دیمانه (گۆڤاری هه‌نار- 39)
ره‌خنه‌گر خوێنه‌ری چالاکی سه‌رده‌می خۆیه‌تی
ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی له وتوێژ له‌گه‌ڵ ساڵح سووزه‌نی.... ئا: شه‌ریف فه‌لاح http://www.dengekan.info/dengekan/16/govar/5419.html
1- سه‌ره‌تا ئه‌گه‌ر بتهه‌وێ پێناسه‌یه‌ک له ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی(به‌گشتی) بکه‌ی، چۆنی لێک ئه‌ده‌یته‌وه؟
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب له پێناسه کلاسیکیه‌که‌یدابه پێی هه‌نێ چوارچێوه‌ی له پێشدا ئاماده‌کراو هاتۆته ئاراوه، ره‌خنه‌ی کلاسیکیش هه‌ر به‌و پێیه له‌و چوارچێوه‌دا پێناسه‌کراوه که بریتی بووله؛ هه‌ڵسه‌نگاندنی داوه‌ریانه‌ی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی. واته به‌ردی مه‌حه‌کێک بوو بۆ چاک یان خراپ نواندن یان به‌رز و نزمکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی. ئه‌م شێعره جوانه! کێش و سه‌روای جوانی هه‌یه.. یان نیه‌تی و ناشیرینه.. به ئه‌زمونی خۆم له بواری ره‌خنه‌دا هه‌وڵمداوه ئه‌و پێناسه‌یه وه‌پشت گوێ بخه‌م و به‌م چه‌شنه‌ی خواره‌وه پێناسه‌ی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی بکه‌م؛ ره‌خنه بریتیه له خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند لایه‌نانه‌ی ده‌قێکی ئه‌ده‌بی(یان .....) به‌پێی وزه ناو‌کیه‌کانی هه‌مان ده‌ق، بۆ به‌رجه‌سته کردنه‌وه‌ی قوژبنه نادیار یان نه‌نووسراوه‌کانی، له گوشه‌نیگای جیاوازه‌وه. دیاره له‌م پێناسه‌دا بێگومان ده‌بێ خوێنه‌رانیش سه‌رله‌نوێ پێناسه بکرێنه‌وه؛
1- 1- خوێنه‌رانی ئاسایی، که هه‌وڵ ئه‌ده‌ن توێیه‌کی ساکاری مانایی ده‌ق بگرن و وه‌ک ره‌حه‌ته‌لقۆم قووتی بده‌ن و ته‌واو.
2- 1- خوێنه‌ری مامناوه‌ند، که هه‌ول ئه‌دا له یه‌ک ره‌هه‌نده‌وه( بۆ وێنه ره‌هه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی یان....) ده‌قێک تاوتوێ بکا و سه‌ری گوریسه‌که به‌رده‌وام بۆ مه‌به‌ستی خوێندنه‌وه‌که‌ی خۆی بکێشێ.. ئه‌م خوێنه‌ره بابه‌تی خوێنده‌وه‌که‌ی خۆی له ده‌ق و وزه‌کانی ده‌ق پێ گرینگتره و به‌رده‌وام سووره له سه‌رئه‌وه‌ی که مه‌به‌ستی نووسه‌ریش هه‌مان بووه به‌لام ئه‌م هه‌نێ باشتر تێیگه‌یشتووه(!!).. ئه‌م خوێنه‌ره له‌راستیدا له هه‌وڵی هاسانکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کانی ده‌قدایه و به ره‌حه‌ته‌لقوم کردنی بۆ خوێنه‌ری ئاسایی و خۆی به پردی پێوه‌ندی نێوان نووسه‌ر و خوێنه‌ر ئه‌زانێ..
3- 1- خوێنه‌ری چالاک، واته ئه‌و که‌سه‌ی که له پێناسه‌که‌ی ئێمه‌داره‌خنه‌گری چالاکیشه، هه‌وڵئه‌دا هه‌موو لایه‌نه‌کانی ده‌قێکی ئه‌ده‌بی( زمان، جوانناسی، فۆرم و تکنیکگه‌ل به‌رۆژ تا لایه‌نه بابه‌تیه‌کان(هێرمنۆتیکی) بپشکنێ و ده‌ق له‌سه‌رڕا هه‌لوه‌شێنێته‌وه و هه‌ڵیشێلێ و بیسازێنێته‌وه.. ئه‌م خوێنه‌ره به‌راستی رووناکبیره و ئاشنایه به زۆربه‌ی تێئۆریه ره‌خنه‌ییه‌کانی پێش خۆی و ته‌نانه‌ت به ره‌خنه‌کاری ئه‌و تێئۆریانه‌ش، هه‌وڵی سازکردنی ره‌خنه‌ی تێئۆری ئه‌داو له‌راستیدا ده‌قێکی هونه‌ری دیکه له ده‌ق سازده‌کا که ده‌بێته هۆی گه‌شه‌ی ده‌ق و ره‌خنه پێکه‌وه...
با نموونه‌یه‌کی روونتر بێنمه‌وه؛ بنیامین ده‌ڵێ: " رزق خوا به نوێنه‌رایه‌تی ده‌وڵه‌ت ئه‌یدا.
خوێنه‌ری ئاسایی ده‌ڵێ: ده‌وڵه‌ت نوێنه‌ری خوایه!
خوێنه‌ری مامناوه‌ند ده‌ڵێ: مه‌به‌ستی بنیامین ئه‌وه‌یه که ده‌وڵه‌ت بۆته خوای ئه‌م عاله‌مه و هه‌موو شتێکی خستۆته ژێر په‌نجه‌کانی خۆی و ئه‌وه ئه‌رکی ئێمه‌یه که یه‌ک بگرین و له شۆڕشێکی قاره‌مانانه‌دا ئه‌م ده‌وڵه‌ته برووخێنین و... بژی چینی.... بمرێ...!
خوێنه‌ری چالاک(یان ره‌خنه‌گری سه‌رده‌م) سه‌ره‌تا ده‌پرژێته سه‌ر چه‌مکی خوا؛ له ئوستووره‌کانه‌وه تا جیهانی وانموود و پاشمودێرن.. ئینجا بابه‌تی رزق و ئابووری.. دواجار ده‌وڵه‌ت و چین و توێژ و ... چۆنیه‌تی پێوه‌ندی یان ناپێوه‌ندی ئه‌مانه پێکهاته‌ی مێژوویی و هه‌نووکه‌یی و... ئێنجا له باری هونه‌رییه‌وه کورتکردنه‌وه(ایجاز)ی ئه‌و هه‌موو بابه‌ته له رسته‌یه‌کدا به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه و ده‌قێکی ده‌وڵه‌مه‌ند پیشکه‌ش ده‌کا.
2- ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێ مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی کوردی ده‌ستنیشان بکه‌ین، ده‌بێ بۆ چ قۆناخێکی مێژوویی بگه‌ڕێینه‌وه؟
« "قسه بیگێژه، بیبێژه، بیوێژه"»1
به رای من ره‌خنه له‌گه‌ڵ زمانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کدا له‌دایک ده‌بێ، زمانی په‌روه‌رده‌ی دایک پڕه له ره‌خنه‌کاری و هه‌ڵسه‌نگاندن.. زمانی مه‌ته‌ڵ و زاراوه و قسه‌ی نه‌سته‌قی کورده‌واری هه‌مدیسان.. ئه‌وه‌ی له‌رێگای به‌یته‌کانمانه‌وه(زمانی زاره‌کی) پێمان گه‌یشتووه هه‌ر ئه‌وه ئه‌سه‌لمێنێ که زمان و ره‌خنه‌کاری پێکه‌وه له‌دایک بوونه؛ به‌یتی سه‌یده‌وان جوانترین ره‌خنه‌کارییه له ده‌سه‌ڵاتی باوک.. به‌ڵام ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی؛ (من پێشتر وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌م داوه‌ته‌وه. ئه‌م ژانره به شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ له ئه‌ده‌بیاتی له‌مێژینه‌و كۆنی كوردیدا هه‌وڵ‌و ده‌رفه‌تی گه‌شه كردنی بۆ نه‌ڕخساوه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ناكرێ له هه‌مبه‌ر ئه‌و بابه‌ت‌و ده‌قانه‌ی كه له ژانره‌كانی‌تر وه‌كوو شێعر له‌مه‌ڕ ره‌خنه هاتوونه‌ته ئاراوه كه‌مته‌رخه‌م بین. كه‌وابوو ناچارین بابه‌ته‌كه له گۆشه نیگایه‌كی دیكه‌وه تاوتوێ بكه‌ین: "ویلفێردگرین"و نووسه‌رانی دیكه‌ی كتێبی " بنه‌ماكانی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی") 2( پێش له په‌رژانه سه‌ر شێوازه‌كانی ره‌خنه‌ی نه‌ریتی‌و مودێڕن(فۆرماڵیستی، ده‌روونناسانه، ئێستایتكایی‌و...) قۆناغی "کاردانه‌وه‌ی پێش ره‌خنه"(واکنش مقدم بر نقد) وه‌ك قۆناغێكی گرینگ له مێژووی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. له‌م قۆناغه‌دا ده‌قی ئه‌ده‌بی نه‌ك له لایه‌ن ره‌خنه‌گری پسپۆڕ‌و شاره‌زاوه، به‌ڵكوو له روانگه‌ی خوێنه‌رێكی ئاسایی یان به شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ له ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كانی خودی شاعێراندا ده‌رده‌كه‌ون‌و ده‌كه‌ونه به‌ر شرۆڤه‌و تاوتوێ كردنه‌وه. ره‌خنه‌گرێكی پسپۆڕی وه‌ك دوكتور "سامۆئێل جانسۆن" له كتێبی "ژیانی گری" (3) له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه كه "کاردانه‌وه‌کانی پێش له ره‌خنه" پێوه‌ری كۆتایی به‌ها و بایه‌خی ئه‌ده‌بیی هه‌ر به‌رهه‌مێكه(4).
