ماچتده‌که‌م و فرمێسک
ماچتده‌که‌م و فرمێسک
(3)
کێشه‌ی بوون و ره‌وایه‌ته گه‌وره‌کان
کاتی خۆی سارتر له کتێبی بوونگه‌رايی فه‌لسه‌فه‌ی مرۆڤايه‌تييه1"دا نووسی؛
" ئه‌وه ده‌خه‌نه پاڵمان که ئێمه جه‌خت له ریسوایی مرۆڤ ده‌که‌ین و له هه‌موو شوێنێکدا ئه‌وه‌ی پێس و دووڵی و قیزه‌وه‌نه ده‌یخه‌ینه روو، به‌مه‌ش، به بڕوای ئه‌وان لایه‌نی رووناک له لایه‌نه جوان و بێگه‌رد و بێخه‌وشه‌کانی سروشتی مرۆڤ پشت گوێ ده‌خه‌ین .. لێره و له‌وێ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن که ئێمه له هاوکاری مرۆیی دوور که‌وتوینه‌ته‌وه و له جیهانمان دابڕیوه و له نێو تاکێتی خۆیدا گه‌مارۆمان داوه، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه وه‌ک مارکسییه‌کان ده‌ڵێن: له خودگه‌رایی په‌تی(ره‌ها)وه ده‌ستپێده‌که‌ین، واته له کۆژیتۆی2 دیکارته‌و. به مانایه‌کی دی؛ ئێمه له‌و چرکه‌ساته‌وه ده‌ستپێده‌که‌ین که مرۆڤ له دابڕینی خۆیدا ده‌رک به خودی خۆی بکات، ئه‌مه‌ش ئێمه‌ی له دیدی ئه‌واندا لاواز کردوه که توانای گه‌ڕانه‌وه‌مان نه‌بێ بۆهاوکاری کردن له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی که له‌ده‌ره‌وه‌ی من (Lemoi يان Ego) دان و ناتوانین له کۆژیتۆدا باسیان بکه‌ین..
مه‌سیحیه‌کانیش به‌وه تاوانبارمان ده‌که‌ن، که ئێمه نکۆلی له واقعییه‌تی کرده مرۆییه‌کان و سووده‌کانیان ده‌که‌ین، چونکه ئێمه ئامۆژگاری و به‌هاکانی خودا لاده‌به‌ین، ئه‌و به‌هایانه‌ی له هه‌تایی و نه‌مریدا کێشراون، به‌وه‌ش هه‌ره‌مه‌کێتی ره‌ها به‌رکه‌ماڵ ده‌بێ و مرۆڤخوازیاری چ بێت ده‌یکات و ناتوانێ حوکمڕانی را و بۆچوونه‌کانی که‌سانی دیکه کرده‌وه‌کانیان بیت... ئه‌و تاوانه سه‌ره‌کییه‌ی ئاراسته‌مان ده‌کرێت ئه‌وه‌یه؛ ئێمه به‌ته‌نیا باس له لایه‌نی خراپی ژیانی مرۆڤ ده‌که‌ین"
ره‌نگه ره‌خنه گران یان بینه‌رانی چالاکی شانۆی "ماچێک و فرمێسک" هه‌مان ئه‌و ره‌خنانه‌ی سه‌ره‌وه ئاراسته‌ی نووسه‌ر یان ده‌رهێنه‌ری شانۆکه بکه‌ن بۆ وه‌ی به‌رواڵه‌ت کابرای به‌ندیی له هه‌مان دۆخی قیزه‌ون دایه و له هه‌ر دوو گوتاری کاتۆلیکی و ناکاتۆلیکی که‌وتۆته گومان( واته سێوه‌که‌ی بۆده‌رباز بوون له گوتاری یه‌که‌م خواردوه و ئێستا هه‌موو ئه‌و گوتارانه‌ش هه‌ڵدێنیته‌وه که سێۆخواردنه‌که‌ی بۆ پاستاو داوه‌ته‌وه(هه‌موو کتێب و رۆژنامه و چاپه‌مه‌نیه‌کان.. ئه‌و سێوه‌که‌ی خواردوه و نه‌ک چاک نه‌بووه به‌ڵکوو زگئێشه‌یشی پێ زیاد بووه و ته‌نانه‌ت ئیشتیای خوارنیشی لێ سه‌ندۆته‌وه... که‌وایه به‌رده‌وام سێوه‌که‌ش ده‌رشێته‌وه... ( ناوی رۆمانی رشاننه‌وه‌که‌ی سارتر تان وه‌بیر ده‌خه‌مه‌وه) ئه‌و له‌و گومانکردنه‌دا فێره پرسیار بووه و به‌دوای گوتاری سێهه‌مدا ده‌گه‌رێ؛ تۆ بڵێی گوتاری سێهه‌م هه‌مان بوونگه‌رایی(ئیگزیستانسیالیسم) نه‌بێ؟ تۆ بڵێی وه‌ڵامی ده‌ق یان شانۆکه به‌و پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه هه‌مان وه‌ڵامه‌کانی سارتر بێ؟
"لێره خه‌ریکم فێر ئه‌بم له‌وه‌ی وا بوونی نیه، هه‌ست به بوونی ئه‌وه‌ی هه‌یه بکه‌م" یاداشتی یه‌که‌م. (ئه‌وه‌ی که سارتر پێی ئه‌ڵێ دیار‌ده بناغه‌یی: Ontologie phenomenologi، یان دیاره‌ده وه‌ک بناغه) "هه‌ر چه‌ند به‌ینێکه زه‌مه‌نێکی بێکۆتاییم بۆ بیرکردنه‌وه بۆره‌خساوه به‌ڵام هێشتا بیرم له هیچ نه‌کردۆته‌وه له خۆم نه‌بێ...."
