پهڕهسیلکهکانی کۆچ
تامی شکۆفه و کۆچ و مه‌رگ؛
ئه‌و ساتانه‌ی شێعر و رۆمان و فه‌لسه‌فه لێک ده‌ئاڵن
چه‌ند خوێندنه‌وه‌ی "پهڕهسیلکهکانی کۆچ"7
ساڵح سووزه‌نی
خوێندنه‌وه‌ی (1)
به شێعره‌وه ده‌ست پێده‌کا؛ به خواردنی زه‌وی و رۆیشتنه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دا.. به‌زستانی داگیرکه‌ره‌وه و مرۆڤ وه‌ک ته‌نیاترین رێبوار و ته‌نیاترین سه‌رکه‌ش.. "ده‌سپێک و کۆتایی ته‌نیا بوونه‌وه‌رێ که له سه‌فه‌ره ترسناکه‌کانی قوولایی میژووه‌وه گه‌یشتۆته "ئێستا و ده‌گاته سبه‌یش، سبه‌ی سبهیهکان" .. وه‌رزی کۆتایی هاتنی خه‌ونه‌کان و شه‌ڕی دوو خه‌ون" که خه‌ونه‌کانی دیکه ده‌مرێنن" ...
هه‌ر له‌م ده‌سپێکه نه‌گبه‌ته دا خوێنه‌ر تێده‌گا که نابێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بێ له ته‌نیایی ئه‌زه‌لی و ئه‌به‌دیی رزگاری بێ و پا بنێته ئه‌و دیو سنوووورهکانی به‌فره‌وه..
" لێره هه‌موو شتێک حه‌قیقه‌تێکی له به‌فر تێدایه.. رچه نه‌شکاوه"" ئه‌وانه‌ی پێشتر و ئه‌وانه‌ی دواتریش هه‌ر رچه‌ی کۆچی خۆیان شکاند.. که‌س جێگه‌ی که‌س ناگرێته‌وه.. هه‌رکه‌س و رێگای خۆی و هه‌ناسه و خه‌ونی خۆی و خاک و به‌فری شێلراوی ژێر هه‌نگاوی خۆی... کۆچ چه‌شنێکه له تێکشکان.. کۆچ ئه‌و رابردوهیه که له ئیستادا جێگای نابێته‌وه..."
ده‌ستپێک و کۆتایی ره‌وایه‌ت به‌شێکی هه‌ره‌زۆری جوانیناسیی ده‌قی ئه‌ده‌بی به‌خۆوه ده‌گرێ.. ده‌ستپێکێکی ده‌وڵه‌مه‌ند له‌راستیدا خوێنه‌ر ئاماده‌ده‌کا بۆ وهێ بزانێ له‌گه‌ڵ چیدا رووبه‌ڕوو بۆته‌وه و ئه‌یهه‌وێ چی بخوینێته‌وه؛ خوێنه‌ری چالاک هه‌ر له‌ده‌سپێکی رهوایهتدا په‌ی به ئه‌زموونی جوانناسی و بابه‌تیی ده‌ق و نووسه‌ر ده‌با و چشنی خوێندنه‌وه‌کانی خۆی بۆ ئاماده‌ده‌کا؛
بۆ وێنه له‌م ده‌ستپێکه‌دا خوێنه‌ر ده‌زانێ باسی سه‌ره‌کی ره‌وایه‌ت ترس و دڵه‌ڕاوکه و ئازاری مرۆڤی تاکه له سه‌فه‌ره‌کانیدا به‌ره‌و نادیار .. پاتبوونه‌وه‌ی وشه‌گه‌لی ته‌نیا و ته‌نیاترین . شه‌ڕ ، ترسناک، تێکشکان، مه‌رگ، سه‌فه‌ر و کۆچ و.. له‌م ده‌سپێکه‌دا .. ئه‌وه‌ند به‌رجاوه که ره‌نگه خوێنه‌ری ئاسایی په‌ژیوان بکاته‌وه له خوێندنه‌وه‌ی باقی ره‌وایه‌ت.. تکایه ئه‌وه‌تان له به‌رچاوبێ که من هێشتا له ده‌سپێک زێدهترم نه‌خوێندۆته‌وه و ئه‌مهه‌وێ یاداشته‌کانم پێبهپێی ده‌ق بچێته پێشێ.. واته ئه‌مهه‌وێ بزانم ئه‌و شاعیر و فه‌یله‌سووفه کێیه که له‌ناو جیهانێکی به‌فراوی و سپی‌دا (وه‌ک ره‌نگ) ئه‌وه‌ند ره‌ش له دیارده‌کان ده‌ڕوانێ و ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی چه‌ند نزیکه له پیشبینی یا ن پاشبینیهکانی خۆێ و ده‌ق؟
“له شێعر و مۆسیقا ناگه‌ی، ئه‌گه‌ر بیر و هه‌ستت له رزگار بوونێکی ئه‌به‌دیدا فڕێ نه‌ده‌یته نێو کایه‌ی مه‌رگ و ژیانه‌وه" ل 11- پ- ک
" که مه‌رگ ده‌بینی زیاتر هه‌ست به‌ته‌نیایی ده‌که‌ی. بڵێی مه‌رگی به‌کۆمه‌ڵ و خوازراو هه‌ستی ته‌نیایی بڕوێنێته‌وه؟" ل 13
" مرۆڤ بۆیه له سه‌ره‌تاوه له مه‌رگ ده‌ترسێ، چونکه پێی رانه‌هاتووه.. دواتر رادێ.." ل 13
" که رۆح گرێی تێکه‌وت ئیدراکیش گرێی تیدهکهوێ..." ل13
"مردن ، سه‌ره‌تاتکێی نێو خه‌نده‌قه‌که ده‌کا..کێی بینیوه؟ ل 17
" مردن، پانتایه‌که فراوانتر و به‌ربڵاوتر له شه‌ڕ. مردن له هه‌موو شوێنه‌کانی دیکه‌ی ژیاندا جه‌سته‌ی تین‌و و چاوی تیشک ساردی له‌جووڵه‌دایه.." ل19
" مه‌رگ جوانیی ئاره‌زووه‌کان ده‌ڕووشێنێ.." ل21
خوێندنه‌وه‌ی 2
به‌رله‌وه‌ی بکه‌وینه داوی ته‌ونی نووسه‌ر بۆ سه‌رنجدان به کێشه فه‌لسه‌فییه‌کانی ژیانی مرۆڤ، لام وایه ده‌بێ سه‌رنجێکی کورت بده‌ینه شێوه‌ی نووسین(چۆن نووسینی هونه‌ریانه)ی رۆمانه‌که له باری زمان و کات و شوێن و که‌س و رووداو و پێوه‌ندییه‌کانیان وه‌ک هۆکارێتی سه‌ره‌کی و ناسه‌ره‌کی رۆمانه‌که؛