كه وایه به بێ پێشه‌كی‌و ده‌سپێك بۆ به‌دوادا چوونی مێژووی ئه‌م گوتاره (سه‌ره‌تا‌و ده‌سپێكی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی، له به‌ستێنی ئه‌ده‌بیاتی كلاسیكی كوردی) ده‌بێ بۆ هه‌مان ده‌قی كلاسیكی كوردی بگه‌ڕێنینه‌وه‌و بابه‌ت‌و ته‌وه‌ره‌كان له دیوانه شێعره كوردییه‌كاندا ببینینه‌وه. شاعێرانی پێشوو، سه‌ره‌تا خوێنه‌ر‌و ره‌خنه‌گرانی سه‌رده‌م‌و قۆناغی خۆیان بوون. چونكه هه‌ر كام له‌وان وێنه‌گه‌لێكیان خولقاندووه كه (هه‌مان ئه‌و وێنانه‌ی) ته‌فسیر‌و راڤه‌و شرۆڤه‌ی واتایی‌و ئێستاتیكایی(هاوكات‌ی و ده‌رکاتیی) سه‌رده‌می خۆیان بوون‌و ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه ڕوانگه‌كانیان له‌مه‌ڕ شێعری خۆیان‌و كه‌سانی دیكه، له ڕاستیدا گرینگیمان به ده‌سپێك‌و سه‌ره‌تای ره‌خنه‌ی نووسراوه داوه. ئه‌م شێوازه به‌تایبه‌ت بۆ لێكدانه‌وه‌ی ژانره جۆرا‌وجۆره‌كانی بیاڤی هونه‌ری( چیرۆك، شانۆنامه‌و رۆمان‌و...) له ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا به ته‌واوه‌تی وه‌ڵامده‌ر ده‌بێ... چونكه به پێی هۆكاری سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، مێژوویی‌و ته‌نانه‌ت جوغرافیایی، زمانی نویساری له ناو رۆشنبیرانی كورددا شێعر بووه. ده‌بێ ئاماژه به‌وه بكه‌ین كه ئامانج له ئه‌ده‌بی كلاسیك له‌م باسه‌دا ئه‌ده‌بیاتی كۆنی هه‌ر نیشتمانێكه كه به پێی ئوسووڵ‌و رێوشوێنێكی دیاریكراو بۆ وێنه یاساكانی (كێش‌و سه‌رواو و قافیه له شێعری كلاسیكی عه‌ره‌بی، فارسی، كوردی) هۆنراونه‌ته‌وه.
واژه‌ی "ره‌خنه" له زمانی كوردیدا ( هاوتای وشه‌كانی Critic و Critique)و ره‌خنه به ریز له زمانه‌كانی، ئینگلیزی، فه‌ره‌نسی، عه‌ره‌بی‌و فارسی، بۆ یه‌كه‌م جار له شێعره‌كانی " شێخ ئه‌حمه‌د جه‌زیری" ناسراو به " مه‌لای جه‌زیری" هاتووه‌و ئێمه‌ش باسه‌كه‌مان له شێعره‌كانی ئه‌و به دواوه تاوتوێ ده‌كه‌ین.
"جه‌زیری" (1640 ـ 1560) له شاعێرانی كلاسیكی كورده كه له شێعره‌كانیدا ده‌ستی داوه‌ته لێكدانه‌وه‌و ره‌خنه‌گرتن له شێعری خۆی‌و ركه‌به‌ر‌و هاوسه‌رده‌مه‌كانی‌و هێز‌و ده‌سه‌ڵاتی شێعری خۆی له‌م بواره‌دا به‌رجه‌سته‌تر كردۆته‌وه. جه‌زیری شێعر به ئیجاز(کورتبێژی) و چۆنیه‌تی ده‌ربڕین‌و جوانی‌و ناسكی له نه‌زم‌و سه‌قامگیری وێنا‌و پیاهه‌ڵگوتنی پوخت‌و په‌تی، قاڵب‌و(فۆرم)ی له‌بار پێناسه و ئه‌زموون ده‌كا.
له‌م شێعرانه‌ی خواره‌وه‌دا ده‌بینین كه هه‌ر ئه‌م پێناسه به رواڵه‌ت بێ‌رۆحانه به چ ناسكییه‌ك ده‌رده‌بڕێ:
ئه‌حسه‌ن ژڤێ نه‌زمێ له‌تیف چه‌نده سه‌بوك هاتی خه‌فیف
مه‌حبووب بده‌ستێ خۆی شه‌ریف نه‌قدی مه‌مو هه‌و سكه‌دا
ئه‌حسه‌ن ژڤێ وه‌سفێ ره‌فیع ئه‌شكال‌و ئه‌وزاعین به‌دیع
تێتن ژ نوورێ وه‌ك ره‌قیع بێ‌عه‌یب‌و نه‌قس‌و ره‌خنه‌دا (5)
جه‌زیری له باخی وشه‌و كرك‌و واتادا شێعر به‌سه‌وڵی ئازاد له قه‌ڵه‌م ده‌دا‌و له‌بواری نڤیساریی (نژوه‌یی، ئینشایی) وه‌كوو قاڵب‌و قه‌واره‌یه‌كی دڵنوێن و ساده وه‌سف و پێناسه ده‌كات.
"دباغێ له‌فز‌و مه‌عنایێ ،،،، سوخه‌ن من سه‌روی ئازاده
ژ ئیملائۆ ژ ئینشایێ ،،،، مه‌له‌وحێ دل نوما ساده" (6)
حه‌زیری له كاتی به‌راوردی شێعری خۆی له‌گه‌ڵ شێعره‌كانی حافز شیرازی، روو له‌و كه‌سانه‌ی كه شێعر به لۆلۆی مه‌نسوور داده‌نێن ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر شێعری ئه‌و ببینن ئیدی چوون بۆ شیراز پێویست‌و ره‌وا نییه.
" گه‌ر لۆلۆئی مه‌نسوور ژ نه‌زمی تۆ دخوازی
وه‌ره شێعری (مه‌لێ) بین ته به شیراز ژ حاجه‌ت " (7)
ده‌بینین كه جه‌زیری هه‌م وه‌كوو شاعێر‌و هه‌م وه‌كوو ره‌خنه‌گر پێناسه‌و به‌راورد ده‌كات. جه‌زیری (فه‌ڕوخی یه‌زدی) شاعێر، به قوتابیی خۆی‌و شێعره‌كانی له شاڵی عه‌جه‌م پڕ به‌هاتر له قه‌ڵه‌م ده‌دا.
