کایه
له کایه‌ی پولیتیکیا دا؛ ( ترۆریست، جه‌د و ئاباتانه!)
کاتی خۆی ویتگونشتاین زۆربه‌ی پێوه‌ندی و جم وجۆڵه جۆراوجۆره‌کانی بواری مرۆڤایه‌تی(رامیاری، ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ری و...) وه‌ک چه‌شنێک یاری یان کایه‌گه‌لێکی زمانیی هێنایه هه‌ڵسه‌نگاندن و عاله‌مێکی سه‌رسام کرد و زۆر که‌سانیش، نه له باسه‌که تێگه‌یشتن و نه هه‌وڵیاندا لانی که‌م فێری یاساکانی ئه‌و کایه‌گه‌له بن.. من کاتی خۆی وتارێکم له‌مه‌ڕ یاری یه زمانیه‌کانی ئه‌ده‌بی " نالی و یارییه زمانیه‌کانی ویتگونشتاین" نووسی و دواجار هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه چیرۆکێک به‌ناوی "کایه" م به شێوه‌ی نافرمی بڵاوکرده‌وه، که له لایه‌ن کاک سه‌لاح محه‌ممه‌دییه‌وه وه‌ک شانۆنامه هه‌ر به‌و ناوه‌وه هاته ده‌رهێنان و... بابه‌تی سه‌ره‌کی له " کایه "دا فه‌لسه‌فه‌ی وانموود(simulacrum) و وانوێنی و لاسایی کردنه‌وه‌یه که به‌ره به‌ره جێی راستییه‌کان ده‌گرن و وایان لێدێ که به هیچ چه‌شنێک له راستییه‌کان جوێ نه‌بنه‌وه..
باسی کایه و وانوێنی له‌مه‌ڕ سیاسه‌تیش ره‌نگه باسێکی نوێ نه‌بێ.. به تایبه‌ت زاراوه و وشه‌گه‌لی وه‌ک؛ یه‌کسانی و به‌رابه‌ری، مافی چاره‌نووس، عه‌داڵه‌ت، ئازادی، دێموکراسی، سه‌ربه‌خۆیی، ئازادیخواز و ترۆریست و خرابکار، شۆڕش و دژه شۆڕش و...تاد. له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئه‌وه‌ند له‌گه‌ڵ زاراوه و وشه‌گه‌لی هاودژ تێکه‌ڵ بوونه که نه‌ک به‌هاسانی به‌ڵکوو به‌هیچ شێوه‌یه‌ک لێک جوێ نابنه‌وه.. ئه‌وه‌ی بڕیار له‌سه‌ر حه‌قیقه‌تی هه‌رکام له‌و وشه‌گه‌له ده‌دا سیسته‌مێکی تاڵ جاڵجاڵووکه‌یی نادیار یان که‌م دیاری ده‌سه‌ڵاتی زمانیی و وێنه‌ییه که له‌رێگای ده‌زگاکانی پێوه‌ندی جه‌ماوه‌ره‌وه شه‌و و رۆژ له‌ناو ژووره‌کانماندا وه‌ک زوڕنا ده‌ژه‌نرێ و ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی زێده‌تریان هه‌یه حه‌قیقه‌تی وانوێنییه‌که‌شیان زێده‌تره و به‌و چه‌شنه ماف و حه‌قیقه‌ت(!!)ی زێده‌تریشیان لایه... بۆ وێنه که‌س نازانێ فیدل کاسترۆ ترۆریست و خرابکاره یان ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ... "واتسلاو هاوڵ" و " لێخ واڵسا" شۆڕشگێڕ بوون یان نۆکه‌ری بورژوازی و ئیمپریالیسم و ئانتی سویتیسم... بۆوه‌ی ئه‌م که‌سانه له کایه‌ی سیاسه‌تدا رۆژێ له‌ژێره‌وه‌ن( که‌وایه ترۆریست و خائین و خرابکار و جیاوازیخواز و.. ن) یان رۆژێ ده‌که‌ونه (یان ده‌یانخه‌نه) سه‌ره‌وه و ده‌بن به شۆرشگێڕ و ئازادیخواز و پاڵه‌وانانی گه‌ل و.. کایه‌که کایه‌یه‌کی بێره‌حمانه‌یه و خێر به‌که‌س ناکاو زگی بۆکه‌س ناسووتی.. مه‌ڕ و مالاتیشی تێوه ده‌گلێ چ بگا به مرۆڤ و کوردی بێچاره‌ی ده‌سه‌ڵات نه‌دیو..