گه‌ڵاڵه‌ی رۆمانه‌که به‌سه‌ر فڵاشبهک و بیرهوهریرکانی "من"ی که‌ماڵ (وه‌ک یه‌که‌م که‌سی بگێڕه‌وه) و نێگای حه‌کیمانه‌ی سێههمکهسی هه‌مووشت زانه‌وه دارێژراوه. که‌ماڵ گه‌نجی خوێندکار که به‌هیوای لابردنی زستان و گۆڕاندنی(!!) جیهانی سه‌هۆڵاوی چۆته به‌ره‌ی شۆڕشه‌وه ..ره‌فیقه‌کانی ده‌کوژرێن و خۆی دوای ئه‌شکه‌نجه و ئازارێکی زۆر(جه‌سته‌یی و رۆحی رێگه‌ی کۆچ(به‌ناو به‌فردا) ده‌گرێته به‌ر.. به‌م گه‌ڵاڵه‌دا تێده‌گه‌ین که ده‌قی "پهڕهسیلکهکانی کۆچ" ده‌قێکی پێکهاته‌مه‌نده و به وردی(هه‌رچه‌ند به‌رواڵه‌ت ئاڵۆز) پرژاوه‌ته سه‌ر که‌س و شوێن و کات و رووداوه‌کان؛
کات-
" بیره‌وه‌ری ته‌نیا بوونێکه که ماندوو نابێت.. بوونێکی بێ له‌ش که رۆح ئاسا دێت وده‌چێ و وه‌ک سێبه‌رێکی ون له‌گه‌ڵت رێده‌کا.. قسه‌ناکا به‌ڵام هه‌میشه ده‌دوێ" ل 39
کاتی زانستیی رۆمانه‌که ئه‌وه‌ند ناخایه‌نێ و ناگاته رۆژێک.. ئه‌و رۆژه‌ی که که‌ماڵ به دزیه‌وه له شار دێتهدهرهێ و رێگه‌ی به‌فرین ده‌دڕێ و سه‌ر به کۆچه‌وه ده‌نێ.. به‌ڵام ئه‌وه کاتێکی رواڵه‌تییه.
کاتی سه‌ره‌کی له "پهڕهسیلکهکانی کۆچ"دا کاتی گێڕانه‌وه یه1. کاتێکی گووشراو و ده‌روونی که رۆژ و مانگ و ساڵه‌کان له سه‌ر ده‌یان هێڵ و ناهێڵی ڕه‌وایی، ئاوێته‌ی بیره‌وه‌ری و قاشه زێهنییهکان ده‌بن و مه‌ودا ده‌ده‌نه سیسته‌می گێڕانه‌وه به‌ناو زه‌مه‌ندا (هه‌بوون و بوون) بپێون و لێی ده‌رباز بن... له‌م کاته ناپهیوهستهدایه که که‌سایه‌تییه‌کان یه‌که یه‌که به‌پێی 'ده‌نگدانه‌وه‌ی شهرتیی( انعکاس شرطی)"پاولۆڤ" و مه‌یل(غه‌ریزه)ی فرۆید دێنه‌وه ناو بیره‌وه‌ری و ده‌ور ده‌گێڕن؛
" ئیتر ئه‌م رسته‌یه زیاتر له قسه‌کانی (باوکم)دا دووپات ده‌بووه‌وه" ئاگات له ماله‌وه بێ!
"- ئاگات له ته‌رمه‌که بێت" سماییل بوو. دوور که‌وته‌وه... بۆ کوێ چوو"
" شه‌وگاری زستان ساردتر ده‌کا..ته‌رمه‌که تاقه پیڵاوێکی له پێدایه.. خۆشکه‌کانم ته‌نیا جووتێ پێڵاوی جوانیان هه‌بوو.. " ل 28
ده‌بینین که زستان پێڵاو وه‌بیر دێنێته‌وه و پێڵاو، خۆشکه‌کانی و خۆشکه‌کانی، زه‌ماوه‌ند و ... به‌م شێوه‌یه کاتی ریوایهتهکهش په‌یتا په‌یتا ده‌گۆڕدری و گه‌مه‌یه‌کی شیرینی پێده‌کرێ؛
" شه‌ش ساڵ دواتر .. ئێواره‌یه‌کی رۆژی هه‌ینییه. پاییزه. خانوویه‌ک سووتاوه.." ل 36
که‌سایه‌تی- که‌سایه‌تییه‌کانی "پهڕهسیلکهکانی کۆچ" قاره‌مان و شتی وانین.. زۆربه‌یان خه‌ڵکی ئاسیین و رێگه‌ی ده‌ربازبوون له‌و دۆخه نه‌گبه‌ته نازانن و ئه‌وانه‌ش که لایان وایه ئه‌زانن و که‌وتوونه‌ته هه‌وڵی گۆڕان.. له‌وان بهسزمانترن و دوای ماوه‌یه‌ک که‌وتوونه‌ته پاساودانه‌وه‌ی شکسته‌کانیان؛
که‌ماڵ که‌سایه‌تی سه‌ره‌کی رۆمانه‌که ( زۆربه‌ی که‌سه‌کانی دیکه له که‌ناڵی زێهنی ئه‌وه‌وه دینه ناو ده‌ق) به‌ناو رۆشنبیره و به پێی ئازادی و خوێنده‌وارییه‌وه رێگای ههلبژارهدوو؛
" له‌و رۆژه‌دا بوو که "فادایهف" و " ئالێکسی تۆلستۆی" گوتیان به پێکه‌نینه‌وه تێبکۆشه. مه‌کسیم گۆرکی هیوای تێکه‌ڵ به خۆشه‌ویستی مرۆڤی چاند و نووسه‌ری"مرۆڤ دۆسته جل شڕهکانیش" نفره‌تی په‌روه‌رده‌کرد.. ڤیکتۆرهۆگۆ په‌یکه‌ری خۆشه‌ویستی ئافره‌تی به وردکارییه‌کی سه‌یره‌وه له‌م ژووره‌دا تاشی، "جه‌ک له‌نده‌نیش وتی بۆ ناسینی مرۆڤ دل سه‌خاوه‌ت به! دان چهروو گوتی هه‌نگاونانی ناو ئاو و به‌فرت خۆش بوێ، مارتین ئیدین یش گوتی رێز له کورسی بگره!" پ – ک 128
سماییل (ئه‌و که‌سه‌ی که کاره‌سات بۆ ئه‌و ژیانی ئاسایی بوو) پێشتر گارییهی هه‌بووه‌وه و ده‌ستفرۆشی و.. له‌به‌ره‌ی شۆڕشدایه(هه‌ڵبه‌ت شۆڕش له‌م رۆمانه‌دا یانی ئه‌وه‌ی که جاربه‌جار ورهقهیهک بڵاو ده‌که‌نه‌وه و که‌سیش نازانێ ناوه‌رۆکی وه‌ره‌قه‌کان چییه) .. ئه‌نجام به‌ر گولله‌ی نه‌حله‌ت ده‌که‌وێ و ده‌کوژرێ ..
