شێعره‌سات

جيهاني وبلاگ نووسي جيهانيكي تازه‌يه و به داخه‌وه درگاي ئه‌و جيهانه دره‌نگ له ئيمه كرايه‌وه به‌لام چار نيه و ده‌بي بيگه‌يني به‌و هيوايه‌ي هيچمان بو گوتن /لاني كه‌م به خومان پي بي سوزه‌ني 27/9/83/

پنجشنبه، بهمن ۱۰، ۱۳۸۷

ره‌ش و سپی



ره‌ش وسپی؟ ‌به‌ یه‌ک مه‌نتیق دیکتاتۆرن!



زۆر که‌سان ده‌ڵێن که؛ ‌ ئه‌ده‌ب و به‌گشتی هونه‌ر حه‌تم به‌ ئامانجێکه‌وه‌ دێنه‌ گه‌ڕ و ده‌نوێنرێن.. ئه‌وه‌ی به‌دروشمی "من بۆ دڵی خۆم ده‌نووسم" هاتۆته‌ مه‌یدان.. یان درۆ ده‌کا و یان له‌ هه‌ڵه‌دایه‌.. بۆ وه‌ی وه‌مه‌یدان هاتن و بۆ دڵی خۆ نووسین یه‌ک ناگرنه‌وه‌. ئه‌و که‌سانه‌ ده‌ڵێن ئه‌ده‌بیات بۆ وه‌ده‌ر خستنی جوانیه‌کانی ژیان و سروشت و دیارده‌کانیه‌تی و به‌ گشتی هانده‌ری مرۆڤه‌ بۆ ئه‌شق و گه‌شه‌ و گه‌یشتن به‌ ئه‌وپه‌ڕی چیژ و دیداری سه‌ره‌کجوانه‌کان..


ئه‌وان ده‌ڵێن که‌ هونه‌رمه‌ند مافی ئه‌وه‌ی نیه‌ به‌ ناڵان و کڕووزانه‌وه‌ی خۆی له‌بریئه‌وه‌ی به‌رده‌نگه‌کانی خۆی شاد بکا و هه‌ستێکی چێژده‌ریان بداتێ ... بیانخاته‌ ناو ره‌شبینی و دڵه‌ڕاوکێ و ترس و وه‌هم و ئازاره‌کانی ره‌وانییه‌وه‌ ‌ و ...


ئه‌وان ده‌ڵێن که‌ ئه‌گه‌ر ناتوانی هه‌نگوینی چیژ بده‌یته‌ ژیانی مرۆڤایه‌تی، لانی که‌م نیشی که‌ژدومی لێ مه‌وه‌شێنه‌..تاد.


"و گلو ر ا شایسته‌تر آن که‌ زیباترین نامها را بگوید.." "شاملوو"


زۆر که‌سانی دیش ده‌ڵێن که‌؛ هونه‌ر به‌گشتی نه‌ک به‌سه‌ر منتیق و ئیستدلال و زانست.. و دروشم. به‌ڵکوو به‌ سه‌ر خه‌ون و خه‌یاڵی ناسک و ده‌روونیاته‌وه‌ به‌نده‌ و خه‌ون و فه‌نتازیاش به‌ پێوه‌ری مه‌نتیق هه‌ڵسه‌نگاندن هه‌ڵه‌یه‌ و ئه‌وه‌ به‌س رووناکی و جوانی نیه‌ که‌ ژیانی مرۆڤایه‌تی داڵده‌داوه‌، به‌ڵکوو ئێش و ئازار و نه‌گبه‌تی و نه‌داریی وترس له‌ مه‌رگ و ماڵوێرانی و به‌گشتی شه‌وه‌زه‌نگیش به‌شێکی گه‌وره‌تره‌ له‌ ژیان و سروشت. ئه‌وانه‌ش راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ له‌ سه‌ر خه‌ون و ده‌روونیاتی هونه‌رمه‌ند شوێن داده‌نێن و ده‌بێ له‌ هونه‌ردا ئه‌وه‌ند به‌هێز بنوێنرێته‌وه‌ که‌ مرۆڤ هه‌وڵبدا بۆ سڕینه‌وه‌یان... ناکرێ له‌ پرسه‌دا گۆرانی بڵێی.. له‌شه‌وه‌زه‌نگدا جوانیش نابینری.. هه‌رچه‌ند جوانیه‌کانیش به‌شێک بن له‌ ناوه‌رووکی هه‌مان ره‌شیی. باسکردن له‌ جوانی روخساری جه‌نازه‌ی منداڵانی بۆمبارانکراو چ هه‌ستێکی شادی ده‌به‌خشێ؟ مه‌گه‌ر شه‌ڕ و ئاواره‌یی و ترس و ژان و مه‌رگ به‌شێکی گرێنگی ژیان نیه‌؟ کاتی خۆی هه‌ر به‌م بۆنه‌وه‌ ره‌زابه‌راهه‌نی (شاعیر و ره‌خنه‌گری فارس) سوهراب سپێهری شاعیری به‌ "به‌چکه‌ بوودای ئه‌شرافی" تاوانبارکرد.. به‌راهه‌نی ده‌یگوت له‌ هه‌نێ سه‌رتره‌وه‌ لای ئاوه‌که‌ پیاو سه‌رده‌بڕن .. که‌چی سوهراب به‌جوانی ئاوه‌که‌دا هه‌ڵده‌دا و ده‌ڵێ: "ئاوه‌که‌ لێڵ مه‌که‌ن!"