نموونه‌ی زۆر به‌رچاو و سه‌رده‌مانه؛ یاری یان با بڵێن شه‌ڕی " یه‌کیه‌تی" و پارتی" ی ترۆریست و خرابکار و خایین به‌گه‌ل و نیشتمانی عه‌ره‌بی و.. بوو له گه‌ڵ " قاره‌مانی قادسییه" و "شۆڕشگێڕی گه‌وره‌ی عه‌ره‌ب" و " ئاڵاهه‌ڵگری سه‌ربه‌خۆیی" و ... هێند پێ نه‌چوو یاساکانی یارییه‌که ده‌گوڕدرێ، یان بابڵێین لایه‌ک پێی له یاسای کایه‌که ده‌ترازێنێ و ده‌سه‌ڵاتێکی گه‌وره‌تر و به‌هێزتر رقی له یاریه‌که هه‌لده‌ستێ و له ناکاو رۆژی قاره‌مان ده‌گۆردرێ و لێی ده‌بێته شه‌وه‌زه‌نگ و به پێچه‌وانه‌وه ترۆریست و خرابکار ده‌بنه شا!!( ببوورن سه‌رۆک کۆمار و قاره‌مان و له‌و شتانه و سه‌ر له منی وێرانه‌ماڵی نائاشنا به یاساکانی کایه‌کان ده‌شێوێ... هه‌ر بۆیه کاتێک ئێستا له‌رادیۆ یان که‌ناڵێکی تلویزیۆنییه‌وه ناوی میلله‌تێک به ترۆریست ناوزه‌د ده‌کرێ .. له‌ناکاو به‌خۆم ده‌ڵێم: ئه‌وانه شۆڕشگێڕن! ئاخۆ که‌ی نۆره‌یان بێ و ببنه قاره‌مان و ولاتپارێز و ئازادیخواز و سه‌رۆک کۆمار و شتی باشتر.. به پێچه‌وانه‌وه کاتێ ده‌سه‌لاتێک باسی ئازادی و دێموکراسی و پاراستنی مافی تاک و کۆی کۆمه‌ڵگا ده‌کا.. ده‌که‌ومه گومانه‌وه که نه‌وه‌ک شه‌ڕێکی قورسی به ده‌سته‌وه بێ و بیهه‌وێ پێمانی بفرۆشێ؛
" له جیهانی هێرمنۆتیکی ئه‌وانا؛
ره‌نگه وشه‌ی ئاشتی ئێمه
به‌هۆی شینه خه‌سته‌که‌یه‌وه مانای شه‌ڕ بات..
وه‌ک چۆن که باسی peace ئه‌که‌ن
ئێمه دڵنیاین؛
شه‌ڕێکی پیس هه‌ڵده‌گرسێ و..
ئه‌مانکوژن."
شێعره‌ساتی 2
ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێ باسه‌که‌مان سه‌رله‌نوێ به‌رۆژ(ئاپده‌یت) بکه‌ینه‌وه، به‌سه ئه‌گه‌ر چاوێک بخشێنین به‌سه‌ر هه‌واڵه‌کانی " هێرشی سپای قاره‌مان و وڵاتپارێزی تورکیه بۆ سه‌ر ترۆریستانی کورد و هه‌رێمی کوردستان.. ئینجا سه‌رله‌نوێ فێری یاساکانی ئه‌و کایه قۆڕه ده‌بینه‌وه و به‌ده‌ست خۆمانه که بچینه ناویه‌وه یان نا؟
من که خؤشم له سیاسه‌ت نایێ و تکایه ئه‌م ورده یادداشته‌شم به کایه‌ی سیاسه‌ت لێ وه‌ر مه‌گرن! به‌ڵام ئێستاش نه‌مزانی داگیرکاریی چ فڕێکی به‌سه‌ر ترۆریسته‌کانه‌وه هه‌یه؟
وادیاره چوومه‌وه نووک ..
وێڵی که‌ن! له‌وه ناچێ قاره‌مان تا ئه‌به‌د هه‌ر قاره‌مان بمێنێته‌وه!
هاکا ئه‌ویش رۆژێ بکه‌وێته به‌ر غه‌زه‌بی ئه‌مریکای وڵاتپارێز و ئازادیخواز..
0 نظر:
ارسال یک نظر
اشتراک در نظرات پیام [Atom]
<< صفحهٔ اصلی