"سیا" کوڕه ده‌وڵه‌مه‌ندێک که هیچ نیشانه‌یه‌ک له ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌که‌یان له رۆمانه‌که‌دا نیه، دۆستی که‌ماڵ و سماییله و ئه‌ویش تووشی هه‌مان چاره‌نووسی سماییل ده‌بێ و..
باوه‌گه‌وره‌ی که‌ماڵ که به‌ر نه‌حله‌تی سه‌ره‌تان(شیرپه‌نجه) ده‌که‌وێ و ده‌مرێ
خاڵۆی که‌ماڵ که ئێعدام ددهکرێ و..
خۆشکه‌کانی که‌ماڵ؛ فاتێ که شوودهکا به ته‌های(خۆفرۆش) و له دووکانه‌که‌ی ئه‌و دا له گه‌ڵ حه‌مید دهعهشقن و دواجار به‌ر گولله‌ی نه‌حله‌تی ته‌ها ده‌که‌ون و ده‌کوژرێن.. (ته‌هاش به‌ر نه‌حله‌تی بومبارانه‌کان ده‌که‌وێ و ئه‌ویش فت.) دوو خۆشکی دیکه‌ش له ترسی تووشنه‌بوون به چاره‌نووسی فاتێ.. به‌رده‌وام نوێژ ده‌خوێنن.. و له ترس و دڵه‌راوکێی ئه‌به‌دیدان..
سه‌یران؛ ئه‌و کچه‌ی که که‌ماڵ حه‌زی لێده‌کا و ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان نه‌بووه ئه‌و ئه‌شقه لانی که‌م لای یه‌ک ده‌ربڕن. به‌ر نه‌حله‌تی چاوه‌ڕوانی ده‌که‌وێ و کوێر ده‌بێ .. (مێشکی دایکیشی پێشتر به‌ر نه‌حله‌تی گولله‌ی هلێکوپتێرکهوتووه و.. )
خوله‌ی باجی عاسیه کابرایه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی پیشینه حیز که داوای سه‌یران ده‌کا و ..
کابرایه‌کی ریش سۆفیی ته‌سبێح به‌ده‌ست (وه‌ک نوێنه‌ری ده‌سه‌ڵات) که چه‌ند جار له‌گه‌ڵ ته‌ها ده‌بینرێ ..
رووداوی سه‌ره‌کی رۆمانه‌که‌ش، وه‌ک له سه‌ره‌وه ئاماژه کرا ترس و دڵهراکێ و ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌ی رۆحی و فیزیکی و ئه‌نجام شه‌ڕ و مه‌رگه له دۆخی قیزه‌وندا.. که له زێهنی که‌ماڵ دا ده‌روونی بوونه‌ته‌وه و ناو به‌ناو له رێگه‌ی سێڵاوی هۆش و قاشه زێهنییهکانهوه دهنوێندرین.. و ده‌گه‌نه کۆچ؛
" له جۆره ترس و و ته‌نیایی و به‌زه‌ییه‌ک لێواولێوم. سڕم. ده‌نگی ژاکانی غونچه‌یه‌ک شێتم ده‌کا" ل18
"دایکم به گریان ده‌یهه‌وێ ژیان ده‌سته‌مۆ بکا و باوکم به‌رق و تووڕه‌یی"
" مردن، پانتایه‌که فراوانتر و به‌ربڵاوتر له شه‌ڕ. مردن له هه‌موو شوێنه‌کانی دیکه‌ی ژیاندا جه‌سته‌ی تین‌و و چاوی تیشک ساردی له‌جووڵه‌دایه.." ل19
" که مه‌رگ ده‌بینی زیاتر هه‌ست به‌ته‌نیایی ده‌که‌ی. بڵێی مه‌رگی به‌کۆمه‌ڵ و خوازراو هه‌ستی ته‌نیایی بڕوێنێته‌وه؟" ل 13
شوێن- شوێنی رواڵه‌تی شار و ده‌ور و به‌ره له کوردستان که به‌شێوه‌ی ناراسته‌وخۆ دۆخ و که‌ش و هه‌وای رۆمانه‌که دهکیشنه ناو خانوو و زیندان و به‌فری به‌سامی سهمبولیکهوه و تیکه‌ڵ به‌کات ده‌بن.. به‌ره‌و به‌رزایی شاخه‌کان ده‌ڕۆن و کۆچ ده‌یکا به شوێنگه‌ل نادیار..
" شار ده‌ینالاند، شار ده‌یقیژاند. شار هه‌رجاره‌ی له شوێنێکه‌وه برووسکه‌ی ده‌دا و ده‌چوو به ئاسماندا. 16
" رێگای شار به‌ره‌و گونده‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه دیار بوون.. به‌فر سپی نه‌کردبوون. وه‌ک مارێکی ره‌ش به پێج و لۆچ له نێو ته‌م و به‌فر و به‌رز و نزمی دا ون ده‌بوو" ل 8
وه‌ک ده‌بینین کات و شوێن و که‌س و رووداو له‌م رۆمانه‌دا له ریگه‌ی هۆکارێتی(کۆچ و بیره‌وه‌رییه‌وه) باش متوربه بوونه، تا کۆتایی رۆمانه‌که گرێکان ناکرێنه‌وه.. و ئه‌وه‌ش جۆره راهێڵان(تعلیق)ێکی سازکردوه که هانی خوێنهردهدا بۆ خوێندنه‌وه...
