شێعره‌سات

جيهاني وبلاگ نووسي جيهانيكي تازه‌يه و به داخه‌وه درگاي ئه‌و جيهانه دره‌نگ له ئيمه كرايه‌وه به‌لام چار نيه و ده‌بي بيگه‌يني به‌و هيوايه‌ي هيچمان بو گوتن /لاني كه‌م به خومان پي بي سوزه‌ني 27/9/83/

یکشنبه، دی ۲۷، ۱۳۸۸

یادداشت



"گووز" یان گۆرانی

(1)


" ... ئه‌رێ په‌پووله‌ بۆ ئه‌کوژن


ئه‌مه‌ چیه‌ شێعر ئه‌ڵێن؟


دایک و باوک و خۆشک و که‌س و کارتان (.....)


شێعره‌سات- 1375- سه‌قز



چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له‌ فستیواڵی چیرۆکی بانه‌، وه‌ک یه‌کێک له‌ ره‌خنه‌گران و داوه‌رانی فستیواڵه‌که‌، خوێندنه‌وه‌یه‌کی میتۆلۆژیانه‌م ئاراسته‌ی چیرۆکی یه‌کێک له‌ به‌شداربوانی ئه‌و فستیواڵه‌ کرد(چیرۆکی ماڵی به‌ر با - سلێمان دلسۆز) ... رۆژگار هات و چوو و.. کاک سلێمان ئه‌مساڵ وێبنووسێکی کردۆته‌وه‌ و لام وایه‌ ئه‌و خوێندنه‌وه‌ی تێدا بڵاو کردۆته‌وه‌ و دۆستێکی ئه‌و به‌ڕێزه‌ کامێنتێکی تایبه‌تی بۆ ناردوه‌ و به‌ زمانی شیرینی فارسی بۆی نووسیوه‌ که‌ ئه‌و خوێندنه‌وه‌ له‌ وێبنووسه‌که‌یدا بسڕێته‌وه‌ بۆ وه‌ی ساڵح سووزه‌نی خۆی نووسراوه‌کانی له‌ چه‌ند شوێن بڵاوده‌کاته‌وه‌ و...1 کاک سلێمانیش بۆچوونی "یک دوست"ی راسته‌وخۆ ناوه‌ته‌ جێی خوێندنه‌وه‌که‌ی من وبه‌ناوی "ره‌خنه‌"بڵاوی کردۆته‌وه‌ .. دوای ئه‌وه‌ 47کامێنتی له‌ژێردا بۆ چووه‌ و دۆست و نادۆست به‌ناوی ره‌خنه‌وه‌ له‌ ریش و جل و به‌رگی منه‌وه‌ تا ژیانی که‌سی و ناکه‌سیی هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ و زۆربه‌یان گله‌یی ئه‌وه‌یان کردوه‌ که‌ من له‌مه‌به‌دوا به‌سه‌ر ئاکاریی خۆمدا بێمه‌وه‌ و چیدی خۆبین و خۆبه‌زلزان نه‌بم... به‌داخه‌وه‌ من دره‌نگ ئاگاداریی ئه‌و باسانه‌ بوومه‌وه‌ و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ناو دۆستانی په‌راوێزنووسدا به‌س به‌ڕێز مسته‌فا شێخه‌م ده‌ناسی، هه‌وڵمدا وه‌ڵامی گله‌ییه‌که‌ی بده‌مه‌وه‌ به‌ باقی دۆستانی دیکه‌ بڵێم که‌ حه‌سابی ره‌خنه‌ و خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق له‌ ژیان و ئاکاریی نووسه‌ری ده‌ق جیاوازه‌ و سووکایه‌تی کردن به‌ نووسه‌ران نایه‌ته‌ خانه‌ی ره‌خنه‌وه‌ .. به‌ڵام دۆستان حه‌زیانکرد بابه‌ته‌که‌ بێننه‌وه‌ رووبه‌ری وێبنووسه‌که‌ی کاک سلێمان و وه‌ڵامه‌که‌ی به‌رێز فه‌ره‌یدوون ئه‌ڕشه‌دی و منیان ‌ دوای بابه‌تی (ره‌خنه‌!!)بڵاوکرده‌وه‌ و په‌راوێز نووسانی دڵێر ئه‌مجار هێرشیان کرده‌ سه‌ر به‌ڕێز فه‌ره‌یدوون و به‌زمانی فارسیی و به‌ بێ به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌ ده‌قی ئه‌و، به‌وه‌ تاوانباریان کرد که‌ زمانی کوردی نازانێ و ( بڕواننه‌ بۆچوونه‌کانی "یک دوست" له‌سه‌ر وتاره‌که‌ی کاک فه‌ره‌یدوون..) و گه‌مه‌که‌ جارێ به‌رده‌وامه‌....


