شێعره‌سات

جيهاني وبلاگ نووسي جيهانيكي تازه‌يه و به داخه‌وه درگاي ئه‌و جيهانه دره‌نگ له ئيمه كرايه‌وه به‌لام چار نيه و ده‌بي بيگه‌يني به‌و هيوايه‌ي هيچمان بو گوتن /لاني كه‌م به خومان پي بي سوزه‌ني 27/9/83/

سه‌شنبه، دی ۱۵، ۱۳۸۸

ره‌خنه‌ی رووخێنه‌ر و بونیاتنه‌ر



وتوێژێکی کورت بۆ کوردستان راپۆرت.


ئاماده‌کردنی- شاڵاو حه‌بیبه‌



ش: سه‌ره‌ڕای فره‌یی لق و قوتابخانه‌کانی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی، له‌کن مه،‌ ته‌نیا بۆ ره‌خنه‌ی رووخێنه‌ر و بنیاتنه‌ر دابه‌ش ده‌کرێت، ئه‌م دابه‌شکردنه‌ له‌ کوێوه‌ سه‌رچاوه‌ده‌گرێ و هه‌ر دوو وشه‌ی رووخێنه‌ر و بنیاتنه‌ر له‌ فه‌رهه‌نگی نووسه‌رانی مه‌دا چۆن شی ده‌که‌یته‌وه‌؟ هۆکاری ئه‌م دابه‌شکردنه‌، نه‌زانین؟ ئاگایی؟ یاخود که‌مته‌رخه‌میی نووسه‌ران؟ ره‌خنه‌گران؟ یا خود خوێنه‌ران؟ له‌ کاتێکدا هه‌موو ده‌نگ بۆ ئه‌وه‌ به‌رز ئه‌که‌نه‌وه که‌؛ ره‌خنه‌مان نیه‌، پێت وایه‌ بیانوویان بۆ دابه‌شکردنی شتێک که‌ نیه‌ چیه‌؟‌


س: - ئه‌لف؛دابه‌شکردنی ره‌خنه‌ به‌ دوو به‌شی رووخێنه‌ر!! و بنیاتنه‌ر، ره‌نگه‌ هاسانکردنه‌وه‌ی پۆلێنبه‌ندییه‌کان بێ به‌پێی (به‌ گوته‌ی دریدا؛) دوانه‌ لێکدژه‌کان؛ چاکه‌ و خراپه‌، ره‌ش و سپی، ره‌نج و خۆشی ... به‌ گشتی ئه‌م یان ئه‌وی فه‌لسه‌فه‌ی رۆژئاوا...(بڕواننه‌ متافیزیک حضور- دریدا) یان چوونه‌ ژێر رکێف و ملدانیی نووسه‌ران و رووناکبیرانی ئێمه‌ بێ بۆ ده‌سه‌ڵاتی زمانیی، نیزیک به‌ نیوسه‌ده‌ی، چه‌پی ئورتدۆکسی ئیستالینی.... ئه‌وکات ئیستالین ره‌خنه‌ی به‌ ته‌ورێک(ساطور) ده‌شوبهاند که‌ قه‌سابێک بۆ جیاکردنه‌وه‌ی گۆشتی زایه‌ به‌کاری ده‌هێنێ، " ئه‌ده‌ب و کولتووری چینی باڵا(بوژوازیی) ده‌بوایه‌ بڕووخایه‌ و ئه‌ده‌بی پرولیتاریا دابمه‌زرێ(بنیاتبنرێ).. ئه‌رێ دڵنیام له‌وه‌ی که‌ ئه‌و بنیاتنه‌رییه‌ له‌وانه‌وه‌ هاتؤته‌ ناو زمانی رووناکبیریی- ره‌خنه‌یی ئێمه‌وه‌.. بۆ وه‌ی به‌ر له‌وه‌ کورده‌واری جگه‌ له‌ شێعر به‌رهه‌می ره‌خنه‌یی نه‌بوو و ئه‌گه‌ر بیویستایه‌ خوێندنه‌وه‌ی چاک یان خراپی شتێ یان دیارده‌یه‌ک بکا، به‌ شێعر(نظم‌) ده‌یکرد. ئه‌و چه‌شنه‌ پۆلێنکاریه‌ش به‌س تایبه‌ت به‌ کورد نیه‌.. ئێسته‌ش رووناکبیرانی فارس و دراوسێکانی دیکه‌مان به‌ ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن و به‌ پێی ره‌خنه‌کانی دریدا له‌ فه‌لسه‌فه‌ی رۆژئاوا، هه‌موو بۆچوونی فه‌یله‌سووفانی ئه‌وانیش ده‌گرێته‌وه‌. به‌ تایبه‌ت ئه‌و رووناکبیرانه‌ی که‌ ئاشنای خوێندنه‌وه‌ نوێیه‌کانی سه‌رده‌م( زمانناسی، نیشانه‌ناسی، فورمالیسم و پێکهاته‌خوازی، دیارده‌ناسی(فنۆمنۆلۆژیا) ده‌روونناسی، فێمێنیسم، هێرمنۆتیک(راڤه‌کاریی بابه‌تی) و نێوانده‌قێتی و به‌ گشتی چه‌ند خوێندنه‌وه‌یی، نه‌بن، ئێستاش هه‌ر سوورن له‌سه‌ر؛ رووخێنه‌ر و بنیاتنه‌ره‌که‌ی ئه‌وان(نه‌ک خۆیان) ... هه‌ر بۆیه‌ لای خۆمان پێشتر ره‌خنه‌ وه‌ک هه‌ڵسه‌نگاندی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی(یان هونه‌ری) به‌لای سووکی و قورسی یان لاوازیی و نالاوازیی و به‌ گشتی وه‌ک سه‌نگی محه‌ک، پێناسه‌کراوه‌ و به‌و پێیه‌ ره‌خنه‌گر وه‌ک پاشایه‌کی هه‌مووشتزان یان قازیقوزات(نه‌ک خوێنه‌رێک) به‌س ددانی خێر یان شه‌ڕی ئه‌نا به‌سه‌ر ده‌قی هونه‌ری – ئه‌ده‌بیدا و ته‌نیا پێوه‌ری هه‌ڵسه‌نگاندنه‌که‌ی دۆستایه‌تی و دوژمنایه‌تی کردن بوو له‌گه‌ڵ خاوه‌ن ده‌ق، نه‌ک وزه‌ی ده‌روونیی ده‌ق.... هه‌رکات ره‌خنه‌ به‌ لای دۆستایه‌تیدا بکرایه‌(بنووسرایه‌)، ره‌خنه‌که‌ش ده‌بوو به‌ ره‌خنه‌ی بنیاتنه‌ر و به‌بێچه‌وانه‌وه‌... ره‌خنه‌ی رووخێنه‌ر بوو.