"پیری شه‌عاره د شعرێ و (مه‌لێ) شال فرۆش
تو نیشان من مه‌ده (فه‌ڕوخی) كولێك من بوویه فه‌رخ" (8)
له دیوانه‌كه‌یدا چه‌ندین جار باس له مامۆستایی‌و كارامه‌یی له كێش‌و سه‌رواوو قافیه (بابه‌تی ئه‌سڵی‌و سه‌ره‌كیی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی له ئه‌ده‌بیاتی كلاسیك ده‌كا‌و شاعێرانی لاو ئامۆژگاری ده‌كا كه بێن‌و له‌وه‌وه فێر بین. هه‌روه‌ها بابه‌تێكی‌تر له ره‌خنه‌دا دێنێته گۆڕێ بابه‌تێك كه ئێستاش له ره‌خنه‌ی كلاسێكدا هه‌رباوه‌و به چڕوپڕی باسی لێوه ده‌كرێ. مه‌لای جه‌زیری باسی شێعر دزگه‌لێكی وه‌كوو "خه‌مسه‌عه‌شه‌ر" (كه‌سایه‌تیه‌كی كاریكاتۆری كه به دزینی شێعره‌كانی جه‌زیری ده‌یهه‌وێ ناوبانگ ده‌ربكات) ده‌كا‌و ده‌هۆنێته‌وه،
" قه‌وی مه‌شهووره كو ناڤێ ته مه‌لا خه‌مسه عه‌شه‌ر
تو به شێعرا نه‌ته‌گوتی خودكی قه‌ندوشه كه‌ر" (9)
به‌م پێیه ده‌توانین قۆناغی مه‌لای جه‌زیری له‌راستیدا وه‌ك ده‌سپێك‌و سه‌ره‌تای ره‌خنه له زمانی كوردیدا ناوبه‌رین‌و دروود‌و سڵاو بنێرین بۆ رۆحی پاكی. دوای جه‌زیری شاعێرانی دیكه‌ش پرس‌و بابه‌تی پێوه‌ندی‌دار به ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیان له شێعره‌كانیدا هێنایه‌به‌ر باس. شاعێرێكی وه‌كوو ئه‌حمه‌دخانی (1650 ــ 1706) ز، كه بنه‌مای گرینگی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی (ئیجاز كورتبێژی‌و درێژدادڕی)و خوێنه‌ری ئاسایی‌و چالاك دێنێته گۆڕێ، (10)
ئه‌ویش هه‌ر وه‌كوو جه‌زیری له‌سه‌ر ره‌سه‌نایه‌تیی به‌رهه‌م‌و لایاسی‌و دووپات نه‌بوونه‌وه‌ی به‌رهه‌م پێداگری ده‌كات، (11)
له سه‌ده‌ی 19ی زایینی به دواوه‌ش شاعێرانێكی ناودار وه‌كوو: نالی، سالم، مه‌حوی، مه‌وله‌وی. ناوبه‌ناو مه‌سه‌له‌و پرسی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیان به شێعر هۆنیه‌وه‌و له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی زمانی شێعری نموونه‌ی به‌رچاویان خولقاند.
نالی یه‌ک و ئه‌و که‌س که ته‌مامی غه‌زه‌لی بیست
مه‌علوومی بووه زۆر و که‌می خاریقی عادات" 12
3- ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی کوردی له رابردوودا چه‌ن پرژاوه‌ته سه‌رخوێندنه‌وه‌ی ده‌ق و تێکسته ئه‌ده‌بیه‌کان و پرنسیپیپ و مێتۆده‌باوه‌کانی خوێندنه‌ووه‌ی رافه‌کارانه و تا چه‌ندره‌نگی داوه‌ته‌وه؟ جون ده‌بینرێ ره‌خنه‌گرانی کورد له‌باتی رۆچنه ناو نێوه‌رۆکی ده‌ق و خوێندنه‌وه‌ی ده‌روونشیکارانه، پرژاونه‌ته سه‌ر لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی وه‌ک که‌سایه‌تی نووسه‌ر و داهێنه‌ر، شه‌ڕه‌جنێو و شکاندنی که‌سایه‌تی داهێنه‌ر.. ئاستی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی کوردی لاواز کردوه. جه‌نابت ئه‌و ره‌خنه‌یه چۆن لێک ئه‌ده‌یته‌وه؟ ره‌خنه‌گرانی کورد چه‌نده به‌پێی به‌رنامه و مێتۆده‌کانی ئه‌مڕۆ به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بیه‌کان ده‌خوێننه‌وه و راڤه‌ی ده‌که‌ن؟
- به گشتی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی کورده‌واری تا ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی خوێندنه‌وه‌ی خوێنه‌ری ئاسایی یان مامناوه‌ند بووه له‌سه‌ر ده‌ق، له باشترین حاڵه‌تیداهه‌وڵدراوه دیوانه شێعرییه‌کان ساغ بکه‌نه‌وه و سه‌ر له‌نوێ ماناگه‌لی یه‌ک ره‌هه‌ندی بۆ بتاشن.. یان به پێی پێناسه‌ی ره‌خنه‌ی کلاسیکی (بایه‌خدار یان بێ بایه‌خکردن) هه‌نێ به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی هه‌ڵکێش و داکیش بکه‌ن.. یان وه‌ک جه‌نابت ده‌فه‌رمووی که‌سایه‌تی نووسه‌ر ئه‌مدیوئه‌ودیو کراوه.. راسته له ئه‌ده‌بی وڵاتانی دیکه‌شدا، ئه‌م پرۆسه تاگه‌یشتۆته ره‌خنه‌کاری مۆدێرن و دواجار پاشمۆدێرن ئه‌و شێوه به‌ناو ره‌خنه‌کارییه هه‌بووه، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه بۆ ئه‌وانی خاوه‌ن ده‌یان قوتابخانه‌ی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و مه‌کته‌به جیاوازه‌کانی فکری و فه‌لسه‌فی و ره‌خنه‌یی.. بۆته هۆی چه‌ندده‌نگی بوونی ره‌خنه و بۆ ئێمه بۆته خه‌سارێکی گه‌وره که حه‌تم ده‌بێ لێی ده‌ربازا بین!
مێتۆده باوه‌کانی ره‌خنه لای مه (ئه‌ویش له‌م دواییانه‌وه)بریتی بوون له گۆشه‌نیگای نه‌ته‌وه‌خوازی یان چه‌پی ئورتێدۆکس، که ئه‌گه‌ر رۆژێ له رۆژان ده‌قێکیان بخوێندایه‌ته‌وه له‌و روانگانه‌وه(حیماسی یان ریالیسمی به‌ناو سووسیالیستی) ده‌خوێندرانه‌وه.. هه‌ڵبه‌ت با ئه‌وه‌ش بڵێم زۆرێ له‌به‌رمه‌کانی مه ره‌نگه هه‌رئه‌وه‌ی هه‌ڵده‌گرت و له‌بنه‌ره‌تدا له‌ژێر ته‌وژمی ده‌سه‌ڵاتی زمانیی هه‌ر ئه‌و گوتارانه‌دا نووسرابوون. له نه‌وه‌ده‌کان به‌م لاوه بوو که راسته‌وخۆ یان له‌رێگای وه‌رگێرانه‌وه هه‌نێ خوێنده‌واری کورد به میتۆده نوێگه‌رییه‌کانی ره‌خنه‌ی جیهانی(جگه قوتابخانه‌کانی وه‌ک؛ کلاسیسیسم،ناتۆرالیسم، ریالیسم به‌هه‌موو لقه‌کانیه‌وه، سوورریالیسم وتاد.) خوێندنه‌وه‌ی جوانیناسی (بووتیقایی) ده‌روونشیکاری، فمنیستی، نیشانه‌ناسی، زمان‌ناسی، دیارده‌ناسی (فنۆمنۆلۆژی)، راڤه‌کاریی بابه‌تی (هێرمنۆتیکی) و... ئاشنا ده‌بن و هه‌وڵئه‌ده‌ن ژانره جیاوازه‌کانی بواری هونه‌ر و ئه‌ده‌بی پێ بخوێننه‌وه( برواننه خوێندنه‌وه‌کانی ده‌رونشیکاری له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌کانی شێرزاد حه‌سه‌ن)..
4- به رای جه‌نابت ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی وه‌کوو گوتارێکی شیکاری که کاری ده‌رخستنی دیوی نادیاری ده‌قه‌کانه و هه‌روه‌ها هه‌ڵدانه‌وه‌ی دیوه زمانه‌وانی و به‌لاغی و تکننیکیه‌کان، بۆ له مه‌یدانی ئه‌ده‌بی کودیدا نه‌بۆته خاوه‌ن گوتار و پێگه‌ی خۆی؟
1-4 – بۆ ئه‌وه‌ی زمانی نڤیسانی ئێمه جگه شێعر، مه‌یدانی ده‌ربڕینی نه‌بوو یان که‌م بووه
2-4- هه‌ر به‌و هۆکاره‌وه ژانره هونه‌ری و ئه‌ده‌بیه‌کانمان لێک جوێ نه‌بوونه‌وه و هه‌موویان سه‌پابوون به‌سه‌ر شێعردا..
3-4- ده‌سه‌ڵاتێکی به‌هێزتر مه‌یدانی گه‌شه و نه‌شه‌ی نه‌داوه‌تێ.