پرسیاریی یه‌که‌م‌؛ نووسه‌ری هه‌رده‌قێک پێویسته‌ وه‌ڵامی هه‌موو کامێنتێک بداته‌وه‌؟


بۆ وێنه‌ ده‌قێک باسیی فه‌لسه‌فه‌ ده‌کا و هه‌وڵئدا وه‌ڵامی چه‌ندپرسیارێکی نوێی لێ هه‌ڵکڕێنێ.... و په‌راوێز نووسێک له‌ ژێریدا ئه‌نووسێ؛ "های تڕ هوو.. ئه‌مه‌که‌ی کێشه‌ی ئێمه‌یه‌؟ .. یان ده‌نووسن؛ نووسه‌ری ئه‌م ده‌قه‌ ئه‌یهه‌وێ خۆی هه‌ڵواسێ به‌ ناوێ ئه‌و فه‌یله‌سووفانه‌دا که‌ باسیی کردوه‌ و ...


شاعیرێک ئه‌یهه‌وێ به‌له‌ونێک "سه‌مبولیسمیی ئاوایی" له‌ ده‌قیی کوردییدا به‌رجه‌سته‌بکاته‌وه‌ و به‌ ئه‌نقه‌ست زۆربه‌ی ده‌نگه‌کانی کورده‌واریی له‌ شێعره‌که‌یدا بێنێته‌وه‌ و بیکاته‌ کێشێکی نوێی شێعری.... خوێنه‌رێکی به‌ڕێز بێت و بڵێ جڵقه‌جڵق و فڵقه‌فڵق و.. که‌ی شێعره‌؟...


شاعیرێک شێوازێکی نوێێ زمانیی به‌کار ده‌هێنێ و باشترین ره‌خنه‌گرانی مه‌ به‌ شێعریی شێت ده‌یناسێنن و به‌راستی ناو و ناوبانگ دێنێته‌وه‌.. که‌سێ بێت و به‌ئانقه‌ست و به‌ ته‌وسه‌وه‌ شاعیره‌که‌ به‌ شێت ناوبه‌رێ و بڵێ شێعری شێت که‌ی شێعره‌؟


نووسه‌رێک له‌ وتارێکی ره‌خنه‌ییدا بیهه‌وێ بیسه‌لمێنێ که‌ ره‌خنه‌ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌ نه‌ک مه‌حکه‌مه‌کردنی نووسه‌ر و.. "یک دوست"ێک بێت و بڵێ؛ بڕۆ به‌دوای موجریگه‌ریه‌که‌ته‌وه‌.. تۆ زمانی کوردی نازانی و.. نموونه‌ی وامان زۆره‌ و پێشتر به‌ "ئه‌ده‌بی چه‌قه‌خانه‌یی" خۆی پێناسه‌کردبوو و زۆر زوو روون بۆوه‌ که‌ ئه‌و چه‌له‌حانه‌یه‌.. ره‌خنه‌ نیه‌ و ئیتر که‌سیی پێ نایه‌ته‌ پێکه‌نین و به‌س له‌ خزمه‌ت شه‌ڕی براکوژیدایه‌ و ته‌واو.


لام وایه‌ جیهانی سه‌رده‌م له‌ ره‌وتی دیجیتاڵیی خۆیدا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی داوه‌ به‌ خوێنه‌ران که‌ هه‌موو ده‌قێک له‌ تاکده‌نگیی داسه‌پاو ده‌ربهێنن و به‌دڵی خۆیان به‌شداریی ده‌قه‌که‌بکه‌ن و ته‌نانه‌ت پێی پێبکه‌نن( بڕواننه‌ ئه‌و ده‌مامکانه‌ی له‌ مه‌سه‌نجره‌کاندا دابینکراون بۆ هه‌رچه‌شنه‌ گریان و پێکه‌نین و خۆشه‌ویستی ده‌ربڕینک.. ئه‌زقه‌زا له‌و کامێنتانه‌ی بابه‌تی "ره‌خنه‌"شدا هاتوونه‌.. ئه‌مه‌ شتێکی ئاساییه‌ و من له‌ "شێعره‌سات"دا زۆرم که‌ڵک لێوه‌رگرتووه‌...(- قۆڕترین دیوانه،‌ شیعره‌سات!.. واته‌ ده‌نگی ئه‌و به‌رده‌نگه‌ش که‌ شێعره‌ساتی پێخۆش نیه‌، له‌ چه‌ند جێدا هاتۆته‌ ناو ده‌قی شێعره‌سات.)