ئه‌م ره‌ش یان سپی دیتنه‌ به‌ڕای ئێوه‌ هه‌مان موتڵه‌ق روانین نیه‌؟ هه‌ر دووکیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نین ره‌نگه‌کانی دیکه‌ی ژیانی مرۆڤ و سروشت بسڕنه‌وه‌ و هونه‌ری یه‌کره‌نگ و یه‌ک ده‌نگ و یه‌ک ره‌هه‌ند بخولقێنن؟


"اما نه‌ خدا و نه‌ شیطان


سرنوشت تۆرا بتی رقم زد که‌ دیگرانش می پرستیدند"1


دووهۆکاری سه‌ره‌کی بۆ به‌س ره‌ش یان سپی دیتنی هونه‌رمه‌ند ده‌ورده‌گێڕن؛


یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که‌ زێهنی من ی تاک له‌گه‌ڵ یان دژ به‌ دۆخ یان ره‌نگێکی تایبه‌ته (زێهنی سه‌ربه‌خۆ له‌به‌رامبه‌ر واقیعدا)‌


لێره‌دا تاک خه‌ڵک به‌مێرووله‌‌ ده‌زانێ و حه‌زده‌کا جار به‌جار ئاوبکاته‌ نووستنگه‌کانیانه‌وه‌ و نیما گوته‌نی؛ "آب در خوابگه‌ مورچگان ریخته‌ام"


دووهه‌م منی ئایدۆلۆژی ه که‌ هونه‌رمه‌ند به‌ره‌و دروشمدان ده‌با (واقیعی سه‌ربه‌خۆ له‌به‌رامبه‌ر زێهندا) و .... ده‌بێته‌ قاتڵی باری ستاتیکیای به‌رهه‌‌مه‌که‌ی و...


‌له‌م حاڵه‌ته‌شدا تاوانی ره‌شبوونی جیهان ده‌خرێته‌ پاڵ جگه‌ره‌کێشانی جه‌ماوه‌ر و ئایدۆلۆژی به‌ خۆی و فڵچه‌که‌ی ده‌ستیه‌وه‌(ترۆتسکی ئاسا) ئه‌یهه‌وێ هه‌موو جیهان سپی بکاته‌وه‌و....



زۆر که‌سی دیش ده‌ڵێن؛ که‌ چ جیاوازه‌ هه‌موو شار ره‌ش بێ یا سپێ؟ جگه‌ ئه‌وه‌ی روومه‌تی گه‌شی یار و ئاویی زه‌ریا و ئاسمان و گوڵه‌ ره‌نگاڵه‌کانی سروشتی تێدا خنکاوه‌؟


ئه‌وان ده‌ڵێن:ئه‌گه‌ر ژیان پڕبێ له‌ هه‌زاران ره‌نگی تۆخ و که‌مره‌نگ و مامناوه‌ند.. هونه‌ر بۆ ده‌بێ به‌ هه‌مان زێهنییه‌ته‌وه‌ نه‌خولقێ؟ ره‌ش به‌ بێ سپی و به‌پێچه‌وانه‌وه، نه‌ک هه‌ر بێمانایه‌ به‌ڵکوو ده‌بێته‌ بێره‌نگی موتله‌ق که‌ نه‌ زێهن و نه‌عه‌ین، نه‌خه‌ون و نه‌زانستی تێدا شرۆڤه‌ ناکرێ. ‌