4-4- خودی نووسه‌رانیش هه‌ر له‌ژێر کاریگه‌ری هه‌مان زمانی زاڵی ده‌سه‌ڵاتدا بوونه
4-5- ته‌مبه‌ڵی و خۆبه‌زلزانیی رووناکبیرانمان که که‌میان خوێندۆته‌وه و که‌متریان(!!) نووسیوه
4-6- نه‌ک هه‌ر ره‌خنه، خودی زمانی کوردی به شێوه‌ی فرمی و ئاکادمی نه‌خوێندراوه وئه‌وه‌ی تا ئێستا ماوه، به‌رهه‌می حوجره‌کانه و هه‌نی مه‌لا و فه‌قێی دڵسۆز که له‌وه زیاتری لێ نه‌ده‌وه‌شێته‌وه
4-7- ئه‌و پێناسه‌ی سه‌ره‌وه‌مان له ره‌خنه نه‌بوه و پێشتر وه‌ها چه‌ند لایه‌نه نه‌یانروانیه‌ته ره‌خنه..
5- پێوه‌ندی نێوان ده‌ق و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی چۆن پێناسه ده‌که‌ی؟ زۆرجار ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی له‌گه‌ڵ لایه‌نێکی هونه‌ریدا پێوه‌ندی هه‌یه که ده‌ڵێ: به بێ به‌رهه‌می هونه‌ری کاری ره‌خنه بوونی نیه. جه‌نابت ئه‌مه چۆن لێکئه‌ده‌یته‌وه؟
- ده‌ق و ره‌خنه له‌راستیدا لفه‌دوانه‌ی یه‌کدین له هه‌موو پانتاکانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و َرۆشنبیریدا و به بێ یه‌کدی ناکه‌ونه گه‌شه و نه‌شونما. له مێژووی ئه‌ده‌بدا ده‌قی ده‌وڵه‌مه‌ند ( واته ئه‌و ده‌قه‌ی که‌وزه ناوه‌کیه‌کانی ئه‌و ده‌رفه‌ته ئه‌داته ره‌خنه‌گر یان خوێنه‌ری چالاک که چه‌ند لایه‌نه بیخوێنیته‌وه و شرۆڤه‌ی بکا) ره‌خنه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندیشی به دواوه بووه و به پێچه‌وانه‌وه ره‌خنه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند، ده‌قی به‌رفراوانتر و کراوه‌تر نواندۆته‌وه و بۆته هۆی گه‌شه و ناسیاویی زیده‌تری ده‌ق. بۆ وێنه؛ خوێندنه‌وه‌کانی فرۆید له‌سه‌ر "ئودیپ" و هاملێت، که هه‌م ده‌قی شانۆنامه‌کان‌ی شکسپێری ده‌وڵه‌مه‌ندتر کردوه و هه‌م ده‌ربیجه‌یه‌کی نوێشی له ده‌روونشیکاری و خوێندنه‌وه‌ی ده‌روونشیکارانه‌ی ده‌ق (وه‌ک ره‌خنه)کردۆته‌وه..
به‌لام له‌م پێناسه نوێیه‌دا له ره‌خنه(که له‌سه‌روه ئاماژه کرا) ده‌قی ئه‌ده‌بی بۆ خۆی ئه‌توانێ(له یه‌کێ له خوێندنه‌وه‌کاندا) وه‌ک ره‌خنه‌ش شرۆڤه بکرێ؛ زۆربه‌ی شێعر و چیرۆک و رۆمانه کوردیه‌کان له خوێندنه‌وه‌ی یه‌که‌مدا ده‌قێکی ره‌خنه‌یی سه‌رده‌می خۆیانن، هه‌ر له "پێشمه‌رگه"ی فه‌تاحی قازی یه‌وه تا "غه‌زه‌ڵنووس و باغه‌کانی خه‌یاڵ" و ُ"گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاڵه" و نوڤێلێته‌کانی شێرزادحه‌سه‌ن و.... ئه‌و راستییه‌ی سه‌ره‌وه ئه‌سه‌لمێنن. شێعری کوردیش هه‌روه‌تر؛ له‌به‌یته‌کانمانه‌وه تا شێعری به‌ره‌نگاری و ده‌قی شێعری "روانگه و"کفری" و نوێترخوازان له رۆژهه‌ڵات، له گۆشه نیگایه‌که‌وه ئه‌توانین وه‌ک ره‌خنه‌کاری بیانخوێنینه‌وه.. هه‌رچه‌ند نابێ ئه‌وه‌مان له‌بیربچێ که ئه‌و چه‌شنه ره‌خنه‌کارییه و هه‌موو ئه‌و ره‌خنانه‌ی له ره‌هه‌ندێکی دیاریکراوه‌وه له ده‌قیان روانیوه، نایه‌نه خانه‌ی ره‌خنه‌ی نوێوه بۆ وه‌ی ره‌خنه‌ی نوێ چه‌ند لایه‌نه و چه‌ند ده‌نگ و چه‌ند ره‌هه‌نده..
- 6 - ره‌خنه‌گرێکی ئه‌ده‌بی ئه‌گه‌ر بیهه‌وێ به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری هه‌ڵسه‌نگێنێ ده‌بێ چ پێوه‌ر و بنه‌مایه‌ک ره‌چاو بکا؟ ئاخۆ هه‌موو به‌رهه‌مێک ئه‌شێ بخرێته به‌ر تیشکی هه‌ڵسه‌نگاندن؟
- گرینگ‌ترین پێوه‌ر بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ر به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی(و هونه‌ریش) وزه‌ی ناوه‌کی و سه‌ر به شۆڕشی ده‌قه و چه‌ندێتی هونه‌ریی بوونی ئه‌و به‌رهه‌مه .. هه‌ر له‌فۆرم و جوانکاریه‌کانیه‌وه تا ئه‌و بابه‌ته‌ی پرژاوه‌ته سه‌ری و ئه‌و ئه‌نازه نوێخوازییه‌ی به ریژه‌ی کاری پێش خۆێ ده‌ینوێنێ و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی ئه‌یدا به ره‌خنه‌گر(یا خوێنه‌ره‌که‌ی) توێ نادیاره‌کانی هه‌ڵبداته‌وه و به‌رجه‌سته‌ی بکا.. دیاره هه‌موو کارێکی ئه‌ده‌بێ ئه‌و وزه‌یه‌ی نیه. هه‌ر بۆیه ناچارم سه‌ره‌تا وه‌ڵامی به‌شی دوهه‌می پرسیاره‌که‌ت بده‌مه‌وه؛ ره‌خنه‌ی نوێ هه‌موو نووسراوه‌یه‌ک وه‌ک هونه‌ر هه‌ڵناسه‌نگێنی. کاتی خۆی روڵان بارت له‌وتارێک به‌ناوێ"له به‌رهه‌مه‌وه تا ده‌ق" به‌جوانی ئه‌و دوانه به‌رواڵه‌ت وێکچووه‌ی لێک جوێ کرده‌وه و ئه‌ڵێ: " ده‌کرێ به‌رهه‌م له کتێبفرۆشیه‌کان و وه‌ره‌قدانیه‌کان و لیسته‌ی کتێبه‌کانی وانه‌دا ببینی.. به‌ڵام ده‌ق چارشێوداده‌ماڵێ و له به‌راوه‌رد له‌گه‌ڵ رێساگه‌لی تایبه‌تدا بیچم ده‌گرێ... به‌س وه‌ک گوتار بوونی هه‌یه.. به پێچه‌وانه‌ی به‌رهه‌م به مۆری باوکییه‌وه له‌سه‌ری ناخوێندرێته‌وه... وه‌ڵامی ته‌قینه‌وه‌ی ماناکان ئه‌داته‌وه..." و فارس گوته‌نی "متکثر"ه (the plural)و له‌زمانی باو تێده‌په‌ڕێ و....
که‌وایه ره‌خنه‌گر هه‌وڵئه‌دا ده‌ق بخوێنێته‌وه نه‌ک هه‌ر به‌رهه‌مێک. بۆ وه‌ی ئه‌وه ده‌قه که پێشتر هونه‌ریی بوونی خۆی سه‌لماندوه وشۆرشگێرانه هه‌ڵکه‌وتووه.