به‌ڵام ئایا نووسه‌ری هه‌ر بابه‌تێک پێویسته‌ وه‌ڵامی هه‌مووئه‌و که‌سانه‌ بداته‌وه‌ که‌ به‌له‌ونێک حه‌زئه‌که‌ن خۆیان فڕ‌ێده‌نه‌ ناو ده‌قه‌که‌ و له‌ رێگای کامێنته‌وه‌ به‌شداریی ده‌قه‌کان بکه‌ن؟


پێویسته‌ بڵێم هه‌موو که‌س ئه‌و مافه‌ی هه‌یه‌ به‌ناوی خوازراوه‌وه‌ خۆی بهاوێته‌ ناو باسه‌کان و ته‌نانه‌ت مه‌له‌وانیش بکا.. به‌لام ئه‌گه‌ر که‌سێ بۆ ئاولێلکردن هاتبێ، چی؟


لێره‌دایه‌ که‌ نووسه‌ر هه‌وڵئه‌دا کامێنته‌کان بژار بکا.. و له‌ رێگای وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ به‌و که‌سانه‌ی که‌ نایانناسێ و له‌بریی ده‌ق په‌رژاونه‌ته‌ سه‌ر لارێ، سه‌ربه‌خۆیی خۆی و ده‌قه‌که‌ی بپارێزێ و ئاوه‌ لێڵه‌که‌ش پێشکه‌شی ئه‌وان بکا..


جیاوازیی ئه‌ده‌ب و سیاسه‌ت له‌وه‌دایه‌ که‌ ئه‌ده‌ب پێویستی به‌ده‌مامک نیه‌ و "داڵ"ی شێعر مه‌به‌ستی خۆیه‌تی و به‌س! به‌ڵام له‌ جیهانی هه‌زارسیمای سیاسه‌تدا پیویسته‌ هه‌رکات به‌ ده‌مامکگه‌ل جیاوازه‌وه‌ تاکتیک و ستڕاتێژیی بپێوی و له‌ راستیدا سیاسه‌توانی باش ئه‌و که‌سه‌یه‌ که‌ له‌کات و شوێنی تایبه‌تدا به‌پێی لێکدانه‌وه‌ی به‌جێ ده‌مامکیی به‌جێ له‌سیمای هه‌ڵکێشێ و حه‌ولی ده‌سه‌ه‌ڵات بدا...


به‌و پێیه‌ ئه‌گه‌ر دۆستێک(به‌ناوی نه‌خوازراو یان ناوی خوازراوه‌وه‌) بیهه‌وێ ره‌خنه‌کانی له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌قه‌وه‌ ئاراسته‌بکا و بگووزێ2 یان گۆرانی بڵێ.. من وه‌ک ده‌نگێکی دیکه‌ ئه‌یناسم و هیوای سه‌رکه‌وتنی بۆ ده‌خوازم و به‌س.


پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بڵێم که‌ "شێعره‌سات" وێبنووسێکی تایبه‌ت به‌ یادداشت و به‌رهه‌مه‌کانیی ساڵح سووزه‌نی یه‌ و مه‌گه‌ر دۆستێک بخوازێ ده‌قێکی خۆی به‌ ناوی خۆیه‌وه‌ تێدابڵاو بکاته‌وه‌، ئه‌گینا به‌رهه‌می که‌سی تیدا بڵاو نابێته‌وه‌.. ئه‌وه‌ مافێکه‌ که‌ گه‌شه‌ی تێکنۆلۆژیا به‌ هه‌موو تاکێکی داوه‌ و جێی گله‌یی نیه‌!


---------------



1 و2: تراخدا تو هم مانند صالح سوزنی مباش؛ باعرض معذرت در هرجا کسی ... صدایی مثل سووزنی و صالح بدهد، کاک صالح فورا در وبلاگ خودش مطرح میکند که ...‌


چهارشنبه، دی ۲۳، ۱۳۸۸

کام رخنه‌



تێبینییه‌ک له‌سه‌ر بابه‌تی ( ڕه‌خنه‌ ) له‌ وێبلاگی کاک "سلێمان دڵسۆز " دا .