هه‌ر له‌ ئوستووره‌کانه‌وه‌؛ ئه‌گه‌ر زئۆسێک هه‌بووبێ، پرۆمته‌یه‌کیش هه‌بووه‌


ونووس به‌ بێ تایتانووس و ئاپۆلۆن به‌بی دیۆنیزۆس نه‌بوونه‌ و باران و مۆسیقا و ده‌ریا و بیاوان و.. ره‌نگه‌کانی دیکه‌ش‌ خودای تایبه‌تی خۆیان هه‌بووه‌ و پێکه‌وه‌ زێهنییه‌تی ئوستووره‌ییان هێناوه‌ته‌ سه‌ده‌ی ئاسن و ئینتێرنێت... که‌وایه‌ هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات (شێعرو چیرۆک) به‌ زمانی نیشانه‌ له‌ هه‌موو ره‌نگه‌کان ده‌کۆلێته‌وه‌ و فۆرم و بابه‌تی ئه‌و ره‌نگانه‌ لێک ده‌ئاڵێنێ و ره‌نگ و بۆنی تریشیان لێ ساز ده‌کا...


-2-


" شار به‌ دووکه‌ڵی جگه‌ره‌ی گه‌وره‌کان ره‌ش هه‌ڵگه‌راوه‌" ئه‌مه‌ ده‌سپێکی چیرۆکی "گه‌ڕانه‌وه‌ی گه‌وره‌"نووسینی به‌ڕێز "مسته‌فا زاهیدی"یه‌. ره‌شی شار "هه‌مووکه‌سی به‌ خۆ و هه‌موو که‌س نامۆ کردوه‌، گومبوونێک که‌ ده‌مانباته‌وه‌ هه‌مان ئێواره‌ی چوارشه‌ممه‌ که‌ هه‌موومان تێکڕا و به‌ یه‌کده‌نگ نفره‌تمان له‌ هه‌موو ره‌نگه‌کان کرد جگه‌ له‌....."


خه‌لیل که‌سایه‌تی سه‌ره‌کی چیرۆکه‌که‌ عه‌ڤداڵی ئه‌و یۆتۆپیایه‌ که‌ "بیباته‌وه‌ سه‌ر ره‌نگی سپی و جریوه‌ی باڵنده‌ و روخساری سوور و سپی کچه‌که‌ی جیرانیان... ئه‌و ماوه‌یه‌ک ون بووه‌ و ناوی له‌سه‌رزاران نه‌ماوه‌ و خه‌ڵک وای بۆده‌چن خۆی کوشتبێ، یان له‌ ناو گرووپێکی نه‌یاردا فه‌رمانده‌یی چه‌ند که‌سی به‌ده‌ست بێ.. ئه‌نجام خه‌لیل دیته‌وه‌ ناوشار و به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌فسانه‌یی(!!) خه‌لک له‌خۆی خڕده‌کاته‌وه‌ و به‌ر ده‌بێته‌ سپیکردنه‌وه‌ی دیواره‌کانی شار؛


" ته‌نیا من ده‌رک به‌م ره‌شییه‌ ده‌که‌م یان..؟ که‌س مته‌قی لێوه‌ نه‌هات."


ئه‌و خه‌ریکه‌ دیوارێک سپی بکاته‌وه‌ که‌ کاتی خۆی ئه‌وه‌ند سپی بوو که‌ " هه‌موویان به‌ شیاوترین شوێنیان ده‌بینی بۆ ئه‌وه‌ی دروشمه‌کانی خۆیانی له‌سه‌ر بنووسن.. ئه‌و دیواره‌ هه‌مان دیواره‌ که‌ هه‌مووده‌م له‌سه‌ری دیاننووسی بژی سپێتی.. سپێتی نووری چاومانه‌."