خوێندنه‌وه‌ی 3
له خوێندنه‌وه‌ی سێهه‌مدا ئه‌مهه‌وێ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بده‌مه‌وه که؛ ئاخۆ زمان چه‌ند له هه‌ڵسوکه‌وتی بهدهقبوونی ئه‌وهه‌موو ئازار و دڵه‌راوکێ و ترس و مه‌رگه‌دا ده‌ور ده‌بینێ؟ ئه‌و زمانه چه‌ند توانیویه‌تی رۆمانێکی یه‌کده‌نگ یان چه‌ند ده‌نگ بخولقێنێ و به گشتی له خزمه‌ت چ پێکهاتهیهکدایه؟
ئهلف- زمانی شێعریی؛ که جار به‌جار دهبنهناوهخنی بیره‌وه‌رییه‌کان و به‌شێکی زۆری ده‌ق به‌م زمانه نووسراوه
" سه‌مای کلوه به‌فره‌کان، مۆسیقایه‌کی ده‌روونیه. خۆیان خۆیان ده‌نیژن..." ل 3
" به‌فر حه‌زی له حه‌قیقه‌تی خۆیه‌تی.."
زبڵدانه‌کان.. چه‌ندین رۆژه لێواولێوی پاشماوه‌ی مرۆڤ نابن. پشیله‌کان نیگه‌رانن. به‌سه‌رسووڕمانه‌وه سه‌ر له زبڵدانه‌کان ده‌ردێنن، سه‌یری په‌نجه‌ره ته‌نیاکان و درگا داخراوه‌کان ده‌که‌ن.." ل 21
" هلیکۆپتێرهکان هه‌وایان به‌ر شه‌پازلله ده‌دا.." ل 26
له‌مسه‌ر تا ئه‌و سه‌ری کۆڵان داری بزه رووا.. 26
" ده‌ڵێی ده‌یه‌وێ به‌ر به هه‌ڵاتنی بێده‌نگی چاوانی بگرێ.." 26
من ژیان به خۆڵه‌میشی و قاوه‌یی و شینێکی تۆخی تۆخ ده‌بینم" 27
'منداڵی تامی چواله ده‌دا.."
"چواڵه تامی شکۆفه نه‌دا هیچ شتێک تامی شکۆفه نادا؟.. هاته‌وه بیرم، نیگای پشت په‌نجه‌ره‌که تامی شکۆفه‌ی ده‌دا.. ل62
ئه‌م زمانه شێعرییه کاتێک تێکه‌ڵ به‌ره‌مز(سومبول) ده‌بێ و چه‌ند شه‌قه بوونی مرۆ ده‌نوێنێ به‌ڕاستی جوانه و دیته خزمه‌ت پێکهاته‌ی بابه‌تیانه‌ی ده‌قیش؛
" ئاوینه درزاوییهکه ،
کاتێک لێت ده‌ڕوانی سیمای دو شه‌ق ده‌کرد
سیمای دوو شه‌ق مرۆ بێزار ده‌کا.."
هه‌روه‌ها، نووسه‌ر هه‌وڵی داوه له‌رێگای گه‌مه‌کردن به زمانی گۆشه‌نیگا باری جوانیناسی و بابه‌تیی- فه‌لسه‌فی(بوونخوازانه) پێکه‌وه به‌رجه‌سته بکاته‌وه؛
ب- زمانی منۆلۆگ؛ گۆشه‌نیگای یهکهمکهسی تاک(منۆلۆگهکانی که‌ماڵ)
" ئاوڕ ده‌ده‌مه‌وه. نیگام له‌سه‌ر سیمای بێهۆشی دایکم ده‌چه‌قێ.." ل 5
"ئاواره بووین. له سه‌ر جاده‌وه رێگای سه‌ره‌وژووری گوندێکمان ده‌بڕی."
" له ناو خه‌نده‌قه‌که راکشاوم، ده‌مانچه‌یه‌کم پێیه و خورجینێک نان و پێخۆر.." ل 16
ج- زمانی دیالۆگ؛
"- ئه‌وا پیت ده‌لێم.. بیکه‌یته هه‌راو به‌زم ناتبه‌خشم! ئه‌مه رێگای هه‌موومانه(مه‌به‌ست مه‌رگه)
- نا بابه گیان به سه‌ر چاو! ئاااا بابه‌گیان .. به‌سه‌رچاو" ل 6
- ده‌بێ بیگرین. ته‌نانه‌ت نابێ بێڵین ره‌ق بێته‌وه
- .. به‌لام پایگاکه‌ی سه‌ره‌وه ناتوانێ یارمه‌تیمان بدا! ل 9
- لانی که‌م چهندتهقهیهکی لیبکهن.. ل10
دیالۆگ له "پهڕهسیلکهکانی کۆچ"دا، له کاناڵی زێهنی من و تۆی که‌سایه‌تییه‌وه دێته گۆڕێ و به‌س حاڵه‌تی فۆرمیکی هه‌یه و له پێناوی ئاڵ و گۆڕکردنی سیسته‌می گۆشه‌نیگا و جیاوازی ده‌نگه‌کان هاتۆته‌ئارا، نه‌ک وه‌ک باختین ده‌ڵێ بۆ چه‌ند ده‌نگیی و مه‌نته‌قی دیالۆگ له رۆمان‌دا؛ " ماده‌ر سه‌گ! خوو ئیسمائیل کوشتێ شۆدێ. هی تر ده‌وێ.. نامی تر! ل 62
ئه‌وه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه بۆ مه‌نتیقی جیاوازی رۆمانه‌که که به‌رای من نه‌ک به‌سه‌ر دیالۆگ به‌ڵکوو به‌سه‌ر مه‌نتیقی بوونگه‌رایی"کیه‌رکێگۆر" و هه‌ستی ناسیی دواییه‌وه دامه‌زراوه‌و من دواتر له خوێندنه‌وه‌یه‌کی تردا دێمه‌وه سه‌رێ.
