشتی مجێو‌ر و بیانباته ئاسمان یان شه‌لم کوێرم ناپاریزم هه‌موویان به‌یه‌ک چاویلکه‌وه ره‌فزبکاته‌وه و به وه‌ڵامی هاسانی" ئیمه رووناکبیرییمان نیه" تیری خه‌لاس به هه‌موو هه‌وڵه‌کانه‌وه بنێ؛
ده‌یان وتار و دیمانه و ده‌ق له هه‌ناردا بلاو بۆته‌وه و به‌راستی بڕیاری ئه‌رێنی و نه‌رێنی دان بۆ هه‌موو ئه‌و ناساندن و ده‌ق و به‌رهه‌م و وه‌ڕگێڕانانه.. نه‌ک هه‌ر سه‌خته به‌ڵکوو ئه‌سیح نیه... من بانگ بۆ چه‌ند خوێندنه‌وه‌ی یه‌ک ده‌ق ده‌ده‌م و ئێوه داوام لێده‌که‌ن ده‌یان ده‌ق پێکه‌وه لێنێم...
له‌به‌ر حورمه‌تی پرسیاره‌که‌ی جه‌نابت ده‌بی بڵێم ناساندنی روناکبیران و بیرمه‌ندان و ره‌خنه‌گرانی جیهانی، به‌شی پێوه‌ند به تیئۆری ئه‌ده‌بی و هه‌نێ له‌دیداره‌کان(دیمانه) ده‌بنه خاڵگه‌ل پۆزیتیڤی "هه‌نار " و به‌شێ له ورگێڕان و ده‌ق و دیمانه‌کانیش ده‌بنه خاڵی نه‌رێنی!!
دیمانه‌ی دۆستێکم خوێنده‌وه که له رۆژهه‌لات له بواری نوێگه‌ری و داهێنان و شێعری جیاوازدا، قوتابی قوتابیه‌کانی نووسه‌ران و شاعیرانی داهێنه‌ر و جیاوازیش نیه و له‌وێدا خۆی به رچه‌شکێن ناساندوه.. شاعیرێکی به‌ناوبانگ دیعایه‌ی سه‌یری ئه‌وه‌ی کردوه که‌گوایه خاوه‌نی مڵک و ماڵی بابه‌تی من و خۆمه له جوغرافیای ئه‌ده‌بی کوردی‌دا و به‌ئاشکرا دیانی به‌وه دا ناوه که جگه به‌رهه‌می خۆی شێعری شاعیرانی دیکه‌ی نه‌خوێندۆته‌وه؛
" بێ ئه‌وه‌ی من خه‌به‌رم بێته‌وه.. له‌خه‌و هه‌ڵسام
به ئه‌سپایی لێفه‌که‌م له خۆم کرده‌وه و دام به‌سه‌ریا...
به‌دزییه‌وه قه‌ڵه‌مه‌که‌م هه‌ڵگرت و
له‌سه‌ر ده‌فته‌رێکی کۆنه
مۆمی یادی شه‌هێنێکم داگیرساند و
ئه‌مجاره‌یان ده‌ستم ژه‌نی له‌پێته‌وه..
هه‌ڵمساندی و شێعره‌که‌تم دایه ده‌ستت
که خوێندمه‌وه
دیسان له‌ئامێزم گرتی و؛
هه‌ر پێکه‌وه نووستینه‌وه." دیاری - 1980
من ناوی شاعیری ئه‌و شێعره به دوو هۆکاره‌وه ناهینم؛ یه‌که‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شه‌ڕی داهێنه‌ریی شه‌ڕی که‌سایه‌تییه‌کان نیه و دیالۆگی ده‌ق و نیوانده‌قێتییه.. دووهه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌رێزه بچێت و بۆخۆی کتێبی دیاری له ئینتێرنێت وه‌رگریت و دڵنیام شاعیره‌که‌شی باش ده‌ناسێ.. ئینجا ئه‌و شێعره و ده‌یان شێعری دیکه‌ی کوردی راسته‌و خۆ و ناراسته‌وخۆ باسی من و خۆمیان کردوه و و له بنه‌ڕه‌تدا شێعری ره‌سه‌ن دیالۆگی نێوان (یۆنگ گوته‌نی:) "ئانیما و ئانیمووس" ی من و خۆمه و (من و خۆم و به‌رزهمنه‌که‌ی فرۆیدیشتان له‌بیر نه‌چی)
ئه‌و چه‌شنه خۆهه‌ڵمساندنانه‌ش به‌ناوی ره‌خنه‌وه به‌شێکی هه‌ره‌لاوازی نه‌ک گۆڤاری هه‌نار، به‌ڵکوو زۆرینه‌ی گۆڤاره جیددی و ناجیددییه‌کانی بواری رۆژنامه گه‌ریی کوردییه.
4- ئه‌گه‌ر گۆڤاری هه‌نار گرینگی زێده‌تر بداته؛
ئه‌لف- خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق ،وه‌ک سه‌ره‌کیترین هۆکاری پێشکه‌وتنی ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری، نه‌ک هه‌ڵمسان و ناهه‌ڵمسانی که‌سایه‌تی نووسه‌ر..
ب- هه‌ڵکڕاندنی تیۆری ئه‌ده‌بی له ده‌ق، نه‌ک هه‌ر بڵاوکردنه‌وه‌ی تێۆری ئه‌ده‌بی- ره‌خنه‌یی و ناساندنی که‌ڵه‌نووسه‌رانی ئه‌و رێبازانه..
ج- چه‌ند خوێندنه‌وه‌یی ده‌ق به پیی مێتۆدی بزاڤه ره‌خنه‌ییه‌کانی سه‌رده‌م، نه‌ک خوێندنه‌وه‌ی یه‌ک لایه‌نه‌ی بابه‌تیانه..
د- بڵاوکردنه‌وه‌ی ده‌ق، نه‌ک به‌رهه‌م( پێشتر باسی جیاوازی ئه‌و دوانه‌م کردوه‌و و دڵنیام زۆربه‌ی خوینه‌رانی هه‌ناریش ئه‌و دوانه لێک جوی ده‌که‌نه‌وه و نامهه‌وێ دریژدادڕی له‌سه‌ر بکه‌م)
به‌و پێیه. پێشکه‌وتنی خۆی له‌بواری نوێخوازی و نوێترخوازیدا مسۆگر ده‌کا و ده‌بێته گۆڤارێکی جیددی‌تر له بواری داهێنانی ئه‌ده‌بی و ره‌خنه و رووناکبیری دا؛
به‌و ئاواته‌وه!
ساڵح سووزه‌نی
<< صفحهٔ اصلی