کام رخنه
تێبینییه‌ک له‌سه‌ر بابه‌تی ( ڕه‌خنه ) له وێبلاگی کا‌ک "سلێمان دڵسۆز " دا .
فه‌ریدوونی ئه‌رشه‌دی
کاتی خۆی له‌و سه‌رده‌مانه‌دا که بونیادی نووسین به کوردی له ده‌وره‌یه‌کی تازه‌دا داده‌نرا " مه‌به‌ستم ساڵه‌کانی 63/64 به‌ملاوه‌یه " مانای ڕه‌خنه شتێکی دیکه بوو . لانی که‌م له بواره حه‌قیقیه‌که‌یدا و نه له‌م به‌ستینه مه‌جازی یه‌دا . به‌تایبه‌ت له‌بواری ئه‌ده‌بیات دا . له‌و ساڵانه‌دا سه‌ره‌تا له ماڵان و دووکانی دۆستان و پاشان له کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌کاندا باسی به‌رهه‌م و دونیای خه‌یاڵیی و مێتۆدی کار و تایبه‌تمه‌ندیی به‌رهه‌می به‌رهه‌مهێنه‌ران ده‌کرا . گه‌رچی به کرچ و کاڵی .
له‌و کاتانه‌دا و ئێسته‌شی ده‌گه‌ڵ بێت " ره‌خنه " مانایه‌کی دیاری کراوی هه‌بووه و هه‌یه ، به‌تایبه‌ت له بواری ئه‌ده‌بیات دا . گه‌ر چی ده‌کرێ کرداری کۆمه‌ڵایه‌تی که‌سێک هه‌ڵسه‌نگێنی و ناوی ره‌خنه‌شی لێ بنێی . به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی لایه‌نه‌کانی دیالۆگ دیار بن . گه‌ر لایه‌نێک له ڕه‌خنه دا دیار نه‌بێت ، قاچی ره‌خنه‌که له هه‌وادایه و نابێته پرۆسه‌یه‌کی مه‌نتیقی بۆ فێرکاری و هۆشیار کردنه‌وه . ئه‌وکه‌سه‌ی به ناوێکی خوازراوه‌وه ره‌فتاری که‌سێک یان شێوازێکی ئه‌ده‌بیی ده‌نرخێنێ و سه‌باره‌ت به‌و ڕاستییه‌ی پێی باوه‌ڕمه‌نده ده‌نووسێ ، ڕه‌نگه نه‌زانێ به‌و خۆ شاردنه‌وه‌یه چ خه‌سارێک له ره‌وتی نه‌هادیینه کردنی ڕه‌خنه‌گرتن ده‌دا و چۆن خۆڵ له چاوی خه‌ڵکی ده‌کات . یه‌که‌م دیارده‌ی خۆشاردنه‌وه له پشتی ده‌مامکی ناوی خوازراوه‌وه ئه‌وه‌یه که هه‌ستی متمانه پێکردن ، له لایه‌نی به‌رانبه‌ر ده‌ستینێ و ده‌رگای دیالۆگی ڕاسته‌قینه داده‌خات . کاتێک متمانه به لایه‌نی به‌رانبه‌ر نه‌ما و ده‌رگای دیالۆگ داخراو و به‌ستێنی ره‌خنه‌گری ، ئالووده‌ی قین و ئیهانه‌ت و گه‌له‌کۆمه‌ی خێڵه‌کی و گه‌ڕه‌کی و عه‌شیره‌یی بوو ، یه‌که‌م قوربانی خودی " ڕه‌خنه " یه و له پاشان هێزی داهێنان .
هه‌ر له‌م باسه‌دا که به ناوی " ڕه‌خنه " ! داتانناوه ، ده‌بینین که ته‌نیا که‌سانێک یا که‌سێک به چه‌ند ناوه‌وه یه‌ک شت ده‌ڵێنه‌وه و ئه‌گه‌ر که‌سێک په‌یدا بێت و دژ به‌و بۆچوونانه شت بنووسێ ، به نێردراوی لایه‌نی به‌رانبه‌ر و پیاوی ئه‌م و ئه‌و تۆمه‌تبار ده‌کرێ و هیچ نیشانه‌یه‌ک له لێک حاڵیی بوون به‌دی ناکرێ . له گه‌له‌کۆمه و هه‌ره‌وه‌زی له‌م چه‌شنه‌دا ، مۆتڵه‌ق خوازیی و مۆتڵه‌ق بینییه‌ک به‌رچاو ده‌که‌وێ که نیشانده‌ری کاریگه‌ریی ژیانێکی فیکری ناباڵغ و ناته‌واوه له نێو سیسته‌مێکی کلتووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی دیکتاتۆر لێدراودا . ئامانجی من له‌م نووسینه کورته‌دا لایه‌نگری له که‌س نییه ، هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌وه‌ی له‌م بۆچوونانه‌دا به ناوی " ڕه‌خنه" وه نووسراون فام بکه‌م . به‌لامه‌وه سه‌یره که‌سانێک به ناوێکی خوازراوه‌وه شتهایه‌ک سه‌باره‌ت به که‌سێک ده‌نووسن ، گه‌ر که‌سێکیش ڕایه‌کی موخالفی له به‌رانبه‌ریاندا نووسی ، تۆمه‌تباری ده‌که‌ن به نێردراوی ئه‌و که‌سه‌ی قه‌راره مه‌حکه‌مه بکرێ ، ئه‌م له‌شگره له ده‌مامک ، هێنده سه‌رشاری له‌زه‌تی داپلۆسینه که گوێی له وڵامی که‌سانی دیکه ناگرێ و داوای هاتنه مه‌یدانی خودی که‌سه‌که ده‌که‌ن تا بێت و وڵام بداته‌وه . به مانایه‌کی دیکه ، بێته به‌رده‌م دادگایه‌ک که له هیچ و خۆڕایی بۆی دانراوه و له‌م دادگایه‌شدا که‌س که‌س ناناسێ و هه‌موو ڕه‌خنه‌گران خۆیان له پشتی ماسک و ده‌مامکێکدا حه‌شار داوه و پێشیان وایه هه‌موو حه‌قانیه‌ت و مه‌شرووعیه‌تێک له لای وانه . ئه‌م کۆمێدی / تراژدیایه ، خه‌وفناکتره له دادگاکانی زه‌مانی ئێستالین و سه‌رده‌می ڕێنسانس .