د- گۆشه‌نیگای دووهه‌م که‌س(زمانی منی ده‌روون خیتاب به خۆ؛
" ده‌که‌ویته ناو جیهانی راستییه‌کانه‌وه. جیهانی راستییه‌کان به رووتی تۆ پێده‌که‌نێ و تۆش شه‌رم له خۆت ده‌که‌ی. ئه‌مه مه‌رگه!" ل11
یان خیتابی من به‌تۆ (وه‌ک هاوزات)
(برواننه به‌شی ناساندنی که‌سایه‌تی حه‌مید ده‌زگیرانی فاتێ)؛
"تۆ له هه‌موو ئه‌مانه وه‌ڕه‌س بووی"
"تا ئاشقتر بیت دڵهکوتهش زیاتره، دلهکوتێیهک لێواولێوی نیگه‌رانی.. نیگه‌رانییه‌ک لێواو لێوی تامه‌زرۆیی.." ل 8
ه- گۆشه‌نیگای سێههمکهس( هه‌مووشتزان)؛
"ته‌کانێکی له خۆیدا، ویستی هه‌ستێته‌وه، به‌ڵام زیاتر رۆچوو.. به‌ده‌ست به‌فره‌که‌ی لادا.." ل 6
' ته‌ها ده‌م شڕ بوو. هه‌میشه بۆنی قسڵ و به‌رد و ئاره‌قه‌ی ده‌دا.." ل 33
زمانی هه‌مووشتزان له‌م ده‌قه‌دا به‌ئه‌نقه‌ست بۆ ته‌باکردنی زمانی ره‌وایه‌ت و زمانی شێعری و فه‌لسه‌فی دیته‌گۆڕێ و ئه‌یهه‌وێ به‌زۆریش بووه سیسته‌مه‌کانی گێڕانه‌وه و شێعر و فه‌لسه‌فه لێک متوربه بکا؛ ئه‌م چه‌شنه ده‌ربڕینه به‌دوای گؤشه نیگای یه‌که‌م و دووهه‌میشدا دێ و له راستیدا هه‌مان زمانی پێشداوه‌ریی "من"ه و ده‌کری به‌شێوه‌یه‌ک ئه‌م سێ زمانه بێنینه‌وه سه‌ر خۆد و من و به‌رزه‌من(لید و ئێگۆ و سووپێرئێگۆ)ی فرۆید.
"هه‌موو جه‌سته‌کان مهودایهکن به‌قه‌د ئه‌و سالانه‌ی که مۆمیان تیا داده‌گرسێ و پاشان یه‌ک به یه‌ک خامۆش ده‌بن" ل13
" خۆشویستی له دوای بینینی مه‌رگ یان کاره‌ساتێکی گه‌وره‌وه ده‌ست پێده‌کا. بۆ هه‌میشه به‌هره‌یه‌کی له‌و دووانه تێدا ده‌بێ" ل 32
واته دیالۆگی سه‌ره‌کی له پهرهسیلکهکانی کۆچدا دیالۆگێکی ده‌روونییه و ئه‌وی دی به‌س له نیگای ئه‌مه‌وه ده‌بینرێ و دیته ده‌ربڕین؛
" ژنان له شه‌رمانا لێویان ده‌گه‌ست و کولمی خۆیان به سه‌ر په‌نجه ده‌گرت. پیاوه پیره‌کانیش وه"استغفرالله" ده‌که‌وتن و گه‌نجه‌کانیش شیر و تیریان لێ ده‌کێشا.. " ل 34
ره‌نگه ئه‌م یه‌کده‌نگی بوونه که بۆ ته‌بایی پێکهاته‌ی جوانیی و بابه‌تیی(فۆرم و ناوه‌رۆک) جه‌ختی له‌سه‌رکراوه، به‌شی هه‌ره لاوازی ده‌قه‌که‌ش بێ، له خوێندنه‌وه‌ی "باختین"یانه‌ی رۆمان‌دا. و چه‌ند ده‌نگی بوونی رۆمانه‌که‌ی خستبێته ژێر گوشار(؟؟)(!!)
خوێندنه‌وه‌ی 4
هه‌بوون یان بوون؟ گرێنگ ئه‌وه‌یه!
"تحمیل خصلت وجود(بودن) بر صیرورت(شدن). این شکل اعلای خواست قدرت است... اینکه همه چیز تکرار می شود نزدیک‌ترین تقریب جهان شدن، به جهان بودن است. این اوج تعمق است"2
نیچه- خواست قدرت- قطعه 617
"چه‌ند رۆژ دواتریش هه‌ر وه‌ک ئه‌مڕۆ وابوو، ئه‌و رۆژه‌ش گوتم" تۆ بڵێی ئه‌مڕۆش نه‌بێته دووپات بوونه‌وه‌ی رووداوه‌که‌ی جه‌ند رۆژ له‌مه‌وبه‌ر؟ پهڕهسیلکهکانی کۆچ – ل 23
.. نابێ حیسابی ژیانی خۆمان بده‌ینه ده‌ست که‌س.. کیه‌ر کێگارد
خاوه‌ن کرده‌وه‌ی خۆت به نه‌ک من! (حه‌قیقه‌ت) پهڕهسیلکهکانی کۆچ – ل 63
وه‌ک ئاماژه‌کرا؛ ترس و دڵه‌راوکێ و دۆخی قیزه‌ون و مه‌رگ وه‌ک ناوه‌ڕک باتگهلی سه‌ره‌کین له " په‌ڕه سیلکهکانی کۆچ"دا؛
" سنووری بێده‌نگی و ترس زۆر له‌یه‌ک نزیکن.. داخۆ بیرکردنه‌وه له ترسا نیه؟ بیرکردنهوهترس نیه؟" ل24
"ئێستا ده‌بێ بچه‌قێ بۆ ئه‌وه‌ی مه‌رگ ببه‌زێنێ" ل25
" چاوه‌ڕوانی ، هه‌میشه کاته ماندوو و بێ گرێکانی خۆیان به چاوه‌ڕوانی پڕده‌کرده‌وه.. ل29
ژان و ئازار خاکیش ورد و خاش ده‌کا.. ل 30
" ئه‌ی جار چیه؟ کینگڵ دان. هه‌رجاره و کینگڵ دانێکی نوێ"
"خاوه‌ن کرده‌وه‌ی خۆت به نه‌ک من!" (حه‌قیقه‌ت)
" به‌ره‌و کوێ بچم؟ نازانم. کۆڵانه‌کان هه‌ڵم ده‌لووشن.. رۆیشتنێکی بێهووده! چراکان، ئاسووده‌یی و نیگه‌رانی ده‌به‌خشن. تاریکی موتڵه‌قه، موتڵه‌ق سوکنایی و دڵه‌ڕاوکێ ده‌به‌خشێ . هه‌ڵبژێره؛ سوکنایی و دڵه‌ڕاوکێی تاریکی، یان سوکنایی و دڵه ڕ اوکێی رووناکی؟ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنێک له گۆڕێ‌دا بێ؟! ل 121
" ئه‌گه‌ر ته‌سلیم نه‌بی له نیگه‌رانییه‌کی قووڵدا ده‌بی.. ل122
ئه‌و چهمگهلهش نه به پێی هه‌ڵکه‌وت، به‌ڵکوو له ته‌ون و کڕێکی به ئاگا و به‌ئه‌نقه‌ست، داڕێژراون و نووسه‌ر له‌م رێگه‌وه ده‌یهه‌وێ فه‌لسه‌فه‌ی جیاوازیه‌کانی بوون(وجودexistenz) و هه‌بوون(هه‌ستیsein) له کۆمه‌لگه‌ی کورده‌واریدا بخاته به‌ر تیشکی هونه‌ریی.