وه‌ ئه‌نجام دوای ئه‌وه‌ی خه‌بات دژی ره‌شێتی سه‌رده‌که‌وێ ره‌ش هه‌ڵگه‌رانی گه‌وره‌ به‌رده‌وامه‌ و بازنه‌ی چیرۆکه‌که‌ش‌ به‌رده‌وامتر... و ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ وه‌ک پول ریکۆر ده‌ڵێ: نووسینه‌ دژ به‌ فه‌رامۆشی؛


"ئه‌م گیڕانه‌وه‌ گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌کانی نه‌وه‌یه‌که‌ بۆ نه‌وه‌ی تازه. ئه‌و نه‌وه‌ تازه‌یه‌ی که‌ هه‌م له‌ خه‌بات دژی ره‌شێتی بێئاگایه‌ و هه‌م له‌و دروشمه‌ گه‌ورانه‌ی که‌ده‌ماندا و هه‌م له‌ چۆنیه‌تی ئه‌و ره‌شهه‌ڵگه‌ڕانه‌ گه‌وره‌یه‌ی دوای سه‌رکه‌وتنی خه‌بات دژ به‌ ره‌شێتی." ‌‌


له‌ کۆتایی چیرۆکه‌که‌دایه‌ که‌ خوینه‌ری چالاک له‌خۆی ده‌پرسی تۆ بڵێی دیواره‌کانی شار به‌هۆی نووسینی هه‌مان دروشمگه‌لی بژی و بمرێ له‌ سه‌ر دیواره‌ هه‌ره‌ سپی و جوانه‌کانمان ره‌شهه‌ڵنه‌گه‌رابێتن؟ تۆبڵێی "موعتاد"بوونی گه‌وره‌کانمان به‌ جگه‌ره‌ هێمایه‌ک نه‌بێ بۆ راهاتنمان به‌ دروشمگه‌ل ره‌ش یان سپی؟




+++++ = +++++


1- "به‌ڵام نه‌ خوا و نه‌ شه‌یتان/ چاره‌نووسی تۆ‌ بتێک دیاریی کرد/ که‌ دیتران ده‌یانپه‌ره‌ست" شاملوو


یکشنبه، دی ۲۹، ۱۳۸۷

سرینه‌وه‌ی نوێترخوازان به‌ چ مه‌به‌ستێک؟



(1)


شاعیرانی کۆڵان و دایه‌ره‌


ساڵه‌ها پێش یادی نابه‌خێر؛ ئه‌و کاته‌ی زۆرێ له‌ شاعیران و نووسه‌رانی باشوور له‌گه‌ڵ ‌حزبه‌ ئوپۆزیسیۆنه‌کانیان به‌ ده‌ست سه‌دام ه‌وه‌ ئاواره‌ی ئه‌م دیو ببوون ،، له‌ باس و دیالۆگێکی هونه‌ری- ره‌خنه‌ییدا له‌گه‌ڵ یه‌کێ له‌ نووسه‌رانی ئه‌وکات ناوداری ئه‌ودیو.. بۆ ئه‌وه‌ی گرینگی رۆمان و قه‌یرانی شێعر بنوێنێ گوتی؛ کۆڵانی سلێمانی نیه‌ ده‌یان شاعیری تێدا نه‌بێ!! ده‌رفه‌تی نواندنیان نیه‌ ئه‌گینا هه‌‌موویان خۆیان له‌ په‌شێو وشێرکۆ به‌ شاعیر تر ده‌زانن!!


من ئه‌وکات (ئیستاش هه‌رلام وایه‌) ده‌مگوت زۆر بوونی شاعیر له‌ به‌هاکانی ده‌قی شێعری که‌م ناکاته‌وه‌... له‌ناو سه‌دان شاعیر و شێعردا شاعیر و شێعری هه‌ڵکه‌وته‌ زێده‌تر سه‌رهه‌لدێنن و به‌ره‌و ئاسمان ده‌کشێن، تا له‌ ناو شاعیرانی به‌قه‌ده‌ر ژماره‌کانی ئه‌نگوستدا...


هێنانه‌وه‌ی ئه‌و بیره‌وه‌رییه‌ بۆ ئه‌وه‌ بوو وه‌ڵامی هه‌نێ له‌و دۆستانه‌ بده‌مه‌وه‌ که‌ جار و بار ده‌پرسن بۆ له‌ فڵانه‌ شه‌وه‌ شێعری سه‌قز(ئه‌و‌ شاره‌ی هه‌موو ته‌مه‌نت تێدا به‌سه‌ربردوه‌) به‌شدار نه‌بووی؟