7 - ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی نوێ له چ کاتێکه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه و قوتابخانه و رێبازه ره‌خنه‌ییه‌کان چۆن پۆلێنبه‌ندی ده‌که‌ی؟
- پرسیارێکی گشتییه و منیش ناچارم به‌گشتی وه‌ڵامی بده‌مه‌وه؛ ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی نوێ پیوه‌نده به فه‌لسه‌فه و زانست و زمان‌ناسی و ده‌روونشیکاری و شۆۆڕشه فکرییه‌کانی سه‌رده‌می نوێوه و شێوازه‌کانی هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قی له‌وان وه‌رگرتووه.. بۆ وێنه ره‌خنه‌ی مارکسیستی له شۆرشی فیری و کارکردیی چه‌په‌وه دێته‌ئارا... و زمان‌ناسی سوسور و خوێندنه‌وه‌ی زمان وه‌ک سیسته‌مێکی نیشانه‌یی و دابه‌شکردنی به دال و مه‌دلوول و لانگ و پارۆل،ده‌بێته هۆی گرینگی دان به ده‌ق وه‌ک سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی له ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا و ئه‌وه‌ش خوێندنه‌ی زمانناسانه و نیشانه‌ناسانه و دواجار قوتابخانه‌کانی فورمالیسمی رووسی و پێکهاته‌خوازی لێکه‌وته‌وه.. یان هه‌وڵه‌کانی فرۆید و یونگ بۆ به‌رجه‌سته‌کردنه‌وه‌ی نه‌ستی تاک و کۆ و منه‌کانی ده‌روون(اید، ئێگۆ، سووپێرئێگۆ) خوێندنه‌وه‌ی ده‌وونشیکارانه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی هێنایه گۆڕێ و دیارده‌ناسی "هوسرێل" گرینگی ئه‌داته قوتابخانه‌ی "وه‌رگرتن" و خوێنه‌ران ده‌کاته سه‌ره‌کتر له ده‌ق و نووسه‌ریش .. هه‌ربه‌و پێیه سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌ی شۆڕشی فیکری فمنیستی، خوێندنه‌وه‌ی ژنگه‌رایانه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی به‌دوادادێ و ره‌خنه‌کاری له‌سه‌ر مودێرنیته و مودێرنیسم له‌لایه‌ن فه‌یله‌سووفانی پۆستمودێرن، ده‌ق و ره‌خنه‌ی پێکهاته‌هه‌ڵوه‌شێن(دێکانستراکشن) له‌گه‌ڵ خۆی دێنێ و لێکۆڵینه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی له‌سه‌ر کات(زه‌مه‌ن)ی هێڵیی و ناهێڵی ده‌بێته هۆی خوێندنه‌وه‌ی "نێوانده‌قێتی" له لایه‌ک و بچڕانه‌کانی فۆکۆیی و.. چه‌ندخوێندنه‌وه‌یی ده‌قیش به‌رهه‌می هه‌موو ئه‌و خوێندنه‌وانه‌یه له‌سه‌ر ده‌ق به‌پێی وزه‌کانی ده‌ق و.... تاد.
8- رایه‌ک هه‌یه که ئیستاش له نێو ئه‌دیبان و نووسه‌رانی کوردا باوه؛ ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مێک که‌وته به‌ر ره‌خنه و چه‌ندین ره‌خنه‌گر له‌سه‌ریان نووسی، ئیدی ئه‌وه به‌و مانایه که ئه‌و ده‌قه لاوازه و گرینگی و زیندووبوونی خۆی له‌ده‌ست ئه‌دا. رای جه‌نابت له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه چیه؟ ئاخۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق له به‌های ئه‌و ده‌قه که‌م ده‌کاته‌وه؟
- سه‌ره‌تا ده‌بێ به‌رهه‌م و ده‌ق لێک جوێ بکرێته که ئێمه له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێ‌کرد. ئێمه باسی ده‌قده‌که‌ین که وزه‌کانی له‌باری هونه‌ریی و چه‌ند ره‌هه‌ندییه‌وه ئه‌و ده‌رفه‌ته ده‌دات له به‌رده‌م ده‌یان ره‌خنه‌و خوێندنه‌وه‌دا خۆی بگرێ و ئه‌وانیش ده‌وڵه‌مه‌ند بکا... له‌وحاڵه‌ته‌دا نه‌ک ره‌خنه‌کاریی لاوازی ناکا و گرینگ بوونی له ده‌ست نادا به‌ڵکوو زێده‌تریشده‌کاو ده‌گه‌شێته‌وه... سه‌دان خوێندنه‌وه له‌سه‌ر ده‌قی نالی ده‌قه‌که ناکوژێ بۆ وه‌ی ده‌قی نالی ده‌قێکی کراوه‌یه.. به‌ڵام به‌رهه‌م وا نیه؛ ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مێک له‌سه‌ر شێوازی شێعری کلاسیک نووسرابێ و ره‌دیف و کێش و سه‌رواکه‌ی بشه‌لێ و چه‌ند ره‌خنه‌گر ئه‌و شه‌لبوونه ئاشکرابکه‌ن دیاره گرینگیی خۆی له‌و سه‌رده‌مه‌دا(که ره‌نگه هه‌ر له سه‌ره‌تاشه‌وه نه‌یبووبێ) له ده‌ست ئه‌دا..
ره‌نگه له سه‌رده‌مێکدا ده‌قێک به‌هۆی ده‌سه‌لاتیێکی زمانییه‌وه ده‌رفه‌تی گه‌شه‌ی نه‌بێ و بکه‌وێته به‌ر بێ‌لوتفی ره‌خنه‌گرانه‌وه..(وه‌ک فۆکۆ ده‌ڵێ بکه‌وێته ناو "بایگانی"یه‌کانی مێژوو.)
ئه‌وه‌ش له گرینگی و زیندووبوونی ده‌ق که‌م ناکاته‌وه بۆ وه‌ی که ده‌وره‌که چه‌رخا و ده‌سه‌ڵاته‌که که‌وته کزی، ده‌قکه سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه و لق و پۆ ده‌کاته‌وه.. بۆ وێنه سه‌رده‌مانێ به‌هۆی ده‌سه‌لاتی زمانیی ره‌خنه‌ی مارکسیستییه‌وه ده‌قی زۆر نووسه‌ری وه‌ک ناباکۆڤ و ئانا ئه‌خماتۆوا وماندلشتایم و زۆرێ له فۆرمالیسته‌کان و ته‌نانه‌ت باختین و ... که‌وته په‌راویزه‌وه و مه‌ودای گه‌شه‌یان لێ سه‌ندرا.. به‌ڵام کورد گوته‌نی هه‌تاو تا هه‌تا له‌پشت هه‌وردا نامێنێ .. دیتمان هه‌ر ئه‌وه‌نده ئه‌وده‌سه‌ڵاته زمانییه که‌وته کزی، ده‌قه‌کان به‌رز بوونه‌وه.. من له‌بیرمه له ئه‌ده‌بی فارسیشدا به‌هۆی زالبوونی ئه‌و زمانه‌وه ده‌قه‌کانی سوهراب سپێهری که‌وته به‌ر بێ‌لوتفی ره‌خنه‌گران و وه‌ک "بچه بودای اشرافی"(به‌چکه بوودایی ده‌وڵه‌مه‌ند) ناویان نا... به‌ڵام ده‌قی سوهراب له‌و ته‌نگه‌ڵانه ده‌رچوو و دواجار به‌هۆی زاڵبوونی زمانێکی دیکه‌وه سه‌رنجی زۆری راکێشا و ژیایه‌وه...
به‌گشتی من له‌سه‌ر ئه‌و رایه‌ی "میشێل فۆکۆم" که هێچ دیارده‌یه‌ک به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی پێوه‌ندیه‌کانی له‌گه‌ڵ زمانیی ده‌سه‌ڵات، باش ناخوێندرێته‌وه .. هه‌ر بۆیه که‌متر ده‌قی داهێنه‌رانه له‌سه‌رده‌می خۆیاندا قه‌زاوه‌تی باشیان له‌سه‌ر ده‌کرێ و نوێخوازان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بانگه‌شه بۆ زمانێکی نوێ ده‌که‌ن به‌رده‌وام له‌ژێر گوشاری زمانی سه‌له‌فییه‌تی زاڵ دان.. فۆکۆش هه‌ر به‌و مه‌به‌سته‌وه باسی "بایگانی"یه‌کان ده‌کا..
9- ئه‌گه‌ر بتهه‌وێ ئه‌رکی ره‌خنه و ره‌خنه‌گر دیاری بکه‌ی چۆنی پێناسه ده‌که‌ی؟
- ره‌خنه‌گر( وه‌ک ئاماژه‌کر)ا خوێنه‌ری چالاکی سه‌رده‌می خۆیه‌تی و به‌رده‌وام له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه که‌ڵێنه نادیاره‌کانی ده‌ق بپشکنێ و ده‌قی ده‌وڵه‌مه‌ندتر سازبکا .. ره‌خنه‌ش به‌ری زانیاری ره‌خنه‌گره له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌قدا... هه‌ر چی ده‌ق توێدارتر و به‌قسه‌وباستربێ ئه‌رکی ره‌خنه‌گره‌که‌شی(یان خوێنه‌ره‌که‌شی) رێده‌تره و ره‌هه‌ندی خویندنه‌وه‌کانی زێده‌تر ده‌بێ.. له شوێنێ دیکه‌شدا نووسیومه که هه‌ر ده‌قێک تاوه‌كوو نه‌خوێندرێته‌وه هیچ نیه.. که‌وایه گرینگ ئه‌وه‌یه کێ و چۆن و به پێی چ زانیاریگه‌لێک و به چ شێوازێ بیخوێنێته‌وه ..