ئه‌گه‌ر بوون له‌بری "وجود" و هه‌بوون له‌بری"هستی و صیرورة" دانێین، "هێگل له پرۆسه‌یه‌کی "دیالێکتیکی"دا لای وابوو بوون، تێزه و نه‌بوون ئانتی‌تێز و هه‌بوون، سه‌نتێزه... کیه‌رکێگۆر. پۆل ستراتێرن- ڵ 32
به‌ڵام ئه‌وه مه‌نتیقی دیالێکتیکی هێگل و تێز و ئانتی تێز نیه که که‌سایه‌تییه‌کانی پهڕهسیلکهکانی کۆچ به‌ره‌و ترس و دڵه‌ڕاوکێ و مه‌رگ و بیره‌وه‌ریه‌کانیان له ته‌نیاییدا ده‌کیشێ، به‌ڵکوو ئه‌م حه‌قیقه‌ته کیهرکێگاردییهیه که تا کۆتایی رۆمانه‌که له گۆشهگهل جیاوازه‌وه نوێنراوه‌ته‌وه؛ " من به ته‌نیاییه‌وه به‌رپرسی جیهانی خۆمم" ل 71 هه‌مان سه‌رچاوه
با سه‌ره‌تا بڕوانینه هه‌نێ له بۆچوونه‌کانی کیهرکێگۆرد ؛
"کیه‌رکێگۆر چه‌مکی هه‌ڵبژاردنی له مهر ئه‌م یان ئه‌و4 له ژیاندا هێنایه گۆڕێ و ئه‌وه‌ی که هه‌مووکه‌سێک به به‌رپرسایه‌تی و ئازادی ته‌واوه‌وه ئه‌توانێ یه‌کێک له‌و دوو شێوازه‌ی ژیان هه‌ڵبژێرێ؛ شێوازی جوانخوازانه، شێوازی ئه‌خلاقیانه(ئاکاریی)" 44 تا 48 هه‌مان سه‌رچاوه
" .. وه‌رزی کۆتایی هاتنی خه‌ونه‌کان و شه‌ڕی دوو خه‌ون" که خه‌ونه‌کانی دیکه ده‌مرێنن" پ- ک ده‌سپێک
"له شێوازی ئیستاتیکیدا تاک خۆی هه‌ر وه‌ک خۆی قهبووڵدهکا. به‌ڵام له شێوازی ئاکاریدا خۆی ده‌ناسێ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و که‌سێکی ئایدیال بیگۆڕێ" یه‌که‌میان سه‌ری به‌جیهانی دهرهوهقاڵه و ئه‌وی دی به جیهانی ناوه‌وه..
ژیانی شاعیر له ناکۆکبوونی له‌گه‌ڵ ته‌واوی بووندا ده‌ست پێدهک 5ا... 62
ژیان به پێشزه‌مینه‌ی دواوه ده‌رک ده‌کرێ به‌ڵام به زه‌مینه‌ی پاشه‌وه ئه‌نجام ده‌درێ 72
هه‌روه‌ها بڕواننه کتێبی "چه‌مکی ترس"1844 ی کیه‌رکێگۆر
پێکهاته‌ی سه‌ره‌کی "پ– ک" به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن و هه‌ست به به‌رپرسایه‌تیکردنی ئازادانه‌ی دو شێوه روانینه بۆ جیهان ؛ ئه‌و که‌سانه‌ی هه‌ر به بوون رازین و ئه‌وانه‌ی له‌هه‌وڵی گۆڕانی بوونی خۆیاندان به‌ره‌و هه‌بوون..
پرسیاری بنه‌ره‌تی لای هایدگێریش ئه‌مه بوو که حه‌قیقه‌تی هه‌ستی چیه؟ یان له به‌ر چی هه‌بووان هه‌ن(بوونیان هه‌یه) له‌بری ئه‌وه‌ی نه‌بن(بوونیان نه‌بێ)؟
نووسه‌ران و فه‌یله‌سوفانی ئێگزیستانسیالست(وجوودی)یش به لێشاو له‌و چه‌مکگه‌له دواون و به ده‌قیان کردوه و پێویست بهنموونههێنانهوه ناکا بۆ وه‌ی کامۆ و سارتر و ماڵرۆ و. له‌وه ناسراوترن که بمانهه‌وێ نموونه‌یان لێ بهێنینه‌وه.. و کاتی خۆی به‌وه تاوانبارکران که ئه‌و تێکستگهله ره‌وتی ژیان و ئومێد و گه‌شه‌ی ژیان و شارستانییه‌ت و شۆڕشی تاك و جه‌ماوه‌ریی مرۆڤ ده‌خه‌نه ژێر دیتن به چاویلکه‌ی شووشه قیرینهوه و ...3
سارتێر له وتارگه‌ل جۆراوجۆردا وه‌ڵامی ئه‌و تهنگهبیرییهانهی داوه‌ته‌وه؛6
" ئه‌گه‌ر ئه‌و شتانه‌ی من دهینوێنمهوه، ترس و رق و تووڕه‌یی سازده‌کا؟ خۆتانی لێ بپارێزن و ئه‌شتوانن وا بکه‌ن. جیهانێ سازبکه‌ن چۆڵ بێ له ره‌شیی و خراپه و گڵاویی . بۆوه‌ی ئه‌و تواناتان هه‌یه! ئه‌گه‌ر که‌سایه‌تی چیرۆک ژیانی خۆیان وێران ده‌که‌ن، ویستی خۆیان بووه و که‌س ناچاری نه‌کردوون ئه‌و رێگه‌یه هه‌ڵبژێرن.. ئه‌وان ئازادبوونه و ئێوه‌ش ئازادن به رێگه‌که‌ی تردا بڕۆن... ته‌مبه‌ڵی و ده‌روێشی و هه‌لاتن له ئه‌رکه‌کان، درۆ و ریا و خیانه‌ت .. گلاون و ده‌بێ گلاویش بنوێندرێن.." نواندنی ئه‌و ره‌شاییه به مه‌به‌ستی هه‌وڵدانی ئێوه‌یه بۆ گۆران دنی!
