فستیواڵی پیرانشار
فستیواڵی شێعری هاوچه‌رخی کوردی(پیرانشار) کۆتایی هات!
دوێنێ 21ی ره‌شه‌مه فستیواڵی شێعری هاوچه‌رخی کوردی به خوێندنه‌وه‌ی به‌یان نامه‌ی لێژنه‌ی داوه‌رن و دابه‌شکردنی خه‌لات به‌سه‌ر هه‌ڵبژێردراوانی شێعر و شاعیران کۆتایی هات.
له‌م فستیواڵه‌دا په‌نجاو ئه‌وه‌نده شێعر خوێندرایه‌وه و دووئه‌وه‌نده شێعر و شاعیر له زۆربه‌ی شاره‌کانی کوردستان مه‌ودای خویندنه‌وه و چوونه سه‌رشانۆ و پشت تریبۆنیان پێ نه‌درا... کۆتایی فستیواڵه‌کان ناخۆشن بۆ وه‌ی به‌رده‌وام که‌مینه‌یه‌ک خه‌ڵات وه‌رده‌گرن و زۆرینه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی که زوڵمیان لێ چووه و مافی خۆیانیان نه‌دراوه‌تێ و له‌وانی دیکه شاعیر تر بوونه و "حه‌زف" کراون و وه‌به‌ر مقه‌ستی تایبه‌ت که‌وتوون و ... فستیواڵ به‌جێدێڵن.. به‌ڵام ئه‌وه رواڵه‌تی فستیواڵه‌کان بووه و هیچ فستیواڵێک به‌هه‌ر ئامانج و پیڕه‌وێکه‌وه ناتوانێ دڵی زۆرینه‌ی به‌شداربووان رازیی بکا .. به‌ڵام گرینگ ئه‌وه‌یه بزانین فستیواڵه‌کانی لای ئیمه و ره‌نگه له‌هه‌موو دنیا ته‌عامولێکه له‌نێوان رووناکبیران له لایه‌که‌وه و سیسته‌مه‌کانی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌کی تره‌وه.. هه‌رکام له‌م دووبه‌ره‌یه(ئه‌گه‌ر دووبه‌ره‌یی نێوان ئه‌و دوانه‌مان قه‌بووڵ بێ)1 بۆ ویست و ئامانجێکی تایبه‌ت هه‌زینه ده‌که‌ن و ئه‌وه‌نده‌ی هه‌زینه‌کانیان و بگره زێده‌تریش داوای حاسڵاتی لێده‌که‌ن.. من به‌رده‌وام له‌هه‌موو فستیواڵه‌کاندا ئه‌وه‌م دووپات کردۆته‌وه که فستیواڵێک سه‌رکه‌وتووه که، 50% زێده‌تری به پێی خواستی رووناکبیران یان هونه‌رمه‌ندانی به‌شداربوو هاتبیته‌گه‌ڕ . واته حاسڵاتی فستیواڵه‌که زێده‌تر له خزمه‌ت هه‌ڵسووراوانی دڵسۆزی ئه‌ده‌ب و رؤشنبیریی دا بێ.
به‌و پێیه من فستیواڵی شێعری هاوچه‌رخی پێرانشار به سه‌رکه‌وتوو ده‌زانم بۆ وه‌ی؛
ئه‌لف – به‌شی بۆنه‌یی (بۆ شه‌هیدانی پیرانشار و ...) له به‌شی ئازاد جوێ کرابۆوه و ده‌رفه‌تی فستیواڵه‌که زێده‌تر بۆ به‌شی ئازاد ته‌رخان کرابوو(به‌یانییه‌ک بۆ رێ و ره‌سمی فه‌رمی و به‌خێرهاتنی میوانه‌کان و شێعری بۆنه‌یی و رۆژ و نیوێک بۆ به‌شی ئازاد)
ب - به‌شی کێ بڕ کێ ی شاعیران خرایه به‌شی ئازاده‌وه
ج – شاعیران ته‌نانه‌ت به‌شی بۆنه‌یی فستیواڵه‌که شیان به به‌شی خۆیان ئه‌زانی بۆ وه‌ی بۆنه‌که شه‌هیدانی پیرانشار و سه‌رده‌شت و هه‌ڵه‌بجه بوون.