لام وایه‌؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یدا که‌ هه‌موو گروپ و ئه‌نجومه‌ن و ئیداره‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ و ناسه‌ربه‌خۆ و ... مافی خۆیه‌تی به‌هه‌ر مه‌به‌ست و ئارمانجێکی ئاشنا و نائاشناوه‌ دانیشتنی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری سازبکا و دیسان مافی خۆیانه‌ بۆ ئه‌و دانیشتنانه‌ ئه‌وکه‌سانه‌ بانگ بکه‌ن که‌ وه‌ک ئه‌وان له‌دیارده‌کان ده‌روانن یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌... هه‌روه‌ها هه‌موو رووناکبیر و ئه‌دیبێکیش ئه‌و ‌مافه‌ی هه‌یه‌ که‌ به‌ دڵخواز به‌شداری ئه‌وکؤر و دانیشتنانه‌ بکا یان نا و..


له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ بار و دۆخی ئیستای مه‌دا که‌ مه‌ودا بۆ کۆڕوکۆبوونه‌وه‌ که‌مه‌، "حذف" کردنی به‌ئه‌نقه‌ست و بۆغزاوی ئه‌و که‌سانه‌ی له‌و بواره‌ه‌دا به‌رچاون، به‌س له‌ که‌سانێک ده‌وه‌شێته‌وه‌ که‌ مووچه‌خۆرن نه‌ک جوانناس.. هه‌ر بۆیه‌ به‌ پێویستم زانێ هه‌نێ زێده‌تر له‌و پرسیاره‌ بکۆڵمه‌وه‌؛



ئێستا به‌ خۆشیه‌وه‌ سه‌قزیش وه‌ک ئه‌و ساڵانه‌ی سلێمانی، به‌ گوته‌ی ئه‌و دۆسته‌ رۆماننووسه‌مان، ده‌یان شاعیری تێدایه‌ و دیسان به‌خۆشییه‌وه‌، که‌ره‌سه‌کانی راگه‌یاندنی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ک ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی داونه‌تێ که‌ جار و بار خۆدێکیش بنوێنن و هه‌واڵه‌که‌ی له‌ سایته‌ ناوچه‌ییه‌کاندا بڵاو بکه‌نه‌وه‌ و ناوی شاعیرانی به‌ناوبانگیش له‌ خۆیان بنێن و که‌ ناویشیان له‌ که‌له‌که‌ی سه‌را به‌ودیودا نه‌چوه‌ گرینگ نیه.. له‌وبه‌ر که‌له‌که‌ی سه‌را و ئه‌و به‌ری فیلانتاقیشه‌وه‌ شاعیرانی ناوداری وه‌ک خۆیان بانگهێشت ده‌که‌ن و ناوده‌رکردن هه‌ر واده‌بێ ئێتر... ( هه‌ڵبه‌ت ئیزن وه‌رگرتنیش بۆ ئه‌و به‌رێزانه‌ هاسانه‌ و‌... بۆ وه‌ی هه‌رگیز پایان له‌ بازنه‌ی ئه‌وان نه‌هه‌ڵێناوه‌.) که‌ یه‌ک تاقه‌ دێڕی نوێ‌شتان له‌ناو به‌رهه‌مه‌کانیاندا(له‌پای ئه‌ده‌بی پێش خۆیان) نه‌دی گرینگ نیه‌.. گرینگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وان زمانی کوردی ده‌زانن وجوانپه‌ره‌ستن. به‌ڵام شاعیرانی نوێترخواز نایزانن و ره‌شبین و جواننه‌ناسن!!... و هه‌له‌ق مه‌له‌ق ده‌ڵێن....


خوا بیانپارێزێ.. دڵنیام ئه‌گه‌ر بیانهه‌وێ به‌راستی ببنه‌ شاعیر به‌ره‌ به‌ره‌ زێده‌تر ئه‌و وتارانه‌ ده‌خوێننه‌وه‌ که‌ کاتی خۆی(ئه‌وساڵانه‌ی ئه‌وان هێشتا دانه‌مه‌زرابوون) له‌ده‌مه‌ته‌قێ و شه‌ڕه‌قه‌ڵه‌می سه‌له‌فیه‌تی ئه‌ده‌بی و نوێترخوازاندا بڵاوکرایه‌وه‌ و زۆرکه‌سی پێ ده‌مکوتکرا و زۆرشاعیری کۆڵانیشی هێنایه‌ ریزی شاعیرانی نێوشاره‌وه‌ و ..