هێنانه ئارای ئه‌م باسه و به‌م شێوازه ، قه‌تماخه‌یه‌ک له سه‌ر هیچ برینێک به مه‌به‌ستی سارێژ کردنه‌وه‌ی لانابات ، به‌ڵکوو ڕێگای ده‌رمانیش له چاره‌خوازان بزر ده‌کات . له‌م چه‌شنه خستنه رووی ده‌رده‌کاندا و به‌م هه‌ڵدانه‌وه‌ی به‌رنامه بۆ دارێژراوی قه‌تماخه‌کاندا ، ته‌نیا ئه‌وانه ده‌په‌یڤن که زامێکیان له دڕک وداڵی سه‌فه‌ری جاده‌ی داهێنان و نووسیندا پێوه نابینرێ . ئه‌مه به‌درێژایی مێژووی کورتی نووسین ، به‌تایبه‌ت لای ئێمه مانان و له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ، سه‌لمێندراوه . هه‌ر به‌م هۆکاره ساده‌یه که : ئه‌وکه‌سه‌ی به‌شێک له ڕێگاچاره‌ی له لایه ، له ترسی هێرشی به‌کۆمه‌ڵی قینخوازانه ، خۆی به‌م شتانه‌و‌ه خه‌ریک ناکات و حورمه‌تی به‌ستێنی کاره‌که‌ی خۆی ده‌پارێزێ و ئه‌گه‌ریش چاره‌یه‌کی پێ شک بێت ، له به‌رانبه‌ر ره‌خنه‌یه‌کی جیدیی دا ، له ده‌رفه‌تی دیکه ده‌گه‌ڕێ تا به شێوازێکی مه‌نتێقی و شایسته‌ی دونیای رووناکبیری و له سه‌ر ئه‌ساسی شێوازێکی ڕاست و درووست ، پێشنیاری بکات . ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی سه‌د مخابن له پانتایی ڕۆشنبیری ئێمه‌دا که‌م ده‌ست ده‌دات . ئه‌م جۆره به ڕواڵه‌ت ڕه‌خنه گرتنه نه ده‌ردێک ده‌رمان ده‌کات نه چاره‌یه‌ک بۆ ده‌رده‌که ده‌بینێته‌وه و پێشنیاری ده‌کات .
پلار گرتنه ئه‌م و ئه‌و ، نابێته ڕه‌خنه . مه‌ودای ئه‌م چه‌شنه پلار گرتنانه‌ش ، هه‌ر له به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵگری هیچ شێوازێکی زانستیی و دڵسۆزانه له زه‌مینه‌ی ڕه‌خنه‌دا نین ، زۆر کورت و که‌م خوێنه‌رن .
له نێو ئه‌م بۆچوونانه‌ی وا به ناوی ڕه‌خنه‌وه نووسراون ، نه‌مدیت که‌س باسێکی بابه‌تییانه‌ی دامه‌ز‌راو له سه‌ر زانستی ئه‌ده‌بیی و کۆمه‌ڵناسی ئه‌ده‌بیی کردبێ ، جگه تانه و ته‌شه‌ر و سوکایه‌تی پێ کردنی ئه‌و ره‌وته‌ی که ئێستێ له کوردستانی لای خۆمان پێی گرتووه . بۆیه من بۆ خۆم ئه‌و بۆچوونانه ناخه‌مه خانه‌ی " ڕه‌خنه " وه . هه‌ر وا که ده‌زانین " ڕه‌خنه " مێتۆد و شێواز، ئامانج و ئه‌نجامی تایبه‌تی خۆی هه‌یه . کاریگه‌رییه‌که‌شی ڕاست به‌ستراوه‌ته‌وه به ئاستی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی لێی وه‌ده‌نگ دێین و هه‌روه‌ها ئاستی زانست و خه‌مخۆری و جیدی بوونی ئه‌و که‌سه‌ش که ڕه‌خنه‌گره .
ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه له سه‌ر ره‌وتێکی ئه‌ده‌بیی ده‌گیرێ ، ده‌بێ له سه‌ر ده‌قی به‌رهه‌مه‌کان و ئه‌و نووسراوانه‌ی له داکۆکی پێڕه‌وانی ڕه‌وته‌که‌دا نووسراون ، ته‌ئویل و لێکدانه‌وه‌ی موشه‌خسی هه‌بێت .