فه‌ریدوونی ئه‌رشه‌دی



کاتی خۆی له‌و سه‌رده‌مانه‌دا که‌ بونیادی نووسین به‌ کوردی له‌ ده‌وره‌یه‌کی تازه‌دا داده‌نرا " مه‌به‌ستم ساڵه‌کانی 63/64 به‌ملاوه‌یه‌ " مانای ڕه‌خنه‌ شتێکی دیکه‌ بوو . لانی که‌م له‌ بواره‌ حه‌قیقیه‌که‌یدا و نه‌ له‌م به‌ستینه‌ مه‌جازی یه‌دا . به‌تایبه‌ت له‌بواری ئه‌ده‌بیات دا . له‌و ساڵانه‌دا سه‌ره‌تا له‌ ماڵان و دووکانی دۆستان و پاشان له‌ کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌کاندا باسی به‌رهه‌م و دونیای خه‌یاڵیی و مێتۆدی کار و تایبه‌تمه‌ندیی به‌رهه‌می به‌رهه‌مهێنه‌ران ده‌کرا . گه‌رچی به‌ کرچ و کاڵی .


له‌و کاتانه‌دا و ئێسته‌شی ده‌گه‌ڵ بێت " ره‌خنه‌ " مانایه‌کی دیاری کراوی هه‌بووه‌ و هه‌یه‌ ، به‌تایبه‌ت له‌ بواری ئه‌ده‌بیات دا . گه‌ر چی ده‌کرێ کرداری کۆمه‌ڵایه‌تی که‌سێک هه‌ڵسه‌نگێنی و ناوی ره‌خنه‌شی لێ بنێی . به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی لایه‌نه‌کانی دیالۆگ دیار بن . گه‌ر لایه‌نێک له‌ ڕه‌خنه‌ دا دیار نه‌بێت ، قاچی ره‌خنه‌که‌ له‌ هه‌وادایه‌ و نابێته‌ پرۆسه‌یه‌کی مه‌نتیقی بۆ فێرکاری و هۆشیار کردنه‌وه‌ . ‌ئه‌وکه‌سه‌ی به‌ ناوێکی خوازراوه‌وه‌ ره‌فتاری که‌سێک یان شێوازێکی ئه‌ده‌بیی ده‌نرخێنێ و سه‌باره‌ت به‌و ڕاستییه‌ی پێی باوه‌ڕمه‌نده‌ ده‌نووسێ ، ڕه‌نگه‌ نه‌زانێ به‌و خۆ شاردنه‌وه‌یه‌ چ خه‌سارێک له‌ ره‌وتی نه‌هادیینه‌ کردنی ڕه‌خنه‌گرتن ده‌دا و چۆن خۆڵ له‌ چاوی خه‌ڵکی ده‌کات . یه‌که‌م دیارده‌ی خۆشاردنه‌وه‌ له‌ پشتی ده‌مامکی ناوی خوازراوه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌ستی متمانه‌ پێکردن ، له‌ لایه‌نی به‌رانبه‌ر ده‌ستینێ و ده‌رگای دیالۆگی ڕاسته‌قینه‌ داده‌خات . کاتێک ‌ متمانه‌ به‌ لایه‌نی به‌رانبه‌ر نه‌ما و ده‌رگای دیالۆگ داخراو و به‌ستێنی ره‌خنه‌گری ، ئالووده‌ی قین و ئیهانه‌ت و گه‌له‌کۆمه‌ی خێڵه‌کی و گه‌ڕه‌کی و عه‌شیره‌یی بوو ، یه‌که‌م قوربانی خودی " ڕه‌خنه‌ " یه‌ و له‌ پاشان هێزی داهێنان .