سارتر سه‌باره‌ت به "کۆشک"ی کافکا ده‌ڵێ؛ ئه‌گه‌ر رێگه‌یه‌ک که ده‌گاته "کۆشک" ی میتافیزیکی.. مرۆڤ تووشی ترس و وه‌حشه‌ت و مهزحهکه ئه‌کا .. به‌و مه‌به‌سته نوێنراوه که نابێ له‌و ریگه‌وه بڕۆی" سارتر و ئه‌ده‌بیات ل55
که ئه‌مه‌یان ره‌نگه به‌ڕواڵه‌ت پێوه‌ندی به باسه‌که‌مانه‌وه نه‌بێ، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێنانه‌وه‌ی دۆخی قیزه‌ون و مه‌رگاوی و ئه‌نجام مه‌رگ و کۆچ له‌م رۆمانه‌دا، به‌پێی ئه‌م خوێندنه‌وه، به هه‌مان مه‌به‌ستی کیهرکێگۆرد و دواتر سارتر به ده‌ق کراوه، من جه‌ختیان له سه‌ر ده‌که‌مه‌وه؛
مرۆڤ هه‌مووکات مه‌حکوومه به‌وه‌ی که مرۆڤایه‌تییه‌ک ساز بکا.. ئه‌وی که ئێمه‌ی پێ وه‌حشه‌تناک نیشان ده‌ده‌ن، رهشبینیمان نیه، به‌ڵکوو گه‌شبینی پڕلهمهترسیی ئیگزیستانسیالیسمه"
یاس فلسفی- سارتر در جستجوی بشریتی بی نقاب- مصطفی رحیمی- ل 49
" ژیان با سه‌ربه‌سه‌ر تابلۆیه‌کی ره‌ش بێ، به‌ڵام په‌ڵه‌یه‌کی سپی به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه ئاوڕی لێبده‌یته‌وه.. ئاوڕدانه‌وه ...ئاوڕدانه‌وه.." پ- ک 33
چه‌مکی کۆچ له "پ– ک"دا ئه‌نجامی هه‌مان باوه‌ڕی قووڵه به ئازادی و هه‌ستی به‌رپرسایه‌تی و توانای هه‌ڵبژاردنی مرۆڤ له به‌رانبه‌ر شه‌ڕ و خراپه‌دا...
" بۆ ئه‌وه‌ی ههڵنهوهرین ده‌بێ فێره کۆچ ببین... کۆچ نوێترین ئامرازی ژیانه!" پ – ک 151
ترس و دڵه‌راوکێی ژیانیش،له‌و بۆچوونه‌دا، به‌رهه‌می بیرکردنه‌وه و گومانه له هه‌مان هه‌ڵبژاردنی مرۆڤی تاک؛ تۆ بڵێی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی من حه‌قیقه‌ت بی؟ یان؛ ئه‌وه ناحهقیقهتی هه‌ڵبژارده‌ی من نه‌بوو که ئه‌وانی به‌کوشت دا یا، سهداب پرسیاری تر...
"فاتێ" له ژیانی بوونه‌وه‌ری خۆیدا ته‌سلیمی بهشوودانهکهی خۆیه‌تی و قه‌بووڵکردنی بۆگه‌نی ده‌می ته‌ها... به‌ڵام ئه‌و ئه‌نجام ژیانی هه‌بوون(شدن) هه‌ڵده‌بژێری و تێکه‌ڵ به ئه‌شقی حه‌مید ده‌بێ و دیاره ئه‌نجامه‌که‌شی ترس و دڵه‌راوکێ و ئه‌نجام کۆچی هه‌تاییه به‌ره‌و مه‌رگ. به‌رده‌که‌ی "سیزیۆڤ" بڵێی تا که‌ی خلوور بێته‌وه و تۆ بڵێی خلووربوونهوهکهی ئه‌مجاره‌ش وه‌ک جارانی پێشوو بێ یان به هۆی ئه‌م هه‌وڵانه‌وه هه‌نێ له سه‌رووتره‌وه بوه‌ستێت؟ " چه‌ند رۆژ دواتریش هه‌ر وه‌ک ئه‌مڕۆ وابوو، ئه‌و رۆژه‌ش گوتم" تۆ بڵێی ئه‌مڕۆش نه‌بێته دووپات بوونه‌وه‌ی رووداوه‌که‌ی چه‌ند رۆژ له‌مه‌وبه‌ر؟" پ_ک 23
سماییل و سیا و خاڵۆی که‌ماڵیش ههروهکتر؛ ئه‌وان دڵنیان به‌رده‌که‌ی "سیزیۆڤ" ئه‌گه‌ریش به‌ربێته‌وه ناچێته‌وه شوێنه‌که‌ی جاران و به‌رده‌وام له هه‌ڵکشاندایه به‌ره‌و لووتکه؛
وه‌ک له کۆتایی رۆمانه‌که‌دا ده‌بینین ئه‌وان ده‌مرن ... به‌ڵام که‌ماڵ له‌سه‌فه‌ری کۆچه‌که‌ی دا به‌رده‌وام له لووتکه نزیک ده‌بێته‌و و رچه‌ی خۆی ده‌شکێنێ.. به‌رده‌که‌ش به‌ره‌و سه‌رتر ده‌با.. هه‌رچه‌ند خۆی دڕدۆنگ بێ له‌و سه‌رکه‌وتنه و لای وابێ دیسان لێی خلوور ده‌بێته
خوا
ره
و
ه
خوێندنه‌وه‌ی 5؛
خوێندنه‌وه‌ی 5 و باقی خوێندنه‌وه‌کانی دیکه له مه‌ڕ چه‌مکگه‌ل "ته‌نیایی"، "هه‌ڵبژاردن"، "پارادۆکسی ئازادیی تاک"، ترس، هۆنه‌ر، بیره‌وه‌ری و.... باقی فۆرمگه‌ل جوانیناسانه‌ی ناو ئه‌و رۆمانه.. ده‌هێڵمه‌وه بۆ ئێوه خوێنه‌رانی چالاکی پهڕهسیلکهکانی کۆچ.. به‌و ئاواته‌وه ...
......
1- من پێشتر له‌وتاری کات یان کات- شوێن دا به‌وردی باسی کاتی زانستی و کاتی گێڕانه‌وه‌م کردوه.
2- سه‌پاندنی تایبه‌تمه‌ندی بوون(وجود) به‌سه‌ر هه‌بوون(شدن)دا. ئه‌مه‌یه بیچمی سه‌ره‌کی هێز(ده‌سه‌ڵات). ئه‌وه‌ی که هه‌موو شتێ دووپات ده‌بێته‌وه نزیکترین ئه‌گه‌ری جیهانی هه‌بوون(شدن) به بوون(وجوود) ه.