له‌هه‌موو ده‌وره و زه‌مانه‌یه‌کدا ، که‌سانێک هه‌وڵ ده‌ده‌ن ڕه‌وت و ڕێبازی ئه‌ده‌بیی زمانێک به‌ره‌و به‌ستێێکی نوێتر و نه‌پێوراوتر به‌رن . له‌م هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌دا ، که ململانێی نێوان مانه‌وه‌ی بنه‌ما کۆنه‌کان و دامه‌زرانی بنه‌ما نوێیه‌کانه ، هه‌میشه و به‌رده‌وام که‌سانێک ، به هه‌ڵه یان ڕاست ، یان به په‌له ، له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان که نه‌ریتی نوێکارییه‌کان شرۆڤه و شیکاری بکه‌ن و له‌هه‌مان کاتیش‌دا به‌رهه‌م و ره‌فتار و ئاکاری تایبه‌ت به‌و ڕوانگه‌یه‌ش له خۆ نیشان بده‌ن . بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هیچ عه‌یب و شووره‌یی نییه گه‌ر له مێتۆد و شێواز و تیۆری میله‌ت و زمانانی دیکه که‌ڵک وه‌ربگرن و باسه‌کانی خۆیانی پێ ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌ن .
{ له سه‌رانسه‌ری مێژووی نه‌چه‌ندان ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخی کوردی‌دا له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ، کاتێکی دیکه‌م پێ شک نایه که به قه‌ده‌ر ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی و له سه‌رده‌ستی چه‌ند لاوێکی دڵسۆز ، ده‌قی ئه‌ده‌بیی و کێشه‌کانی زمان و ئه‌ده‌بیات و شیعری کوردی ، ئاسته‌نگ و ئاسۆی داهاتووی شیعر و زمان و ئه‌ده‌بیاته‌که‌مان ، هه‌ڵسه‌نگێندرابێ و شتی له سه‌ر نووسرابێ }.
له هه‌مان کاتدا و له به‌رانبه‌ردا ، زۆر ئاساییه که که‌سانێکیش هه‌وڵ بده‌ن بنه‌ما کۆنه‌کان بپارێزن و نه‌هێڵن سترۆکتۆر و ساختومانی زمانیی و جوانی ناسانه‌ی تێک بشکێ . چ خوێنێک له‌م بواره‌دا نه‌ڕێژاوه ، چ که‌سایه‌تییه‌ک له‌م به‌ردبارانه‌دا تێک نه‌شکاوه ؟ مێژووی زامداری داهێنان و نوێخوازی ، سووره به‌م ململانێیه .
من به‌ش به‌حاڵی خۆم له‌و کاتانه‌دا که ئه‌م شه‌ڕی نوێخوازی و پاوانخوازییه له لای خۆمان گه‌رمتر داهاتبوو ، له‌وێ نه‌بووم . به‌ڵام پرووشه‌ی ئه‌و بارینه شڵێوه‌یه ، ده‌گه‌یشته لای منیش . خۆشحاڵیی من له‌و زه‌مانه‌دا ئه‌وه بوو که نه‌وه‌یه‌کی نوێ هاتوته مه‌یدان که دژبه‌ری بنه‌ما کۆنه‌کانه . ( راست یان ناراست ). خۆشحاڵی زێده‌تریشم ئه‌وه بوو که بینای دیالۆگ و گفت و لفت و وتووێژ له لای ئێمه مانان دامه‌زراوتر بووه . ( به تایبه‌ت له نێو ئه‌ده‌بیی کاران و خه‌ڵک) دا . که‌چی ئێستێ له‌م ده‌رفه‌ته دا که به کورتی له‌سه‌ر ئه‌م باباته دواون ، له لایه‌که‌وه ئه‌و شتانه‌ی من هیوام خواستبوو بێنه دی و خه‌ڵکانێکیش له دژوارترین بارودۆخدا بۆی کاریان کردبوو ، لام بوونه تارمایه‌کی نامۆ . ( مه‌به‌ستم ره‌خنه‌ی ئه‌دبیی و دیالۆگ و نرخاندن و هه‌ڵسه‌نگاندن و شه‌ن و که‌و) کردنی ره‌وتێکه به هه‌موو قه‌واره‌ی به‌رهه‌م ، ئه‌ندێشه و بۆچوونی ئه‌وانه‌شه‌وه که ده‌گه‌ڵیان هاوڕا و هاوهه‌نگاو نین ، یان هه‌ن . له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ئیمانم به کاری نوێخوازان پته‌وتر ده‌کات و دڵنیام ده‌کاتن که کاره‌که‌یان هێنده ڕیشه‌یی و کاریگه‌ر بووه که " نیما " وته‌نی : ( آب در خوابگه مورچگان ریخته‌ام ) .