بۆ وێنه ئه‌رکی ره‌خنه‌گر له خوێندنه‌وه‌ی ناوکاتیی(در زمانی) ده‌قێکدا به‌رئاوه‌ردی ئه‌و ده‌قه‌یه له‌گه‌ڵ ده‌قه‌کانی سه‌رده‌می له‌دایکبوونی و ده‌قی پێش خۆی به هه‌موو زانیاری و پێوه‌ندییه‌ئه‌ده‌بی، فه‌لسه‌فی، زانستی، مێژوویی... یه‌کانیه‌وه. به‌ڵام له خوێندنه‌وه‌ی هاوکاتیی (هم زمانی) هه‌مانده‌ق، ئه‌رکی ره‌خنه‌گر ده‌رخستنی وزه‌ی هه‌مانده‌قه له هه‌نووکه‌ی کۆمه‌ڵگای ئه‌ده‌بیدا.. من کاتێ "نالێ و جوانیناسی کانت" ئه‌نووسم له‌گه‌ڵ رووناکبیرانی(جیهانیی) سه‌رده‌مێ خۆی به‌راوه‌ردی ئه‌که‌م .. به‌ڵام کاتێ له روانگه‌ی دیارده‌ناسییه‌وه ئه‌یخوێنمه‌وه ئه‌مهه‌وێ وزه زمانییه‌کانی شێعری نالی له روانگه‌ی خوێندنه‌وه نوێکانی سه‌رده‌میشه‌وه دیاری بکه‌م و بڵیم که ده‌قی زیندوو هه‌میشه زیندووه ....
9- زۆرجار باس له‌وه ده‌کرێ که چه‌مکی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی چه‌مکێکی بیانیه و.. به‌رای ئێوه گواستنه‌وه‌ی ئه‌و مێتۆد و تێئۆریانه بۆناو کو‌لتوور و ئه‌ده‌بی وڵاتانی رۆژهه‌ڵات هیچ گرفتێکی کولتووری ناهێنێته ئاراوه؟
- من لام وایه زانست و فه‌لسه‌فه و هونه‌ر و مێژوو، چه‌مکگه‌لێکی جیهانین و نه‌به‌ستراونه‌ته‌وه به که‌س یان گه‌ل و وڵاتێکی تایبه‌ته‌وه و هه‌موویان به مرۆڤ و زمانه‌وه ئه‌ناسرێنه‌وه.. هه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی که وا ویشک بیر ئه‌که‌نه‌وه له ژیانی خۆیاندا له کاره‌با و ماشین و تلویزیۆن و کۆممپیۆتێر و رۆژنامه و رادیۆ و ته‌له‌فۆن و ... هه‌موو که‌ره‌سه‌کانی مۆدێرن که‌ڵک وه‌رده‌گرن و به بیانیی نازانن. به‌ڵام کاتێ ده‌گا به ئه‌ده‌ب ده‌بنه راسیسم و نه‌خوێنده‌واری خۆیان به‌و چه‌شنه پاساو ئه‌ده‌نه‌وه که گوایه " خانوو به ئاجووری بیانی سازکردن هه‌ڵه‌یه" .. ئه‌و به‌رێزانه یان نازانن یان خۆیانی لێ گێل ئه‌که‌ن که له دێکه‌ی مارشاڵ دا نه‌ک هه‌ر ئه‌ده‌ب به‌ڵکوو هه‌موو ژیانی مرۆڤ جیهانییه و که نه‌وت گران ده‌بێ له هه‌مووکه‌س گرانده‌بێ .. من نازانم بۆ دۆکتۆر ده‌بێ له لوقمانی حه‌کیمه‌وه شاره‌زای پیشه‌که‌ی خۆی بێ، به‌ڵام ره‌خنه‌گری مه نابێ له "بووتیقای"ئه‌ره‌ستووه‌وه ده‌ست پێبکا؟ من پێشتر له وتاری "ئه‌رێ بناپارتیستین!" دا وه‌ڵامی ئه‌و به‌رێزانه‌م به وردی داوه‌ته‌وه و نامهه‌وێ لێره‌دا درێژدادڕی بکه‌م به‌س ده‌ڵێم؛ خه‌ڵاتی نۆبێل به‌س به نووسه‌رانی وڵاتانی رۆژئاوا نادرێ و ته‌نیا رووناکبیرانی رۆژئاوایی نین که ده‌مرن یا ئاشق ده‌بن و خه‌ون ده‌بینن..
زمان ته‌نیا ئاڵای سه‌ده‌ی بیسته باوان!
به‌كام زمان بتخۆشه‌ویستێنم
منێ كه زمانی "ئینترنت "نازانم
نابێ ئاشق بـــــــــــم؟؟؟
نازانم
لهئمپراتوَرستانی ئینتێرنێتا
كچان به نامه‌ی كوڕێ ئه‌گڕن یا نه ؟
له‌جیهانی "هێرمنوَتێكی " ئه‌وانا
مـــــــــــــــــــــــــــــــــــــاچ
مـــــــــــــــــــــــــــــــاچ
مــــــــــاچ
هه‌ر ماچه............... باوان؟
10- تێئۆری ئه‌ده‌ب له گه‌شه و بڕه‌ودان به ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی چ رۆڵ و ده‌ورێک ده‌بینێ؟ به‌ڕای جه‌نابت بۆ چی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی زیاتر پرژاوه‌ته‌سه‌ر ژانری شێعر و ژانره‌کانی دیکه‌ی پشت گوێ خستوه، واته هێشتا نه‌مانتوانیوه له زمان و قۆناغی شێعرییه‌ت تێپه‌ڕین؟
- تێئۆری ئه‌ده‌بیی خوێنه‌رانی چاڵاک له پێچ و په‌نا و نادیار و نه‌نووسراوه‌کانی ده‌ق، هه‌روه‌ها فۆرم و تکنیکگه‌ل جیهانی و جوانیناسی سه‌رده‌مانه(له ره‌وتی مێژوودا) ئاشنا ده‌کا و به‌گشتی که‌ره‌سه‌گه‌ل یان شیوازگه‌لی خوێندنه‌وه‌کانمان ده‌داتێ و یارمه‌تی ره‌خنه‌گر ده‌دا به چاوی کراوه‌تر له ده‌ق بڕوانێ بۆ وه‌ی تێئۆری ره‌خنه‌یی و "ره‌خنه‌ی تێئۆری"دیکه له ده‌ق هه‌ڵکڕێنێ.. ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی له راستیدا ژوه‌رده‌قێکی دیکه‌یه که له پێوه‌ندی تێئۆری ئه‌ده‌ب و ده‌قگه‌لی کراوه (له لایه‌ن خوێنه‌ری چالاکه‌وه) سازده‌بێ و له‌سه‌ره‌وه باسی گرینگیه‌کانمان کرد... به‌ڵام ئه‌وه‌ی که به چ هۆکارێک ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی(کوردی) زیاتر پرژاوه‌ته‌سه‌ر ژانری شێعر و ژانره‌کانی دیکه‌ی پشت گوێ خستوه و هێشتا نه‌مانتوانیوه له زمان و قۆناغی شێعرییه‌ت تێپه‌ڕین؟ پرسیارێکی سه‌ربه‌خۆی دیکه‌یه و ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که؛
ئه‌لف- هه‌ر له کۆنه‌وه وڵاتانی رۆژئاوایی خه‌ڵکانێکی شێعرگرا و شاعیرپه‌روه‌ر و خه‌وناوی تر بوونه و له‌خۆڕانیه هه‌موو که‌ڵه پێغه‌مبه‌رانی دنیا رۆژهه‌ڵاتین و هه‌موو که‌ڵه فه‌یله‌سووفانی جیهان رۆژئاوایی.. واته به زمانی ئاسمانی له رووداوه‌کانی زه‌وی کۆڵینه‌وه به‌شی مه بووه و به عه‌قڵ و ئه‌زموونگه‌رایی لێکدانه‌وه‌کان به‌وان براوه.. نازانم ره‌نگه ئه‌مه خه‌تای خوایگیان بێ!! که زۆرتر یان که‌متری دابێ به ئێمه یان ئه‌وان!! بۆ وه‌ی شارستانییه‌تی(!!) رۆژئاوای هیچی له مه‌ده‌نییه‌تی(!!) رۆژهه‌ڵاتی زۆرتر نه‌بووه و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه...
ب- زمانی شێعری به‌هۆی که‌ڵک وه‌رگرتن له خوازه‌گه‌ل جۆراوجۆر ده‌سه‌ڵاتی هاونشینی و جێنشینی دال ه‌کان و ره‌مز و کنایه و ... سرکییه‌تی ده‌ق زێده‌تر ده‌کاو سه‌رنجی خوێنه‌رانی چالاک پتر راده‌کێشێ بۆ وه‌ی هه‌وڵی شکاندن و کردنه‌وه و تێگه‌یشتن و به‌شداریکردنی ئه‌و گه‌مه زمانیانه بدا‌و ماناکانی هه‌ڵکڕێنێ و به‌و بۆنه‌وه ئه‌زموون و خوێنده‌واری خۆیشی زێده‌تر ده‌ربخا...