هه‌ر له‌م باسه‌دا که‌ به‌ ناوی " ڕه‌خنه‌ " ! داتانناوه‌ ، ده‌بینین که‌ ته‌نیا که‌سانێک یا که‌سێک به‌ چه‌ند ناوه‌وه‌ یه‌ک شت ده‌ڵێنه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر که‌سێک په‌یدا بێت و دژ به‌و بۆچوونانه‌ شت بنووسێ ، به‌ نێردراوی لایه‌نی به‌رانبه‌ر و پیاوی ئه‌م و ئه‌و تۆمه‌تبار ده‌کرێ و هیچ نیشانه‌یه‌ک له‌ لێک حاڵیی بوون به‌دی ناکرێ . له‌ گه‌له‌کۆمه‌ و هه‌ره‌وه‌زی له‌م چه‌شنه‌دا ، مۆتڵه‌ق خوازیی و مۆتڵه‌ق بینییه‌ک به‌رچاو ده‌که‌وێ که‌ نیشانده‌ری کاریگه‌ریی ژیانێکی فیکری ناباڵغ و ناته‌واوه‌ ‌ له‌ نێو سیسته‌مێکی کلتووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی دیکتاتۆر لێدراودا . ئامانجی من له‌م نووسینه‌ کورته‌دا لایه‌نگری له‌ که‌س نییه‌ ، هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌وه‌ی له‌م بۆچوونانه‌دا به‌ ناوی " ڕه‌خنه‌" وه‌ نووسراون فام بکه‌م . به‌لامه‌وه‌ سه‌یره‌ که‌سانێک به‌ ناوێکی خوازراوه‌وه‌ شتهایه‌ک سه‌باره‌ت به‌ که‌سێک ده‌نووسن ، گه‌ر که‌سێکیش ڕایه‌کی موخالفی له‌ به‌رانبه‌ریاندا نووسی ، تۆمه‌تباری ده‌که‌ن به‌ نێردراوی ئه‌و که‌سه‌ی قه‌راره مه‌حکه‌مه‌ بکرێ ، ئه‌م له‌شگره‌ له‌ ده‌مامک ، هێنده‌ سه‌رشاری له‌زه‌تی داپلۆسینه‌ که‌ گوێی له‌ وڵامی که‌سانی دیکه‌ ناگرێ و داوای هاتنه‌ مه‌یدانی خودی که‌سه‌که‌ ده‌که‌ن تا بێت و وڵام بداته‌وه‌ . به‌ مانایه‌کی دیکه‌ ، بێته‌ به‌رده‌م دادگایه‌ک که‌ له‌ هیچ و خۆڕایی بۆی دانراوه‌ و له‌م دادگایه‌شدا که‌س که‌س ناناسێ و هه‌موو ڕه‌خنه‌گران خۆیان له‌ پشتی ماسک و ده‌مامکێکدا حه‌شار داوه‌ و پێشیان وایه‌ هه‌موو حه‌قانیه‌ت و مه‌شرووعیه‌تێک له‌ لای وانه‌ . ئه‌م کۆمێدی / تراژدیایه‌ ، خه‌وفناکتره‌ له‌ دادگاکانی زه‌مانی ئێستالین و سه‌رده‌می ڕێنسانس .


هێنانه‌ ئارای ئه‌م باسه‌ و به‌م شێوازه‌ ، قه‌تماخه‌یه‌ک له‌ سه‌ر هیچ برینێک به‌ مه‌به‌ستی سارێژ کردنه‌وه‌ی لانابات ، به‌ڵکوو ڕێگای ده‌رمانیش له‌ چاره‌خوازان بزر ده‌کات . له‌م چه‌شنه‌ خستنه‌ رووی ده‌رده‌کاندا و به‌م هه‌ڵدانه‌وه‌ی به‌رنامه‌ بۆ دارێژراوی قه‌تماخه‌کاندا ، ته‌نیا ئه‌وانه‌ ده‌په‌یڤن که‌ زامێکیان له‌ دڕک وداڵی سه‌فه‌ری جاده‌ی داهێنان و نووسیندا پێوه‌ نابینرێ . ئه‌مه‌ به‌درێژایی مێژووی کورتی نووسین ، به‌تایبه‌ت لای ئێمه‌ مانان و له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ، سه‌لمێندراوه ‌. هه‌ر به‌م هۆکاره‌ ساده‌یه‌ که‌ : ئه‌وکه‌سه‌‌ی به‌شێک له‌ ڕێگاچاره‌ی له‌ لایه‌ ، له‌ ترسی هێرشی به‌کۆمه‌ڵی قینخوازانه‌ ، خۆی به‌م شتانه‌و‌ه‌ خه‌ریک ناکات و حورمه‌تی به‌ستێنی کاره‌که‌ی خۆی ده‌پارێزێ و ئه‌گه‌ریش چاره‌یه‌کی پێ شک بێت ، له‌ به‌رانبه‌ر ره‌خنه‌یه‌کی جیدیی دا ، له‌ ده‌رفه‌تی دیکه‌ ده‌گه‌ڕێ تا به‌ شێوازێکی مه‌نتێقی و شایسته‌ی دونیای رووناکبیری و له‌ سه‌ر ئه‌ساسی شێوازێکی ڕاست و درووست ، پێشنیاری بکات . ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی سه‌د مخابن له‌ پانتایی ڕۆشنبیری ئێمه‌دا که‌م ده‌ست ده‌دات . ئه‌م جۆره‌ به‌ ڕواڵه‌ت ڕه‌خنه‌ گرتنه‌ نه‌ ده‌ردێک ده‌رمان ده‌کات نه‌ چاره‌یه‌ک بۆ ده‌رده‌که‌ ده‌بینێته‌وه‌ و پێشنیاری ده‌کات .