- ئه‌مه‌وێ له شته بچووکه‌کان بیر بکه‌مه‌وه..
سارتر ئه‌ڵێ: بوونی مرۆڤ پێش ماهییه‌ت(بنه‌ره‌ت/چییه‌تی) كه‌وتوه"
واته مرۆڤ به هێچ شتێکی پێش خۆیه‌وه ناناسرێته‌وه به‌خۆیه‌وه نه‌بێ،،، به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی پیاوی ئایینی(که‌سایه‌تی شانۆکه) که به‌ر ده‌وام بۆ ناساندنی مرۆڤ و کێشه‌کانی مرۆڤ ده‌گه‌رێته‌وه بۆ نووح و که‌ره‌کانی نووح و ئه‌وه‌ی که ئه‌وان مرۆڤیان فێری بیرکردنه‌وه کرد وگوایه هه‌مان "بیرکردنه‌وه گه‌نده‌ڵی کردووین" و شتی وا.... کابرای به‌ندی دوای هه‌موو بیرلێکردنه‌وه‌کانی به‌و ئه‌نجامه ده‌گا که فه‌یله‌سووفانی وجوودێ (كێرکێگارد و هایدگێر) و دواترسارتر، پێشتر پێی گه‌ییون؛ واته خۆم له هه‌موو شتێ گرێنگترم
سارتر ئه‌ڵێ: "مرۆڤ له خودی خۆیدا له‌وه زیاتر که ده‌یکات و پێی هه‌ڵده‌سێت چیدیکه نیه. ئائه‌مه‌یه یه‌که‌م پرنسیپی بوونگه‌رایی" هه‌مان سه‌رچاوه
کابرای به‌ندیش له شانۆکه‌یدا ده‌ڵێ؛
"ئیتر رۆژێ ترم نیه له‌گه‌ڵ خوا و شه‌یتان] به‌شی بکه‌م. ته‌نیا ده‌رفه‌تم هه‌یه له رابردووم بڕوانم .. له رابردووم ئه‌روانم و ئه‌بینم هه‌میشه له شتی گه‌وره بیرم کردۆته‌وه. به‌لام له‌گه‌ل شته بچووکه‌کان ژیاوم. من له‌گه‌ڵ بێوه‌سیریه‌که‌م ژیاوم، له‌گه‌ڵ ده‌سکه تیانه توند نه‌کراوه‌کان، له‌گه‌ڵ کولێره‌کان، له‌گه‌ڵ ژێرده‌رپێ کامواییه‌که‌م .. له‌گه‌ڵ هۆجه‌نه‌ی ده‌رپێکه‌م، له‌گه‌ڵ دیانه‌کیڕه، ئه‌مانه‌یه مامۆستا! عه‌یبێ له‌کاری دنیادا هه‌یه.."