من ئیستاش لاموایه‌ له‌ناو ده‌یان شاعیری کۆڵانان و ئه‌نجومه‌نی ئیرشاد و ئیداره‌جاتی سه‌قزدا، حه‌تم شاعیری باش زێده‌تر ده‌بێ له‌وه‌ی که‌ ئه‌و ئه‌نجومه‌ن و ئیدارانه‌ هیچیان تێدا نه‌بێ.. به‌ڵام ئه‌و شاعیرانه‌ ده‌بێ هۆشی ئه‌وه‌یان ببێ که‌ شێعری باش حه‌زی له‌ هیچ ئیداره‌یه‌ک نیه‌ و زۆر له‌وه‌ سرکتره‌ که‌ ئه‌وان بۆی چوونه‌!


راستیه‌که‌ی منیش ئیتر تاقه‌تی ئه‌وه‌م نه‌ماوه‌ گوێبده‌مه‌ ئه‌و چه‌شنه‌ به‌رهه‌مانه‌ و سه‌رم به‌ عه‌شقی ده‌قه‌وه قاڵه‌‌.. به‌ڵام دڵنیا بن به‌رهه‌می هه‌رکام له‌و گه‌نجانه‌ له‌ده‌ق نیزیک بێته‌و باوه‌شی قه‌ڵه‌م و خوێندنه‌وه‌می لێ ئاوه‌ڵایه‌...و هه‌رکام له‌و ئه‌نجومه‌ن و ئیدارانه‌ش شه‌وه‌ شێعرێکیان هه‌بێ، به‌و مه‌رجه‌ی پێشتر داوای ده‌قم لێ نه‌که‌ن.. لانی که‌م وه‌ک گوێگرێکی باش له‌خزمه‌تیاندام.


قسه‌ی من ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ کێ چێ رێده‌خا و به‌ چ مه‌به‌ستێکه‌وه‌ .. بۆ وه‌ی زۆربه‌ی کۆڕه‌ئه‌ده‌بی و‌ ره‌خنه‌ییه‌کانی ئێمه‌ له‌لایه‌ن یان به‌ یارمه‌تی و له‌ژێرچاودێری ئه‌و دایه‌رانه‌دا دێته‌ ئارا.. و که‌م نه‌بوونه‌ ئه‌و کۆر و فستیواڵانه‌ی که‌ ئێمه‌ومانان(وه‌ک شاعیر و نووسه‌ری سه‌ربه‌خۆ) به‌شداریمان کردوه‌ و له‌مه‌به‌دواش ره‌نگه‌ به‌شداری زۆر کۆری دیکه‌ بکه‌ین و به‌ مه‌به‌ستی قورسترکردنی لایه‌نی ئه‌ده‌بی و رووناکبیرییه‌که‌ی هه‌وڵمانداوه‌ و هه‌وڵئه‌ده‌ین... باس له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ چۆن و چه‌ند هه‌وڵی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌ده‌ب و ده‌ق بده‌ین له‌و کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌گه‌له‌دا و چه‌ند ئه‌توانین پا له‌ ئه‌رێ و نابێ کانی ئه‌وان بترازێنین.. یه‌کێ له‌ مه‌رجه‌کانی من بۆ به‌شداریکردنی ئه‌و کۆڕگه‌له‌ به‌رده‌وام ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ پێشتر داوای ده‌قی ئه‌و شێعر و وتارانه‌مان لێنه‌که‌ن که‌ بڕیاره‌ بیخوێنینه‌وه‌،، ئه‌گه‌ر که‌سایه‌تییه‌ک وه‌ک شاعیر یان نووسه‌ر بۆ هه‌ر کۆڕێک ناسراوه‌، ئیتر پێویست ناکا داوای ئه‌وه‌ی لێبکه‌ن که‌ ده‌بێ شێعره‌که‌ت ببینین.. یان ده‌بێ بزانین ده‌ڵێی چی؟1 به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌مان یه‌ک مه‌رج بۆته‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌نێ له‌ شاعیرانی ئیداره‌جاتی لێ بسڵه‌مێته‌وه‌ و ... ‌ ئیتر مابه‌قی ده‌هێڵمه‌وه‌ بۆ رای ئێوه‌ی شاره‌زای بوار و رچه‌ ئه‌ده‌بی و هۆنه‌ریه‌کان.... 2