ت- ژانره‌کانی دیکه (به‌هۆێ نه‌بوونی مه‌یدانی دربڕین له "ماده‌کان" به‌م لاوه، له مێژووی پڕ له چه‌رمه‌سه‌ری گه‌لی کوردا)نه‌بوونه، یان که‌م بوونه، یان سه‌پاوه به‌سه‌ر شێعردا... واته ره‌خنه‌گری کورد بیهه‌وێ له فه‌لسه‌فه‌ش بکۆلێته‌وه، ده‌بێ بچێته‌وه سه‌ر به‌یت و باو و شێعری پێش خۆی.." ده‌رده‌که‌م ده‌ردێ گرانه زه‌حمه‌ته شه‌رحی بده‌م!"
پ- به‌گشتی تێپه‌ڕین له زمانی شێعری ئه‌سته‌مه و کێشه‌ی ئێمه تێپه‌ڕین یان تێنه‌په‌ڕین له‌و زمانه نیه! به‌ڵکوو هه‌وڵدانه بۆ سازکردن و گه‌شه‌پێدانی زمانی ژانره‌کانی دیکه‌ش .. فه‌یله‌سووف و پێغه‌مبه‌رانی گه‌وره‌ش نه‌یانتوانیوه له‌و زمانه تێپه‌ڕن.. چبگا به گه‌لی کوردی کڵۆڵ..
" ئێمه ددانی فیلمان ناشت و ئه‌وان کێچ یان دروێنه کرد" مارکس
11- بیرمه‌ندێک به ناوی "رۆزبێلانت" ئه‌م راستییه ده‌درکێنێ که پێوه‌ندی نێوان خوێنه‌ر و ده‌ق پێوه‌ندییه‌کی هێڵی(یه‌ک لایه‌نه) نیه؛ به‌ڵکوو پێوه‌ندییه‌کی سه‌رتاسه‌ری و چه‌ند لایه‌نه‌یه. جه‌نابت ئه‌و ڕیه چۆن شرۆڤه ده‌که‌ی؟
- ناوی ئه‌و بیرمه‌نده‌م له‌بیر نیه به‌ڵام له هه‌رکوێ بێ و خه‌ڵکی هه‌ر لایه‌ک بێ ده‌می خۆش بێ و حه‌تم شته‌کانی منی خوێندۆته‌وه(هه..هه..هه.) منیش ئه‌و هه‌موو درێژدادرییه‌م له‌به‌ر ئه‌وه کرد که ئه‌و دوو دێڕه کورته‌ی ئه‌و شیبکه‌مه‌وه. به‌ڵام به‌داخه‌وه که‌س گوێ به‌ئێمه نادا و گشتمان قسه‌کانی ئه‌وانمان له‌به‌ره! (گاڵته)
وه‌ک ئه‌رزمکرد ئه‌مه ڕای زۆربه‌ی بیرمه‌ندان و ره‌خنه‌گرانی نوێخوازه و من به هه‌ڵکه‌وت نه‌که‌وتووم به سه‌ریدا(!!) پیاوه‌تی ئه‌که‌ین(ئه‌گه‌ر ژنان تووڕه نه‌بن) به‌و چه‌شنه له ره‌خنه بڕوانین و ده‌قه‌کانمان نه‌خه‌ینه ته‌نگه‌به‌ری یه‌ک چاوه‌کی لێڕوانین.
12- بارودۆخی ئه‌مڕۆی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی کوردی چۆن پێناسه‌ده‌که‌ی و ئه‌و شه‌پۆله ره‌خنه‌یی و تیۆرییه که له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌ستی پێکردوه و کونگره‌یه‌کیشی لێکه‌وته‌وه، ئێستا له چ ئاستێکدایه؟ لاوازیه‌کانی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی له باشووری کوردستان بۆ چی ده‌گه‌رێته‌وه؟
- کورده‌واری هێشتا ره‌خنه‌گری حرفه‌یی(پیشه‌یی) نیه که هه‌موو هه‌وڵه‌کانی له پێناو خوێندنه‌وه‌ی چه‌ندلایه‌نه‌ی ده‌قه‌کانی کوردی‌دا بێ.. و ناشتوانێ بیبێ بۆ وه‌ی هێشتا نووسین لای مه نابێته نان(!!) "ئه‌گه‌ر خه‌می نان نه‌بوایه.." ره‌نگه!
به‌و حاڵه‌ش له نه‌وه‌ده‌کان به‌م لاوه، چه‌ند گه‌نجێک به هه‌وڵی خۆیان(بۆ وه‌ی هیچ قوتابخانه و زانکۆ و ئه‌کادێمیایه‌کمان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته و ته‌نانه‌ت خوێندن به‌زمانی کوردی نیه) ئاشنای خوێندنه‌وه نوێکانی سه‌رده‌م ده‌بن و ده‌یگۆزنه‌وه بۆ ناو ئه‌ده‌ب و ره‌خنه‌ی کوردی.. و به‌خۆشیه‌وه باشیشی لیکه‌وته‌وه. له‌و به ده‌گمه‌ن گۆڤار و حه‌وتوونامه و بلاڤۆک و کۆڕ و کۆبوونه‌وانه‌دا که ناوبه‌ناو یان به‌رده‌وام دێنه گه‌ڕ یا بڵاوده‌بنه‌وه(مه‌به‌ستم ئه‌م دیوه) هه‌نێ قه‌له‌می جیددی ده‌بینین که گۆمه مه‌نده‌که‌یان شڵه‌قاند و یارییه‌کی دیکه‌یان ده‌ست پێ‌کرد که ناو و شه‌پولگه‌لی یه‌ک وه‌دووی یه‌کی وه‌ک "داکار"، "رچه" "شێعری جیاواز"، "شێعری شێت" " نوێترخوازان"، چه‌ندخوێندنه‌وه‌یی" و ... ی وه به‌رهه‌م هانی و به خۆشیه‌وه گوڕ و تینێکی دیکه‌ی دا به ده‌ق و ره‌خنه‌ی کوردی.. و ناوگه‌لێکی وه‌ک ره‌هبه‌ر مه‌حموودزاده، عه‌بدولخالق یه‌عقووبی، به‌ختیار سه‌جادی، فه‌رزادمیرئه‌حمه‌دی، ساڵح سووزه‌نی و... ده‌چنه ژێرسه‌ردێڕی وتاره‌کان و هه‌ر ئه‌و کۆنگره‌ی جه‌نابت ئاماژه‌ت پێ‌کرد به قوه‌ته‌وه ساز ده‌بێ.. و باسگه‌لی جیددی تێدا دیته گه‌ڕ.. و کتێبگه‌ل و وتارگه‌لی باش له‌و به‌ستێنه‌دا بڵاوده‌بنه‌وه که گه‌مه‌که خۆشتر ده‌کا...
به‌ڵام له‌به‌ر چی له باشوور ره‌خنه‌کاری ئه‌ده‌بی به لاوازی ماوه‌ته‌وه؟ یه‌که‌م بۆ ئه‌وه‌ی گوتاری زاڵ له‌وێ هه‌مان گوتاری سیاسییه و لێره مه‌ودا بۆ ده‌ربڕینی سیاسه‌ت که‌م... دووهه‌م هێشتا له‌وێ ره‌خنه‌یان به‌م چه‌شنه پێناسه نه‌کردوه و به‌س بابه‌تیانه له ئه‌ده‌بیات ده‌ڕوانن! هه‌ڵبه‌ت پێویسته ئه‌وه‌ش بگوترێ له‌م ماوه‌ی دواییدا ره‌خنه‌گرانی ئه‌وێش خه‌ریکی ناساندنی شێوازه ره‌خنه‌ییه‌کانی سه‌رده‌م (به‌تایبه‌ت پێکهاته‌خوازی)ین و ره‌وته‌که له ساز بووندایه؛ بڕواننه کاره‌کانی شاهۆ سه‌عید و عه‌بدولمته‌لیب عه‌بدوڵا و هه‌نی له وتارگه‌لی سیهه‌مین فستیواڵی رۆشنبیری له سلێمانی بۆ وه‌ی راستی قسه‌که رونتر بێته‌وه.. هه‌رچی بێ، جیهان له ره‌وتایه و ره‌خنه‌ی کوردیش هه‌روه‌تر. لام وانیه بتوانێ خۆی له شه‌پۆله نوێ له‌دوای نوێکان بدزێته‌وه.