3- " ئه‌وه ده‌خه‌نه پاڵمان که ئێمه جه‌خت له ریسوایی مرۆڤ ده‌که‌ین و له هه‌موو شوێنێکدا ئه‌وه‌ی پێس و دوودڵی و قیزه‌وه‌نه ده‌یخه‌ینه روو، به‌مه‌ش، به بڕوای ئه‌وان لایه‌نی رووناک له لایه‌نه جوان و بێگه‌رد و بێخه‌وشه‌کانی سروشتی مرۆڤ پشت گوێ ده‌خه‌ین .. لێره و له‌وێ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن که ئێمه له هاوکاریی مرۆیی دوور که‌وتوینه‌ته‌وه و له جیهانمان دابڕیوه و له نێو تاکێتی خۆیدا گه‌مارۆمان داوه، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه وه‌ک مارکسییه‌کان ده‌ڵێن: له خودگه‌رایی په‌تی(ره‌ها)وه ده‌ستپێده‌که‌ین، واته له کۆژیتۆی دیکارته‌وه. به مانایه‌کی دی؛ ئێمه له‌و چرکه‌ساته‌وه ده‌ستپێده‌که‌ین که مرۆڤ له دابڕینی خۆیدا ده‌رک به خودی خۆی بکات، ئه‌مه‌ش ئێمه‌ی له دیدی ئه‌واندا لاواز کردوه که توانای گه‌ڕانه‌وه‌مان نه‌بێ بۆهاوکاری کردن له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی که له‌ده‌ره‌وه‌ی من (Lemoi يان Ego) دان و ناتوانین له کۆژیتۆدا باسیان بکه‌ین..
مه‌سیحیه‌کانیش به‌وه تاوانبارمان ده‌که‌ن، که ئێمه نکۆلی له واقعییه‌تی کرده مرۆییه‌کان و سووده‌کانیان ده‌که‌ین، چونکه ئێمه ئامۆژگاری و به‌هاکانی خودا لاده‌به‌ین، ئه‌و به‌هایانه‌ی له هه‌تایی و نه‌مریدا کێشراون، به‌وه‌ش هه‌ڕه‌مه‌کێتی ره‌ها به‌رکه‌ماڵ ده‌بێ و مرۆڤ خوازیاری چ بێت ده‌یکات و ناتوانێ حوکمڕانی را و بۆچوونه‌کانی که‌سانی دیکه و کرده‌وه‌کانیان بیت... ئه‌و تاوانه سه‌ره‌کییه‌ی ئاراسته‌مان ده‌کرێت ئه‌وه‌یه؛ ئێمه به‌ته‌نیا باس له لایه‌نی خراپی ژیانی مرۆڤ ده‌که‌ین" سارتر- بوونگهرايی فه‌لسه‌فه‌ی مرۆڤايه‌تييه
4- "ئه‌م یان ئه‌و " ناوی یه‌که‌م کتێبی کیهرکێگاردیشه
5- هایدگێر قوتانی کیهرکێگارد دواتر هه‌ر ئه‌و چه‌مکانه رێک و پێکتر و فه‌لسه‌فیانه‌تر له هه‌ستی و زه‌مه‌ن دا فرمووله ده‌کا؛
هایدگێر له "هه‌ستی و زه‌مه‌ن"دا به‌وردی ئه‌و دوو چه‌مکه‌ی لێک جوێ کرده‌وه. ئه‌و بوونی به مانای واقیعبووب و ئاگاداربوون له ژیان لێک دایه‌وه ، " بوون پێوه‌ندی نێوان هه‌بوونی(هستی) دازاین و جیهان روون ده‌کاته‌وه" واته "بوون دۆخی هه‌بوونی دازاینه، به‌ڕای دازاین. که‌سێ که ده‌ڵێ من بوونم هه‌یه له راستیدا دۆخی ژیانی خۆی دیاری ده‌کا له به‌رانبه‌ر مانای هه‌بوونی(هستی) خۆیدا." بوون یه‌کێ له ئیمکانه‌کانی هه‌بوونه .. هه‌بوون له‌گه‌ڵ ئێختیار و هه‌ڵبژاردندایه واته دازاین به مه‌یلی خۆی ده‌توانێ له رێگه‌ی خۆکوشتنه‌وه بوونی خۆی بکا به نه‌بوون. هه‌ر چه‌ند هایدگێر زۆر که‌م باسی خۆکوژی( ئه‌ویش وه‌ک بابه‌تیکی ناره‌سه‌ن) ده‌کا" هایدگێر و پرسیاری بنه‌ره‌تی- بابک ئه‌حمه‌دی ل- 239
6- ئه‌گه‌ر گه‌شبین به که‌سێک بزانین که ده‌م وده‌زگای خیلقه‌ت به باشترین ده‌زگای مومکین ئه‌زانێ و لای وایه قه‌ڵه‌می سازنده بێ هه‌ڵه بووه، سارتر به‌و مانایه گه‌ش بین نیه؛ بۆوه‌ی ئه‌و جیهانی بوون به هیچ ئه‌زانێ. ئه‌گه‌ر ره‌شبینیش به که‌سێ بناسین که سه‌رکه‌وتنی خراپه به‌سه‌ر چاکه‌دا به‌رده‌وام و ئه‌به‌دییه، سارتر هه‌رگیز ره‌ش بین نیه؛ بۆ وه‌ی ئه‌و نه سه‌رکه‌وتنی خراپه‌ی لا ئه‌به‌دی و حه‌تمییه و نه سه‌رکه‌وتنی چاکه، ئه‌و ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی خه‌ڵک که ببنه که‌ره‌سی سه‌رکه‌وتنی کامیان، واته چاکه ئه‌وه‌ند سه‌رده‌که‌وێ که ئێمه باش بین. سپای خراپه‌ش ئه‌وه‌ند سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست ده‌هێنێ که ئێمه له ریزه‌کانیدا ناومان بۆ نووسیبێ.." یاس فلسفی- سارتر در جستجوی بشریتی بی نقاب- مصطفی رحیمی- ل 49
7- ئه‌م رۆمانه نووسینی به‌ڕێز فه‌ڕوخ نێعمه‌تپوور ه و جێی خۆیه‌تی هه‌ر لێره‌دا ده‌ستخۆشی لێبکه‌م و ئاواتی به‌رده‌وامیی و سهرکهوتنیم هه‌یه له خزمه‌ت به ئه‌ده‌بی کوردی‌دا.