د – زۆرینه‌ی شاعیران و ره‌خنه‌گران و رووناکبیرانی مه به ده‌ق و کرده به‌شداریی فستیواڵه‌که بوون( چاوخشاندنێک به‌سه‌ر ئه‌م ناوانه‌دا به‌سه بۆ وه‌ی بتوانین فستیواڵه‌که هه‌ڵسه‌نگێنین؛ به‌ڕێزان ئه‌حمه‌دی قازی، قاسم موئه‌یید زاده، عه‌تا نه‌هایی، سه‌عید نه‌جاری، ره‌هبه‌ر مه‌حموودزاده، کامبیزکه‌ریمی،موراد ئه‌عزه‌می، محه‌ممه‌د ره‌حیمیان،که‌ماڵ حه‌سۆ، یوونس ره‌زایی، قه‌ره‌نی ئه‌حمه‌د ئاغایی، له‌یلا ساڵحی، ناهید ئه‌رجوونی، ، محه‌مه‌د ئه‌حمه‌دی، ره‌سووڵ سۆفی سوڵتانی، فه‌وزیه سوڵتان به‌گی، گولباخ به‌هرامی، کریم خزری، ئه‌مین گه‌ردیگلانی، ئازاد محه‌مه‌دیانی، که‌ماڵ ئه‌مینی، سلێمان دڵسۆز، موزه‌ففه‌ر بابامیری و که‌ریم دافعی و ده‌یان شاعیری گه‌نجی دیکه‌ی وڵاته‌که‌مان)
ه- باوه‌کوو له هه‌موو شێوازه‌کانی شێعری کوردی( شێعری کلاسیکی تا شێعری نوی و شێت و جیاواز و.. ده‌ق پێشکه‌ش کرا، به‌ڵام به‌گشتی فستیواڵ له‌خزمه‌ت و بۆ په‌ره‌دان به نوێخوازی و شێعری سه‌رده‌م هاته‌گه‌ڕ و هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی خه‌لاتی شێعری هه‌ڵبژارده‌یان به‌رکه‌وت نوێخواز و نویترخواز بوون( بڕواننه به‌یاننامه‌ی لێژنه‌ی داوه‌رانی فستیواڵه‌که و شێعره سه‌رکه‌وتوه‌کانی فستیواڵ2)
ئه‌وه‌ی وه‌ک خه‌سار ده‌بێ باسی لێبکرێ نه‌ناردنی 140 ده‌قی شێعری بوو بۆ لێژنه‌ی داوه‌ران( ئه‌گه‌ر هه‌رشاعیر و ده‌قێک له به‌رچاو بگرین، بۆ وه‌ی هه‌نێ له شاعیران زێده‌تر له ده‌قێکیان ئاراسته‌ی فستیواڵ کردبوو) و له فستیواڵدا به شێوه‌ی فه‌رمی رانه‌گه‌یه‌ندرا ئه‌و ده‌قانه به‌ڕێوه‌به‌رانی فستیواڵ(بۆ وێنه دۆستانی ئه‌نجومه‌نی چرا له پیرانشار) بڕیاریان له‌سه‌ر داوه یان به‌رپرسانی دایه‌ره‌ی ئیرشاد؟
له کۆتاییدا جێی خۆیه‌تی ده‌ستخۆشی و ماندوونه‌بوونی بڵێین به ئه‌نجومه‌نی چرا و هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی به له‌ونێ بۆ خزمه‌ت به‌و فستیواڵه هه‌وڵیاندا و هیوادارم له‌و کاره پیرۆزه‌دا به‌رده‌وام بن!
....................
1-هه‌نه رۆشنبیرانێک که ئه‌و دووبه‌ره‌ییه‌یان قه‌بووڵ نیه
2- به‌یاننامه‌ی لێژنه‌ی داوه‌رانی فستیواڵی شێعریی نوێی کوردی( پیرانشار)
به‌شداربووانی هێژا! نووسه‌ران و ئه‌دیبانی به‌ڕێز!
له‌و کات و ساته‌وه که شێعر له ناو کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریدا هه‌م وه‌ک هونه‌ر و هه‌م وه‌ک هونه‌ر و هه‌م وه‌ک میدیا ، له لایه‌که‌وه ده‌وری داهێنان و له لایه‌کی تره‌وه ده‌وری راگه‌یاندنی گیڕاوه، هه‌تا ئه‌و رۆژه‌ی چاوه‌ڕوانی شاعیران ئه‌وه بووه که باریی زیادی سه‌رشانی شێعر، واته ئه‌و به‌شه‌ی که پێوه‌ندیی به لایه‌نی هونه‌ریی شێعره‌وه نیه، داماڵدرێت، شێعر توند و تۆڵترین پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌ست و سۆز و ئه‌ندیشه و تێفکرینی مرۆڤی کورد هه‌بووه.
کورد چیرۆکی به شێعر گێڕاوه‌ته‌وه، درۆشمی پێداوه، دڵداریی پێ کردوه، شۆڕشی پێکردوه، هه‌تا گه‌یشتووه به‌و قه‌ناعه‌ته‌ی به شێوه‌یه‌کی په‌تی تر، به ده‌رخستنی زمانێتی زمان مشووری شێعر بخوات.
فستیواڵی شێعری پیرانشار، که به هیممه‌تی کوڕان و کچانی ژیر و گورج و گۆڵی ئه‌نجومه‌نی چرا وه به‌ڕێوه چوو، تا ڕاده‌یه‌ک پیشانده‌ری هه‌ندێک له‌و پێوه‌ندی و تێکه‌ڵاوییه جۆرا و جۆرانه‌یه.