ئاکار وهه‌ڵسوکه‌وت و ته‌نانه‌ت چۆنیه‌تی جل له‌به‌رکردن و ڕدێن تاشین و ژیانی نێو بنه‌ماڵه‌یی که‌سانی به‌رهه‌مهێنه‌ر ، له کۆمه‌ڵگایه‌کی تا سه‌ر ئێسقان " ئه‌خلاقی " دا ، به شێوازێک ده‌کرێنه بیانوو بۆ سڕینه‌وه‌ی سه‌رله به‌ری کار و چالاکی و داهێنانه‌کانیان که له ئاکامدا دبێته هۆی خۆشاردنه‌وه و بێده‌نگ بوونی ئه‌و که‌سانه و کپ و که‌ڕ کردنی به‌ستێنی دیالۆگی مه‌نتێقی . ئه‌م ڕه‌فتاره ، به‌ربه‌ست دانانێکی ئه‌خلاقیی و ناکارامه‌شه له بواری ڕه‌خنه‌ی زانستی دا که یارمه‌تی ده‌ری کرانه‌وه‌ی که‌ش و هه‌وای داهێنانه و له هه‌مان کاتدا بێ بایه‌ختر کردنی ڕه‌نج کێشانه له پێناوی به‌رهه‌مهێنانی کاری تازه دا .
ئه‌وه‌مان له یاد نه‌چێت که به " ڕێبه‌ر و پێشه‌نگ " زانینی رووناک‌بیر و شاعیر و ره‌خنه‌گر ، به‌رهه‌می مێتۆدی ئه‌و قوتابخانه ئه‌ده‌بیی و فیکرییانه‌یه که له سه‌ر سیسته‌می ئایدۆلۆژیایه‌کی دیاری کراو دامه‌زراون . ئه‌و میراته که به شێوه‌یه‌کی ئه‌خلاقی ( چ راست و چ چه‌پ . چ ئیسلامی و چ مارکسیستی ) هه‌ڵسوکه‌وت و زاهیر و باتن و به‌رهه‌م و بیر کردنه‌وه‌ی رووناکبیرانی دیاری ده‌کرد و پێوه‌رێکی چوارچێوه داری بۆ هه‌ڵسوکه‌وتی مروڤی چالاک له بواری ئه‌ندێشه‌و هونه‌ر دا ، داده‌نا . ئه‌م چه‌شنه ڕوانینه ئێستاکه‌ش له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا و به‌داخه‌وه له نێو بڕێک له قه‌ڵه‌م هه‌ڵگراندا ده‌بینرێ .
له هه‌موو مێژووی داهێنان و به‌رهه‌مهێناندا ، هاوته‌ریب ده‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌ند که‌سانه‌ی که ئه‌رکی مێژوویی داهێنایان به شێوه‌یه‌ک نابه‌خۆ و به حوکمی زه‌مینه‌ی له‌باری ده‌روونی و ....خراوته ئه‌ستۆ ، له‌شگرێکی ناکارمه‌ی دژ به هه‌موو نوێکارییه‌ک به هه‌ڵه‌داوان و هه‌ڵپه‌هه‌ڵپ ، خۆیان له بوارێک ده‌ده‌ن که مه‌له‌وانی تایبه‌ت و کارامه‌ی ده‌وێ . ئه‌م له‌شگره ناکارامیه ، له‌به‌ر که‌م توانایی فیکری و خه‌یاڵیی و کورت بوونی مه‌ودای بیر و ئه‌ندێشه‌یان ، له بازنه‌ی گۆمی گێژاو ئاسای پاراستنی بنه‌ما کۆنینه‌کاندا ده‌سوڕێنه‌وه و به هه‌ڵه‌داوان ، ده‌ست و لاقی داهێنه‌ران ده‌گرن تا له‌و گێژاوه‌یدا که خۆیانی تێدا نوقم و نغرۆن ، نوقم و نغرۆیان بکه‌ن .
له‌که‌س شاراوه نییه ، ئه‌وانه‌ی خه‌ریکی کاری به‌رهه‌م هێنان ، خاوه‌نی هه‌ندێ تایبه‌تمه‌ندین که به مه‌زاق و سه‌لیقه‌ی زۆر که‌س له کۆمه‌ڵگای ئێمه ماناندا ، خۆش و گوارا نایه‌ن . ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه ، له شێوه‌ی ژیان و قسه کردن و جل پۆشین و.... بگره تا شێوازی نووسین و بیر کردنه‌وه‌یانه‌وه ، سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن که مرۆڤی داهێنه‌ر ( جیا له ئاستی به‌رزی و نزمیی کاره‌که‌ی ) که‌سایه‌تییه‌کی تا ڕاده‌یه‌ک جیاوازه . ئه‌م جیاوازییه‌ش ، ئه‌ڵبه‌ته له روانگه‌ی سیسته‌می ئایدۆلۆژییایه‌وه ، که‌سه‌که یان ده‌کاته که‌سایه‌تییه‌کی " موقه‌دس " یان " نفرین کراو " . ڕه‌ش و سپی ڕوانینی ئه‌و له‌شگره ناکارامه‌یه ، هه‌ر له‌م سۆنگه‌وه دێت . مه‌نفوور و موقه‌ده‌س بوونه‌که‌ش ده‌به‌سترێته‌وه به " له‌گه‌ڵ بوون " یان " له‌گه‌ڵ نه‌بوونی " ئه‌و که‌سه له ته‌ک سیسته‌می باوی هونه‌ری ، کۆمه‌ڵایه‌تی ، سیاسی ، یان ئایینی . ئه‌و له‌شگره . له‌شگه‌رێیکی سه‌راسیمه ، که له شوێنێکی دیاری پاوانخوازانه‌وه هانده‌درێ و چه‌کدارده‌کرێ به چه‌کی هه‌تک کردن و له‌به‌رچاوی خه‌ڵک سووک کردن و بشکێنه‌ری که‌رامه‌تی ئه‌وانه‌ی سه‌رمایه‌یه‌کی دیکه‌یان نییه جگه قه‌ڵه‌م و چه‌ند کتێب و کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی له بن نه‌هاتووی ئه‌به‌دیی . ئه‌م له‌شگره ناکارامه و چاو له ده‌مه ، به ناوی جۆراوجۆر و جلی هه‌رده‌م گۆڕدراوه‌وه ، مه‌یدانداری مه‌یدانێکه که مرۆڤی خاوه‌ن که‌رامه‌تی پێ قبووڵ ناکرێ . چ سیسته‌مێک له پشتی هاندانی ئه‌م له‌شگره‌وه‌یه ، دیار و ئاشکرایه . ئه‌و سیسته‌مه فیکرییه‌ی نایهه‌وێ سیمبۆل و نیشانه و ڕه‌مز و شکۆی فیۆدالیزمی ئه‌ده‌بیی و خه‌یاڵیی داسه‌پاو به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا ، تۆسقاڵێک تووشی نوشوست ببێت . ئه‌م سیسته‌مه که به درێژایی مێژووی به‌رهه‌مهێنان ، خۆی نوێ کردووته‌وه ، که‌ره‌سته‌و که‌سی خۆی ده‌خاته مه‌یدانه‌وه تا به شێوه‌یه‌کی سیسته‌ماتیک و تا ڕاده‌یه‌کی زۆریش شاراوه ، هێرش بکه‌نه سه‌ر ئه‌و دامه‌زراوه فیکری و خه‌یاڵییه‌ی ، ته‌نیا تاوانیان ده‌ربڕینی بۆچوونی تازه‌تره . ئه‌م هێزه نه‌خوێنده‌وار و هان دراوه‌ی هاوار بۆ پاراستنی میراتی نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌کات ( چ له باری فیکری و زمانیی و ئایینه‌وه ، چ له باری ئابووری و سیاسییه‌وه ) پشتگرمه به قه‌راره‌کانی ده‌رچووی دیوه‌خانانی ئه‌ده‌ب و ئه‌ندێشه ، پڕ چه‌که به ساڵه‌ها ئه‌زموونی له‌قاو دان و پاش ناو و پێشناو دروست کردن ، ڕازاوه‌ته‌وه به دروشمی وا ، که ئه‌قڵی مرۆڤی ساویلکه‌ی پێ راده‌وه‌ستێنێ ، هه‌ستی ده‌وروژێنێ و هانی ده‌دات بۆ خۆ خستنه نێو ریزه‌کانی له‌شگرێکه‌وه که له ئانجامدا هیچی به‌ده‌سته‌وه نابێت جگه مه‌یدانێکی چۆڵکراو له داهێنان ، چه‌ند داهۆڵ و مۆته‌که‌ی پرتووکاو و هه‌ندێ تابۆی پیرۆز کراو . دڵخۆشه به‌و چه‌ند ده‌نگه‌وه که به ڕواڵه‌ت نوێنه‌رایه‌تی ئه‌ندێشه و خه‌یاڵی ئه‌و ده‌که‌ن و ده‌ربڕی ئاواته‌کانین . شاگه‌شکه‌یه به له مه‌یدان به ده‌رکردنی ده‌نگ و ڕه‌نگه جیاوازه‌کان . ده‌سڕه‌نگینه به خوێنی قه‌ڵه‌مانی تازه پێ گرتوو . هه‌ڵوه‌دای پاراستنی ئه‌و میراته‌یه که خۆشی ناتوانێ و ناشزانێ چۆنی لێکبداته‌وه و چۆنی ته‌ئویل و شرۆڤه بکات تا یارمه‌تی ده‌ری ژیانی فیکریی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی بێت .
من بۆ خۆم ، هه‌ندێ ئاکاری نوێخوازانم جگه چه‌ند قه‌ڵه‌می جیددیان نه‌بێت ، له بواری زمان و داڕشتنی زمانییه‌وه ، به تابه‌ت له شیعر دا ، به دڵ نییه . ده‌شزانم که جگه ئه‌و چه‌ند قه‌ڵه‌مه جیدییه ، زۆربه‌یان کۆپیکاری ده‌سته چه‌نده‌می شیعری شاعیرانی دیکه‌ن و ئه‌مه‌ش له لای من زۆر ئاساییه و نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه به تایبه‌تمه‌ندیی ڕه‌وته‌که‌وه ، به‌ڵکوو له هه‌موو سه‌رده‌مانێکدا هه‌ن ئه‌و که‌سانه‌ی بێ به‌هره‌ن و ڕه‌شکه‌ره‌وه‌ی ڵاپه‌ڕه سپییه بێتاوانه‌کانن .