15- جه‌نابت له وتوێژێکدا ئاماژه‌ت به چه‌ند خوێندنه‌وه‌یی ده‌ق کرد، باست له‌وه‌کرد که ده‌کرێ ده‌قیک له چه‌ند گۆشه نیگای جیاوازه‌وه شرۆڤه و راڤه بکرێ. تکایه ئه‌گه‌ر ده‌کرێ زیاتر ئه‌م باسه شی بکه‌یته‌وه؟
- له‌زۆر شوین و هه‌ر له‌م وتوێژه‌ش دا ئه‌وه‌نده‌ی پێویست باسی چه‌ند خوێندنه‌وه‌ییم کردوه. وه‌ک کارکردی ئه‌و تیۆریه ده‌توانن بڕواننه کتێبی "نالی و خوێندنه‌وه نوێکانی سه‌رده‌م" نووسینی ئه‌م قه‌ڵه‌مه،که سه‌نته‌ری رووناکبیری ئێل به‌گی جاف له سلێمانی بلاوی کرده‌وه یا وتارگه‌لی "گوڵی شۆران و چه‌ندخوێندنه‌وه‌یی ده‌ق" ، چه‌ند خوێندنه‌وه‌ی ته‌می سه‌رخه‌ره‌ند" و زۆرینه‌ی وتاره ره‌خنه‌ییه‌کانی ئه‌م قه‌ڵه‌مه.. ره‌نگه پێویست بێ له‌م وتوێژه‌دا ئه‌مه دووپات بێته‌وه که؛ به‌گشتی دوو شێوازی سه‌ره‌کی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی بریتین له "خوێندنه‌وه‌ی بووتیقایی(هونه‌ر و جوانیی) و خوێندنه‌وه‌ی هێرمنۆتیکی( راڤه‌کاری بابه‌تیانه).. له هه‌رکام له‌و شێوازانه‌شدا خوێنه‌ر ده‌توانێ گرینگی بداته چه‌ند بابه‌تی جیاواز.. بۆ وێنه له‌خوێندنه‌وه‌ی چیرۆکێکی کوردی‌دا خوێنه‌ر ده‌توانی باسی گه‌مه‌کانی زمان. کات، شوێن، که‌س، رووداو و هۆکارێتی(علیت) بکا و له‌هه‌رکام له‌و خوێندنه‌وانه‌دا لایه‌نی تکنیکی و جوانناسی به‌رجه‌سته بکاته‌وه.. یان هه‌وڵبدا به شێوه‌ی نیشانه‌ناسانه. پێکهاته‌خوازانه، دیارده‌ناسانه، پێکهاته هه‌ڵوه‌شێنانه و .. چه‌ندین گۆشه‌نیگی دیکه‌ی فه‌لسه‌فی و ده‌روونشیکاری و سیاسی و ته‌نانه‌ت زانستی و ئوستووره‌یی و.. ده‌قه‌که شرۆفه بکا که ئه‌مه ده‌چێته خانه‌ی روانین یان خوێندنه‌وه‌ی هێرمنۆتیکیانه‌ی ده‌ق.. خوێنه‌رێک ده‌توانێ و مافی خۆیه‌تی هه‌رکام له‌و گۆشه‌نیگاگه‌له، یان هه‌موویان(به‌و مه‌رجه سه‌ره‌کییه‌ی که ده‌قه‌که هه‌ڵگری ئه‌و خوێندنه‌وانه ببێ) هه‌ڵبژێرێ. وزه‌ی ناوه‌کی ده‌ق لێره‌دا گرینگه بۆوه‌ی مه‌یدان بداته خوێندنه‌وه‌کان و ئاستی خوێنده‌واری و وزه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی خوێنه‌ره‌که‌ش گرینگتره بۆوه‌ی بتوانێ ده‌ق بکاته ژوه‌رده‌ق..
16- پرۆژه‌ی داهاتووت له بواری کاری ره‌خنه‌یی و تیۆری ئه‌ده‌بدا چیه؟
1- زۆربه‌ی وتاره ره‌خنه‌ییه‌کانم له دووبه‌رگدا به‌ناوی "له ژێر تیشکی ره‌خنه‌دا" ئاماده‌ی چاپ کردوه. (باوه‌کوو ئه‌و وتارانه لێره و له‌وێ له گۆڤاره جیاوازه‌کاندا بڵاو بوونه‌ته‌وه به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌هۆی ئه‌م دیو و ئه‌ودیوێ ره‌نگه له‌ودیو که‌م بینرابێتن) ده‌زگای بلاوکردنه‌وه‌ی هه‌نار به‌شی یه‌که‌می له سلێمانی بۆ چاپ کردم و هیوادارم بتوانم له داهاتوویه‌کی نزیکدا به‌رگی دووهه‌مێش بڵاو بکه‌مه‌وه.
2- وێبلاگه‌کانیش رێگه‌یه‌کی نوێ و سه‌رده‌مانه‌یه و له رێگه‌ی وێبلاگه‌کانمه‌وه هه‌نێ له کاره ره‌خنه‌ییه‌کانم بڵاو ده‌که‌مه‌وه.. هیواداره‌م بتوانم یان توانیبێتم که‌لێنێکی بچووک له ئه‌ده‌بی ره‌خنه‌یی ولاته‌که‌م پڕ بکه‌مه‌وه... به‌و ئاواته‌وه
--------
*- ئه‌م وتوێژه له گۆڤاری هه‌نار ژماره 39 دا بلاو بۆته‌وه
1- "قسه بیگێژه، بیبێژه، بیوێژه".. علاالدین سجادی- ده‌قه‌کانی ئه‌ده‌بی کوردی- بغداد-1978- ص 159
2- مبانی نقد ادبی- ویلفرد گرین-ارل لیبر-لی مورگان- جان ویلینگهم. ترجمه فرزانه طاهری. چاپ ارمغان. چاپ اول 1376
3- Samuel Johnson, Life of gray
4- من با شادمانی موافقتم را با خواننده معمولی اعلام می‌کنم، زیرا سرانجام حقل سلیم خوانندگان است که به دور از شائبه‌ی تعصبات ادبی با آن همه‌ظرافتهای نکته‌بینانه و جزم اندیشی علامه‌وار باید برای افتخارات ادبی حکم صادر کند. (همان منبع)
5- دیوان عالم ربانی شیخ احمد جزیری- تهران1361- با شرح هژار(عبدالرحمن شرافکندی) ص 525
6- ص 573 همان منبع
7- ص 128 ، همان منبع
8- ص 207، همان منبع
9- ص 54، همان منبع
10- "هه‌رچه‌نده که‌لام شبهی دوڕ بێت... بێ قه‌در ده‌بیت ده‌ما که پڕ بێت"
"خه‌ڵکی کو ژسینه و ژ دل ساف... پاکیزه سروشت و ئه‌هلی ئینساف..."
"لێ هێڤی ده‌که‌م ژ موسته‌عیدان..... حه‌رفان نه‌گرن ل موسته‌فیدان..
ئه‌ڤ نامه ئه‌گه‌ر خراپه، گه‌ر قنج... کێشایه مه دگه‌ل وی دووسه‌د ره‌نج...."
به نقل از؛ مه‌م و زین- احمد خانی- شرح پرویز جهانی- انتشارات صلاح ا‌لدین ایوبی- 1367
12- دیوان نالی- شرح ملا عبدالکریم مدرس و فاتح عبدالکریم- 1976- انتشارات صلاح ا‌لدین ایوبی- ارومیه
علاقمندان برای آشنایی بیش‌تر با موضوع نقد ادبی در حوضه‌ی ادبیات کلاسیک کردی می‌توانند به منابع اصلی زیر مراجعه نمایند؛
1- کێش و قافیه له شێعری کوردی‌دا(وزن و قافیه در شعر کردی)- د. مه‌عروف خه‌زنه‌دار- بغداد- 1962
2- د. عێزه‌دین مسته‌فا ره‌سول- خانی و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی- نووسه‌ری کورد-5-به‌غدا
3- علاالدین سجادی- ئه‌ده‌بی کوردی و لێکۆلینه‌وه له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا
4- علاالدین سجادی- ده‌قه‌کانی ئه‌ده‌بی کوردی- به‌غدا- 1978
5- عزیز گه‌ردی- ئه‌ده‌ب و ره‌خنه- چاپی یه‌که‌م- به‌غدا- 1974
6- ئیسماعیل ره‌سوڵ- چه‌ند باسێک ده‌رباره‌ی ئه‌ده‌ب و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی- به‌غدا1981
7- په‌یدابوونی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی له شێعری کلاسیکی کوردی‌دا(تا جه‌نگی گیتیی یه‌که‌م)- عه‌بدوللا یاسین ئامێدی- چاپی ئاراس- هه‌ولێر- 2003
<< صفحهٔ اصلی