-----


1- مه‌به‌ستم ئه‌و فستیواڵانه‌ نیه‌ که‌ ده‌قه‌کان ده‌که‌ونه‌ کێ بڕکێ بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵات، بۆ وه‌ی له‌‌و حاڵه‌ته‌دا شاعیر و نووسه‌ر به‌ ره‌زای خۆی و به‌ قه‌بووڵکردنی سه‌لیقه‌ی داوه‌ریی که‌سانێکی تر ئاماده‌ن بۆ به‌رێکردن یان نه‌کردنی به‌رهه‌م یان ده‌ق و... ) هه‌ر وه‌ها مه‌به‌ستم دیاری نه‌کردنی کات بۆ هه‌رکام له‌و که‌سانه‌ نیه‌ که‌ بڕیاره‌ ده‌قێک پێشکه‌ش بکه‌ن. ئه‌زقه‌زا کاری به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌ر کۆرێک یه‌کیان ئه‌وه‌یه‌ که‌ کاتی دیاریکراوی هه‌بێ بۆ هه‌ر کام له‌ ده‌قه‌کان.. بۆوه‌ی که‌س له‌خۆرا کاتی که‌سانی دی نه‌گرێ.


2- تکایه‌ ئه‌م قسه‌یه‌م وه‌ک سووکایه‌تی کردن به‌ هه‌موو مووچه‌بگیرانی زه‌حمه‌تکێشی ده‌وڵه‌تی لێوه‌رمه‌گرن! رووی قه‌ڵه‌مه‌که‌م له‌و که‌سانه‌یه‌ که‌ به‌ده‌مامکی هونه‌رمه‌ند و ئه‌دیبه‌وه‌ خۆیان تێکه‌ڵاو شه‌پۆلێک کردوه‌ که‌ لێی تێنه‌گه‌یشتوونه‌ و ئه‌یانهه‌وێ به‌ ده‌ستێک سێ-چوار شووتی هه‌ڵگرن و هیچیشیان بۆ ناگاته‌ مه‌به‌ست،ده‌مامک و دوو رووییه‌که‌یان نه‌بێ

دوشنبه، دی ۲۳، ۱۳۸۷

ساڵی نوێ



سالی نوێی زایێی و


وێنه‌ هه‌واڵه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی باڵا؛



با ئێمه‌ش درۆشمێکی سیاسی بده‌ین.. چیمان له‌و هه‌مووه‌ که‌متره‌


بۆمبارانکردن و وه‌به‌ر گولله‌ تۆپدانی خه‌ڵکی ناچه‌کدار و ئاسایی به‌ هه‌ر ناوێکوه‌ و له‌ژێر سێبه‌ری هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی به‌ناو دێموکرات و نا دێمۆکرات، گاور و موسڵمان و مه‌سێحی و موسایی و هه‌ر دین و نادینێکی دیکه‌.. کارێکی وه‌حشییانه‌یه‌ و دیکتاتۆریه‌تی1 له‌ پشته‌ و هیچی تر. من هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ زانستی (ژئۆپلیتیک)جوغرافیاییم کزبووه‌ و ئێستاش که‌ ئیستایه‌ فێر نه‌بووم پایه‌ته‌ختی زلهێزان کوێیه‌ و بۆ خۆشیان له‌ هه‌رێمه‌بچووکه‌کان ‌ناێی؟ و جڕوجانه‌وه‌ر(ناوێرم بڵێم ژن و منداڵ و..)ی ئه‌و ناوچه‌ که‌مده‌سه‌ڵاتانه‌ تاوانیان چییه‌ و بۆ وه‌به‌ر هێرشی ئاسمانی زه‌وینی و مامناوه‌ند ده‌که‌ون؟ خوا مه‌رگیان با .. ئه‌یه‌ڕۆ ئه‌وه‌ بۆ واده‌که‌ن!!!


.......

1- مه‌به‌ستی من له‌و وشه‌ ناخۆشه‌ کاری خراپه‌ و له‌و ساڵانه‌وه‌ فێر بوومه‌ که‌ گه‌نجان(هه‌ر یه‌که‌و له‌ حیزب و سازمان و رێکخراوه‌یه‌که‌وه‌ له‌ مه‌یانی هه‌ڵۆ(ی جاران) ده‌که‌وتنه‌ مشت و مڕی به‌ناو سیاسی و ئه‌و وشه و هه‌نێ وشه‌ی گرانی دیکه‌‌یان وه‌ک جنێو به‌ یه‌ک ده‌دا