له لایه‌کی دیکه‌وه ، ڕه‌نگه ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ی من سه‌باره‌ت به که‌موکووڕییه‌کانی ڕه‌وتی تازه ، له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێ که ڕاهاتووی سیسته‌مێکی داڕشتنی زمانیی و فۆرمیم که پێم ناڕه‌وا بێت که‌سانێک تێکی بشکێنن ، به‌ڵام ئه‌و ڕاستییه ده‌زانم که قه‌واره‌ی خه‌یاڵیی و زمانیی و داهێنانی هه‌ر سه‌رده‌مێک ، مرۆڤی ئه‌و سه‌رده‌مه خۆی دیاری ده‌کات و دایده‌ڕێژێ . بۆیه هه‌وڵ ده‌ده‌م فامیان بکه‌م و له هه‌ڵه‌که‌یان ده‌رس وه‌ربگرم و له تواناکان و ئاسۆی تازه‌بینراویان شتی تازه‌تر فێر ببم . ده‌شزانم که له هه‌موو هه‌وڵێکی تازه و ده‌سپێشخه‌رانه‌دا ، به‌رده‌وام هه‌ڵه هه‌یه و شتی ناته‌واو و ناڕاستیش دێته به‌رهه‌م . له‌وه‌ش ناترسم که سیمای ئه‌ده‌بیی نه‌ته‌وه‌که‌م له‌و به‌شه‌ی کوردستاندا که ئێمه‌ی تێدا نێشته‌جێین بشێوێنرێ ، چونکوو به‌و ئه‌سڵه ئه‌ساسییه باوه‌ڕم هه‌یه که هه‌ر ته‌قه‌لایه‌کی نوێخوازانه ، به هه‌موو که‌م و کوڕییه‌کانیه‌وه کاریگه‌ری خۆی له سه‌ر پانتایی داهێنان داده‌نێت و به به‌ربه‌ست کردنی بواره‌کانیان ، کپ و بێده‌نگ ناکرێن و ده‌نگ و به‌رهه‌میان ده‌گاته ئاینده .
کێ هه‌یه نه‌زانێ ساڵح سووزه‌نی و یونس ڕه‌زایی و عه‌بدولخالق یه‌قووبی و ڕه‌زا عه‌لیپوور و قه‌ره‌نی ئه‌حمه‌د ئاقائی و له‌یلا ساڵحی و به‌هزاد کوردستای و ئیبراهیم ئه‌حمه‌دی نیا و..... قه‌ڵه‌مگه‌لێکی جیدی و به‌هێز و چالاکن له بواری ڕه‌خنه و شیعر دا . ئه‌م که‌سانه ئه‌گه‌ر خه‌می زمان و ئه‌ده‌بی کوردیان نه‌بێت ، چ هانده‌رێکی دیکه ده‌یانهینێته ئه‌و بواره‌وه که هیچی تێدا نییه جگه زه‌حمه‌ت و ته‌قه‌لا و خه‌می ئه‌وه‌ی که شیعر یا وتارێکی جیدی بنووسن ؟
ئه‌م مرۆڤه لێبڕاوانه‌ی هه‌موو کار و تیکۆشانیان دۆزینه‌وه و کردنه‌وه‌ی ڕێگایه‌کی نوێیه له به‌رده‌م نه‌وه‌ی تازه‌دا . بۆیه ده‌بێ به ستایشه‌وه چاو له خه‌یاڵ و به‌رهه‌مه‌کانیان بکرێ و له باتی ئه‌وه‌ی دڵساردیان بکه‌ینه‌وه و له په‌راوه‌زیان بخه‌ین ، باشتر و عاقڵانه‌تر ئه‌وه‌یه نیگه‌رانی ئه‌وه بین که له‌و ته‌قه‌لایه‌ندا کۆسپیکیان نه‌یه‌ته سه‌ر رێ ، تا به‌رهه‌می نوێتر بخولقێنن . هانیان بده‌ین بۆ کاری جیدی تر و که‌م هه‌ڵه‌تر . ئه‌و که‌سه‌ی کاری جیدی ده‌کات ، بێگومان هه‌ڵه‌ش ده‌کات .
له نێو ئه‌م که‌سانه‌دا ، کا‌ک ساڵح سووزه‌نی به‌و هه‌موو ته‌قه‌لایه‌وه بۆ گه‌یشتن به ئاسۆی داخوازیه‌کانی ، هیچ نه‌بێ له شکاندنی تابۆی ترسی شرۆڤه‌ی ئه‌مرۆژیانه‌ی به‌رهه‌می ئێستا و ڕابردووی زمانه‌که‌مان ، نه‌ترسانه کاری کردووه و به‌رده‌وامیشه ، گه‌رچی به داخه‌وه زۆر جاران خۆی به چه‌شنێ نیشان ده‌دات که ببێته سه‌رچاوه‌ی شیعریی و ڕه‌خنه‌یی ئێستای لای خۆمان . تایبه‌تمه‌ندیی کا‌ک ساڵه له‌و بواره‌دا ئه‌وه‌یه که له وتووێژه‌کان و له وتاره‌کانیدا زۆرتر شیعره‌کانی خۆی و ناوه ناوه‌ش شیعری یه‌ک دوو که‌س ده‌کاته نموونه بۆ سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی شیعری هاوچه‌رخی ئێستامان ، به تایبه‌ت له نوێخوازی و نوێتر خوازیدا . ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامدا بازنه‌ی کاریگه‌ری وتار و وته‌کانی که‌م ده‌کاته‌وه . که‌وابوو یه‌که‌م زه‌ره‌رمه‌ند له‌م قه‌زییه‌دا ، خودی کا‌ک ساڵه یه . ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه نگه‌تیڤه ، ده‌توانرێ به شێوازێکی مه‌نتێقی به خودی کا‌ک ساڵه بوترێ ، یان له وتارێکدا به نموونه و سه‌نه‌ده‌وه ، بخرێته به‌ر ده‌ستی خوێنه‌ران ، دڵنیام کاریگه‌رییه‌که‌شی ئاسانتر و زورتر ده‌بێت و پێویست به‌وه ناکات له بنه‌وه نامه و په‌یغام بۆ یه‌کتر بنووسین و یه‌کتر ئاگادار بکه‌ینه‌وه که ئاگات له خۆت بێت تۆش وات لێ نه‌یت ، ئه‌ویش به زمانی شیرینی فارسی ! و به واژه‌هایه‌کی ناشیرین . ( مه‌به‌ستم نامه‌ی ئه‌و " دوست " یه بۆ کا‌ک " سلێمان دڵسۆز " ، که ئه‌ویش هێناویه و له وێبلاگه‌که‌ی خۆی دایناوه و چه‌ند دۆستێکی ناسراو و نه‌ناسراویش بۆچوونیان له سه‌ری نووسیوه )
سه‌ره‌ڕای هه‌مه‌وو ئه‌مانه ، له‌م شه‌ڕی ئه‌زه‌لیی و ئه‌به‌دیی نێوان کۆن و نوێیه‌دا ، براوه ئه‌و که‌س و ڕه‌وته‌یه که به سیسته‌مێکی ئه‌قڵانییه‌وه ، بنه‌مای بیر و هزر و خه‌یاڵی خۆی و رێبازه‌که‌ی هێنده تێوریزه بکات که قابیلی ته‌ئویل و لێکدانه‌وه بێت . ئاینده هی ئاینده سازنه .
1 نظر:
در ۲:۴۹ قبل‌ازظهر, soran گفت...
ئه‌گه‌ر وه‌ک که‌سێکی بێ لایه‌ن و دوای ته‌واو بوونی ئه‌م شۆڕش و سه‌رهه‌ڵدانه! چاوێک به سه‌ر ره‌خنه‌ی کا‌ک فه‌ریدوونی ئه‌رشه‌دی و تێبینی کا‌ک ساڵه‌ی سووزه‌نی دا بخشێنین، جیاوازی هزر و چه‌شنی روانگه‌ی ئه‌م که‌سانه له‌گه‌ڵ دۆستانی کا‌ک سلێمان دڵسۆز دا ده‌بینین و زیاتر که‌م جیقه‌ڵدانی ئه‌وانمان بۆ ده‌رئه‌که‌وێ! کا‌ک سلێمان! ئایا به‌راستی تۆ ئه‌م 47 بۆچوونه‌ت پێ ره‌خنه‌یه یان وتاره‌که‌ی کا‌ک فه‌ره‌یدوون؟ من پێم وایه ته‌نیا کامێنتێک که که‌سایه‌تیه‌که‌ی ئاشکرا بوو کا‌ک مسته‌فا شێخه بوو که ناوی خۆی هێنا و کا‌ک ساڵه‌ش ( به پێی توانا) ته‌نیا وڵامی کا‌ک مسته‌فای دایه‌وه که بۆی دیار بوو کێیه! من پێموایه و له شێوه‌ی نووسینه‌کان زۆر به‌رچاوه که ئه‌م کامێنتانه له لایان دوو سێ که‌سی تایبه‌ت دا نووسراوه و جا هه‌ر جار و به ناوێکی جیاوازه‌وه شتێکی داناوه، ئایا ئه‌م دۆستانه‌ی کا‌ک سلێمان ئه‌توانن به‌رهه‌مه‌کانی خۆیان که به‌زمانی کوردی نووسیویانه پێمان بناسێنن و ئایا ده‌زانن شێوازی ره‌خنه نووسین چۆنه، یان هه‌ر وا خۆیان به ده‌مامکی ساخته‌وه حه‌شار ئه‌ده‌ن؟ ئایا ئه‌م ده‌مه‌قڕه و چه‌له‌حانه‌یه – و تۆمه‌تبارکردنی هه‌ر که‌سێک که لایه‌نی کا‌ک ساڵه‌ی گرتووه به ده‌سماڵکێشی ئه‌و- رێسای ره‌خنه‌یه؟ به‌داخه‌وه ئێمه بۆ هێرش کردنه سه‌ر که‌سایه‌تی دیتران زۆر ئازاین به‌ڵام ناتوانین ناوی خۆمان ئاشکرا بکه‌ین – ئازایه‌تییه‌که‌مان ون ده‌بێ! – چۆنه بێ هیچ نموونه هاوردنێکی ده‌ق و ته‌نیا به پێی ورووژانێکی کاتی ( هیجان لحظه‌یی ) چاومان ده‌نووقێنین و ئه‌وه‌ی به‌زارمان دا بێت ده‌یڵێین، دیاره سه‌لیقه‌ی مرۆڤ جیاوازه و ناتوانین تاقه چێژێکی تایبه‌ت به سه‌ر مرۆڤ دا بسه‌پێنین و ره‌نگه زۆر که‌س به پێی شێوازی جیاوازی نووسینی کا‌ک ساڵه مه‌زاقیان له سه‌ر نه‌بێ و پێیان دابێکی ناشیرێن بێت، به‌ڵام ئه‌قڵی جه‌ماوه‌ر وا هه‌ڵده‌گرێت به شێوه‌یێکی زانستی و به هێنانی نموونه‌ی ده‌قی تایبه‌ت به‌و ره‌خنه و له رووی پێوه‌ر و روانگه‌ی خۆیه‌وه بێته نڤیسان، دیاره ره‌خنه رووبه‌رووی ده‌ق ده‌بێته‌وه نه‌ک مۆدێلی ریشی کا‌ک ساڵه! کا‌ک سلێمان له یه‌کێک له کامێنته‌کاندا ده‌ڵێت: « هاوڕێیان! مه‌به‌ستی من له دانانی کامێنتی ئه‌و خۆشه‌ویسته ئه‌وه بوو ئیعتراف به هه‌ڵه‌یه‌کی خۆم بکه‌م. به‌و کاره ویستم قه‌تماغه له‌سه‌ر برینێکی هاوبه‌شی رووناکبیرانمان هه‌ڵده‌مه‌وه و پێش هه‌موانیش خۆم. چاوت لێیه ئه‌و خه‌ڵکه چه‌ندیان قسه‌ی په‌ندخواردوو له دڵدا بووه و تا ئێستا نه‌یاندرکاندووه! ئه‌مه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه ئێمه هێشتا له ده‌ربڕینی رای خۆمان ده‌ترسین. چاوت لێیه زۆربه‌ی ئه‌و دۆستانه هێشتا زات ناکه‌ن ناوی خۆیان ئاشکرا بکه‌ن! هه‌رچه‌ند دیاره ئه‌وی نووسیویانه بڕوایان پێیه.» مه‌گه‌ر کا‌ک ساڵه دێوه‌زمه‌یه که هه‌م زات ناکه‌ن ناوی خۆیان بنووسن و هه‌م ده‌ترسن رای خۆیان ده‌ربڕن؟ مه‌گه‌ر مسته‌فا شێخه که ناوی خۆی هێناوه رووبه‌رووی چ سزاییه‌ک بۆته‌وه، جگه له‌وه‌ی راستییه‌کان روون ده‌بنه‌وه و هه‌ڵه‌کان راست ده‌کرێنه‌وه؟ من پێم وایه ئه‌وه‌ی که ناوێری رای خۆی ده‌ربرێ یان ته‌نانه‌ت ناوی خۆی بنووسێت هی ترسه‌نۆکیه‌که‌یه‌تی له هه‌مبه‌ر ده‌سه‌ڵات دا، زۆر به روونی دیاره که کا‌ک ساڵه نه پێوه‌ندی به ده‌سه‌ڵاتی حوکمه‌ته‌وه هه‌یه و نه قۆڵ و باڵێ وای پێوه‌یه له شان و باهۆی بترسن! ئاشکرایه ته‌نیا ترسی هاورێیانی کا‌ک سلێمان _ به پێی پێ لێنانی خۆی - له ده‌سه‌ڵاتی زمانی که‌سانێکی وه‌ک کا‌ک ساڵه‌یه و ئه‌زانن که به شێوه‌ی زانستی ناتوانن به‌ره‌نگاری بیری نوێ و به‌رهه‌می داهێنانه‌ی ئه‌م که‌سایه‌تیانه بن و کورد وته‌نی ده‌ره‌قه‌تی بێن، ئه‌گینا تا ئێستا چه‌ندین که‌س ره‌خنه‌یان که کاره‌کانی کا‌ک ساڵه گرتووه و شوکر بۆ خوا هێشتا ماون! حاشاهه‌ڵنه‌گره هاورێیانی کا‌ک سلێمان ده‌زانن که کاره‌که‌یان ره‌خنه نییه و به‌ڵکوو هێرش کردنه سه‌ر که‌سایه‌تی خودی کا‌ک ساڵه‌یه ئه‌گینا ناوی خۆیان وه‌ک پ... ده‌نووسی و ترسی چی و شتی چی؟ بۆ ئه‌بێ قسه‌ی په‌ندخواردوویان ــــ سه‌باره‌ت به کا‌ک ساڵه ــــ له دڵدا بووبێت و تا ئێستا نه‌یاندرکاندبێت، کێ به‌ره‌نگاریان بووه جگه لاوازی خۆیان له مه‌ڕ ره‌خنه‌ی سه‌رده‌م؟ سه‌دان ژورناڵ و وێبلاگ و ماڵپه‌ڕ هه‌یه که ئه‌توانن ره‌خنه‌ی ئه‌م هاورێیانه وه‌ک به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی وه‌ربگرن و بڵاوی بکه‌نه‌وه، ئیتر نه ئه‌بێ به قه‌تماغه و نه برین ده‌رده‌دا! هیوادارم له سه‌ر ئه‌ده‌ب، به ئه‌ده‌ب وڵام بده‌ینه‌وه نه‌ک به سووکایه‌تی کردن و ته‌سویه حسابی شه‌خسی، من پێموایه ده‌ستێک له کاردایه که ئه‌یه‌وێت له ناو بیرمه‌نده‌کانی کورد دا قه‌ڵه‌شتێک و دوژمنایه‌تیێک ساز بکات...
سۆران محه‌مه‌دی
ارسال یک نظر
اشتراک در نظرات پیام [Atom]
<< صفحهٔ اصلی