به‌ڕێزان!
له‌سه‌رجه‌می 193شێعر که گه‌یشتبوو به نووسینگه‌ی فێستیواڵ، 53 شێعر له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی چراوه بۆ به‌شی کێ به‌رکێ هه‌ڵبژێردران و خرانه به‌رده‌ستی لێژنه‌ی داوه‌رانه‌وه،
لێژنه‌ی داوه‌ران، به‌گوێره‌ی چه‌ند پێوانه‌یه‌ک که به کورتی باسیان لێ ده‌که‌ین شه‌ش شێعری وه‌کوو شێعری سه‌رکه‌وتوو هه‌ڵبژارد و دوو شێعری به‌شایان ته‌قدیر و رێزلێنانی تایبه‌ت زانی؛ یه‌که‌م پێوانه‌ی لێژنه‌ی داوه‌ران بۆ هه‌ڵبژاردنی شێعره‌سه‌رکه‌وتووه‌کان، زمان و نیگای سه‌ربه‌خۆی شاعیران بووه که چوارچێوه و بنه‌مای شێعره‌کانیان پێ داڕێژاوه. دووهه‌م پێوانه یه‌کانگیریی واته "انسجام"ی شێعره‌کان و پیڕه‌وکردنیان له مه‌نتیقێکی ده‌روونی دیاریکراو و رێزمان و هه‌نده‌سه‌یه‌کی شاردراوه بووه که له ئاسته‌کانی ژیرێنی شێعر و له‌ژێر توێکڵی ده‌ره‌کی و دیارتری شێعردا ریشه‌ی داکوتاوه.. ڕاگه‌یاندنی ئه‌م تێبینییه به پێویست ئه‌زانین که ئه‌م هه‌ڵبژاردنه له‌سه‌ر بنه‌مای بۆچوون و شێوه‌ڕوانینی تایبه‌تی ئه‌م لیژنه‌یه به‌م پێکهاته دیاریکراوه‌وه به‌رێوه چووه، هه ڵبژاردنی ئه‌م شێعرانه، یه‌ک - به مانای سه‌رچاوه‌بوون و سه‌رده‌ستیی ڕه‌های ئه م شێعرانه نییه، هه‌ر وه ک چۆن هه ڵبژێردرانی شێعره‌کانی تر به مانای ناسه‌ر که‌وتوویی و ناداهێنه‌رانه بوونیان نییه. ره‌نگه ئه‌گه‌ر لێژنه‌یه‌کی تر به پێکهاته‌یه‌کی جوداوازه‌وه، وه‌کوو لێژنه‌ی داوه‌ران هه‌ڵبژێردرابایه، شێعری تری به سه‌رکه‌وتوو ناساندبا.
ئه‌نجامی داوه‌رییه‌که: ئه‌و شاعیرانه‌ی به شایانی رێزلێنانی تایبه‌تی لێژنه‌ی داوه‌ران ته‌شخیس دران: شلێر ئه‌مراه نژاد به شیعری "ڕۆژا کو ئه‌ز که‌تم شکه‌ستم" حه‌بیب عه‌نبه‌ری به شیعری "بێبه‌ش" شێعری ئه‌م سێ شاعیره‌ی خواره‌وه به زۆرینه‌ی نیزیک به گشت ده‌نگی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی داوه‌رانه‌وه هه‌ڵبژێردراون؛ عوبه‌ید سورخابی به شێعری "حه‌وتوو" که‌ماڵ ئه‌مینی به‌شێعری "ئه‌ڵێی زمان ئه‌سپه و چایی" له‌یلا ساڵحی به شێعری " که‌نداوی فریشته" هه‌روه‌ها شێعری ئه‌م سێ شاعیره‌ی خواره‌وه به زۆرینه‌ی رێژه‌یی ده‌نگی ئه‌ندامانه‌وه هه‌ڵبژێردران؛ ره‌سوول سۆفی سوڵتانی به شێعری "ئاڵزایمێر" که‌ریم خزریی به شێعری " ساعه‌ت دوازده‌ی دوو دڵۆپی ماندوو" ئازاد محه‌ممه‌دیانی به شێعریی "کوارتێتێک له سه‌ر شه‌قام"
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی داوه‌ران؛ محه‌ممه‌د سه‌عید نه‌جاری(ئاسۆ) محه‌ممه‌د ساڵح سووزه‌نی، کامبیز که‌ریمی، یوونس ره‌زایی، قه‌ره‌نی ئه‌حمه‌دئاغایی، ره‌هبه‌ر مه‌حموودزاده 20/ 12/ 1388
0 نظر:
ارسال یک نظر
اشتراک در نظرات پیام [Atom]
<< صفحهٔ اصلی