ئاشکرایه‌ ئه‌و پێناسه‌یه‌ ئیستا باوی نه‌ماوه‌ و له‌هه‌ر به‌ره‌یه‌کی ؛ نووسه‌ر، خوێنه‌ر، ره‌خنه‌گره‌وه‌‌ بێته‌ئاراوه‌... هه‌ڵه‌یه‌‌ و خه‌سارێکی گه‌وره‌ ئه‌دا له‌ ره‌وتی ره‌خنه‌ی نوێی کوردی و چه‌ندخوێندنه‌وه‌یی ده‌ق!


ب؛ ره‌خنه‌ له‌ پێناسه‌ی ئه‌ڕۆیینه‌یدا خوێندنه‌وه‌ی چه‌ندلایه‌نه‌ی خوێنه‌ری چالاکه بۆ روونکردنه‌وه‌، به‌رجه‌سته‌کردنه‌وه‌ و پشکنینی لایه‌نه‌ نادیار یان نه‌نووسراوه‌کانی ده‌ق به‌ پێی وزه‌ی ناوه‌کی ئه‌و ده‌قه‌ و سازکردنی ژوه‌رده‌ق... دیاره‌ له‌م پێناسه‌ نوێیه‌دا ده‌قێک بۆی هه‌یه‌ له‌ چه‌ندین گۆشه‌نیگای تایبه‌ته‌وه‌ بخوێنرێته‌وه‌ و هیچ خوێندنه‌وه‌یه‌کییش ناتوانێ دیعایه‌ی ئه‌وه‌بکا که‌ خوێندنه‌وه‌ی باڵایه‌ و له‌هه‌موو تواناکانی ده‌ق گه‌یشتووه‌. واته‌ خوێنه‌رێک بۆی هه‌یه‌ لایه‌نی جوانناسانه‌ی ده‌قێک شی بکاته‌وه‌ یان له‌ سه‌ر یاساکانی گه‌مه‌زمانیه‌کان بدوێ و نامۆکردنه‌وه‌کان بنوێنێ و... خوێنه‌رانی دی هه‌مان ده‌ق بخه‌نه‌ ژێر زه‌ڕه‌بینی بابه‌تیانه‌ له‌باریی ئابووریی، رامیاریی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌روون و کێشه‌کانی ... یان میتۆلۆژیا و فه‌لسه‌فه‌ی لێ هه‌ڵکڕێنن و..تاد. ره‌خنه‌ یان خوێندنه‌وه‌ی به‌و چه‌شنه‌ هێند نیه‌، نه‌ک هه‌ر کوردستان، به‌ڵکوو له‌وڵاتانی ده‌ور و به‌ریش، هاتۆته‌ئارا و به‌و پێیه‌ واته‌ به‌پێی ئه‌م پێناسه‌یه‌ له‌ ره‌خنه‌، هه‌م خوێنه‌ری چالاک(له‌بری ره‌خنه‌گر) و هه‌م خوێندنه‌وه‌ی فره‌ره‌هه‌ندمان که‌مه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌مانای ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ "ره‌خنه‌مان نیه‌" ئه‌زقه‌زا من لام وایه‌ کورده‌واری و خوێنه‌رانی کورد راسته‌ هه‌نێ دره‌نگ به‌ڵام چالاک هاتۆته‌ مه‌یدان؛ ئه‌وکات که‌من چه‌ند خوێندنه‌وه‌یی ده‌قم(له‌سه‌ر رۆمانی "گوڵی شۆران") بڵاوکرده‌وه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌ڵێم؛ له‌ ئه‌ده‌بی فارسیشدا چه‌ندخوێندنه‌وه‌یی ده‌ق بوونی نه‌بوو. بڕواننه‌ کتێبگه‌لی "پێکهاته‌ی به‌یتی کوردی"،"له‌ ژێر تیشکی ره‌خنه‌دا"، "ده‌نگی بلوورینی ده‌ق"، "نالی و خوێندنه‌وه‌نوێکانی سه‌رده‌م" له‌م دیو و خوێندنه‌وه‌کانی گرووپی ره‌هه‌ند و ده‌قه‌کانیان، له‌ودیو، فستیواڵگه‌ل ره‌خنه‌یی رۆشنبیری و هه‌موو ئه‌و وتارانه‌ی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به‌پێی خوێندنه‌وه‌ نوێکانی سه‌رده‌م و چه‌ندخوێندنه‌وه‌یی له‌ سه‌ر ده‌قی کوردی نووسراون... ئه‌وکات ئه‌زانین گوزاره‌ی "ره‌خنه‌مان نیه‌" چ گوزاره‌یه‌کی هه‌ڵه‌یه‌ و به‌س بۆ شان‌خاڵیکردن له‌ژێر باری به‌رپرسایه‌تی ره‌خنه‌یی یان به‌مانای "به‌س خوێندنه‌وه‌که‌ی من به‌رحه‌قه‌ و ئه‌وانی تر ره‌خنه‌ یان خوێندنه‌وه‌ نین!" دێته‌ ئاراوه‌. ئه‌گینا به‌س ئه‌م پرسیاره‌ی جه‌نابت نیشانه‌ی هه‌بوون و جم و جووڵی ره‌خنه‌ییه‌ و ئه‌وه‌ی نکوولی لێده‌کا، دیاره‌ لێکدانه‌وه‌ی تایبه‌تی له‌ دۆخی تایبه‌ت نیه‌. من دڵنیام ره‌خنه‌ش وه‌ک هه‌موو دیارده‌یه‌کی ژیانی مرۆڤ له‌ ره‌وتایه‌ و به‌رده‌وام له‌ نوێبوونه‌وه‌ و نوێترخوازیدایه‌! ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی کوردیش له‌و رێسایه‌ به‌ده‌ر نیه‌......... که‌وایه‌ با ره‌شبین نه‌بین! به‌و هیوایه‌وه‌

ساڵح سووزه‌نی - سه‌قز- 2009-11-09

1 نظر:

  • در ۷:۴۵ بعدازظهر, Anonymous soranblog گفت...

    ...واكنون مفتخريم كه دامنه ي جديد وب سايت تحليلي "سوران بلاگ" با نشاني http://soranblog.com را به شما خوانندگان گرامي معرفي كنيم.

     

ارسال یک نظر

اشتراک در نظرات پیام [Atom]

<< صفحهٔ اصلی