(دنیایه‌ک که پێشتر به ره‌وایه‌ته گه‌وره‌کان پێناسه کراون)
ئه‌گه‌ر واز له په‌شێوی، نیگه‌رانی و دڵه‌خورپێ. ناهمێدی و دۆخی قیزه‌ون و ره‌شبینی و به‌تایبه‌ت بیره‌وه‌ری و ئه‌و چه‌مکانه بێنین که سارتر له هه‌مان کتێب‌دا به وردی له‌هه‌موویان ده‌کۆڵێته‌وه و له‌م شانۆشدا هه‌ر هه‌موویان به‌له‌ونێ له جووڵه و سیما و کایه‌ی ئه‌کته‌ره‌کانی دا به‌رچاوه(به‌س بڕواننه پات بوونه‌وه‌ی بازنه‌ی وشه‌گه‌لی وه‌ک گوو، میز، چڵک،قین، رق، رشاننه‌وه و...تاد. بۆوه‌ی قیزه‌ونی دۆخه‌که‌تان باشتر له لا به‌رجه‌سته ببێته‌وه؛
- "ماتیکی لێوتان.. ناوی چییه؟
- نیه‌تی. له‌م نێوه گووانه‌یه..وا...ببووره
- تامی چی ئه‌دات؟
- جاری هه‌ر تامی گوو ئه‌دات... ببووره! .. ئه‌مزانی گووی تێدێت.. ئه‌ح..گوو" )
جێی خۆیه‌تی ئه‌گه‌ر ئاماژه‌یه‌کیش به چه‌مکی رۆچوونی مرۆڤ له‌م روانگه‌وه بێته ئارا؛
سارتر ئه‌ڵێ: " ئێمه له‌و بڕوایه‌داین که مرۆڤ رۆچۆته نێو دۆخێکی رێکخراوه‌وه"
له شانۆکه‌شدا کابرای بازجوو ئه‌ڵێ؛
"نه‌ک ماتڵ بیت ئه‌و ته‌پاڵه‌ته بۆ راگرن که نوقم نه‌بیت! چونکو ئه‌وانیش وه‌ک خۆتن. ئه‌و ته‌پاڵانه په‌له‌قاژه‌یانه نه‌که‌ونه بن(ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست هه‌مان جوانه ژن و که‌سانی وه‌ک ئه‌و بێ كه په‌ێجووری په‌روه‌نده‌که‌ی ئه‌من و زریوه‌ی ماتیکی خوێنینی لێویان رۆژه‌رێیه‌ک ده‌ڕوا، یان ئه‌و به ناو هاوه‌ڵانه‌ی که له‌ده‌ره‌وه‌ن و له هه‌وڵێ ئازادی که‌سانی وه‌ک کابرای نووسه‌ردان). که‌س له‌ت و په‌ت نابێ، ئێمه هه‌ر ئه‌ڕژێنه خوار.. رۆچوون."
ده‌بینین که نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌ری شانۆ باش لێک گه‌یشتوونه و له دۆخێکی قیزه‌ونی دیکه‌دا هه‌مان دۆخی قیزه‌ونیان نواندۆته‌وه که سارته و نووسه‌رانی وجوودی کاتی خۆی له چیرۆک و رۆمان و کتێبه‌کانیاندا دایانه‌وه به رووی ره‌وایه‌ته گه‌وره‌کانی پێش خۆیان. ئه‌و ره‌وایه‌تانه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی زمانیی سه‌رده‌میش لێیانی تێنه‌په‌ڕاندوه و به‌رده‌وام ده‌نوێنرێنه‌وه( به ده‌مامک یان بێ ده‌مامکه‌وه)3
له‌م روانگه‌وه نموونه بۆ به‌راوه‌ردی بۆچوونه‌کانی سارتر و نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌ری "ماچتده‌که‌م و فرمیسک" زۆره به تایبه‌ت له سه‌ر چه‌مکی( من و ئه‌وی دیکه) یان (دۆخی تایبه‌ت) که مارکسیسته‌کان مشت و مڕی باشیان له‌گه‌ڵ کردوه وله هه‌مان سه‌رچاوه‌دا خوێنه‌ران ده‌توانن بیخوێننه‌وه و به‌راوه‌ردی بکه‌ن و ئه‌وه‌ش داده‌نێین بۆ چالاککردن یان مه‌یداندان به بینه‌رانی شانۆکه، بۆ زێده‌تر به‌شدارکردنیان له ماچتده‌که‌م و فرمێسکدا...
ماویه‌تی
==
1- ئه‌م کتێبه له لایه‌ن رۆشنا ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ ه‌وه کراوه به کوردی و ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م بڵاوی کردۆته‌وه.
2- کۆژیتۆ= به‌مانای بیر ده‌که‌مه‌وه(که واته من هه‌م) دیکارت
3- مه‌به‌ست شیکردنه‌وه یان راڤه‌کاری شانۆکه‌یه نه‌ک لایه‌نگری کردن یان هه‌ڵوێست گرتن له‌به‌رامبه‌ر وجوودیه‌تدا. بۆ وه‌ی ئه‌وه پێشتر کراوه و له توانای ئه‌م خوێندنه‌وه‌شدا نیه.
0 نظر:
ارسال یک نظر
اشتراک در نظرات پیام [Atom]
<< صفحهٔ اصلی