پلار گرتنه‌ ئه‌م و ئه‌و ، نابێته‌ ڕه‌خنه‌ . مه‌ودای ئه‌م چه‌شنه‌ پلار گرتنانه‌ش ، هه‌ر له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵگری هیچ شێوازێکی زانستیی و دڵسۆزانه‌ له‌ زه‌مینه‌ی ڕه‌خنه‌دا نین ، زۆر کورت و که‌م خوێنه‌رن .


له‌ نێو ئه‌م بۆچوونانه‌ی وا به‌ ناوی ڕه‌خنه‌وه‌ نووسراون ، نه‌مدیت که‌س باسێکی بابه‌تییانه‌ی دامه‌ز‌راو له‌ سه‌ر زانستی ئه‌ده‌بیی و کۆمه‌ڵناسی ئه‌ده‌بیی کردبێ ، جگه‌ تانه‌ و ته‌شه‌ر و سوکایه‌تی پێ کردنی ئه‌و ره‌وته‌ی که‌ ئێستێ له‌ کوردستانی لای خۆمان پێی گرتووه‌ . بۆیه‌ من بۆ خۆم ئه‌و بۆچوونانه‌ ناخه‌مه‌ خانه‌ی " ڕه‌خنه‌ " وه‌ . هه‌ر وا که‌ ده‌زانین " ڕه‌خنه‌ " مێتۆد و شێواز، ئامانج و ئه‌نجامی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ . کاریگه‌رییه‌که‌شی ڕاست به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ ئاستی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی لێی وه‌ده‌نگ دێین و هه‌روه‌ها ئاستی زانست و خه‌مخۆری و جیدی بوونی ئه‌و که‌سه‌ش که‌ ڕه‌خنه‌گره‌ .


ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌ له‌ سه‌ر ره‌وتێکی ئه‌ده‌بیی ده‌گیرێ ، ده‌بێ له‌ سه‌ر ده‌قی به‌رهه‌مه‌کان و ئه‌و نووسراوانه‌ی له‌ داکۆکی پێڕه‌وانی ڕه‌وته‌که‌دا نووسراون ، ته‌ئویل و لێکدانه‌وه‌ی موشه‌خسی هه‌بێت .


له‌هه‌موو ده‌وره ‌و زه‌مانه‌یه‌کدا ، که‌سانێک هه‌وڵ ده‌ده‌ن ڕه‌وت و ڕێبازی ئه‌ده‌بیی زمانێک به‌ره‌و به‌ستێێکی نوێتر و نه‌پێوراوتر به‌رن . له‌م هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌دا ، که‌ ململانێی نێوان مانه‌وه‌ی بنه‌ما کۆنه‌کان و دامه‌زرانی بنه‌ما نوێیه‌کانه‌ ، هه‌میشه‌ و به‌رده‌وام که‌سانێک ، به‌ هه‌ڵه‌ یان ڕاست ، یان به‌ په‌له‌ ، له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان که‌ نه‌ریتی نوێکارییه‌کان شرۆڤه‌ و شیکاری بکه‌ن و له‌هه‌مان کاتیشدا به‌رهه‌م و ره‌فتار و ئاکاری تایبه‌ت به‌و ڕوانگه‌یه‌ش له‌ خۆ ‌ نیشان بده‌ن . بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هیچ عه‌یب و شووره‌یی نییه‌ گه‌ر له‌ مێتۆد و شێواز و تیۆری میله‌ت و زمانانی دیکه‌ که‌ڵک وه‌ربگرن و باسه‌کانی خۆیانی پێ ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌ن .


{ له‌ سه‌رانسه‌ری مێژووی نه‌چه‌ندان ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخی کوردیدا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ، کاتێکی دیکه‌م پێ شک نایه‌ که‌ به‌ قه‌ده‌ر ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی و له‌ سه‌رده‌ستی چه‌ند لاوێکی دڵسۆز ، ده‌قی ئه‌ده‌بیی و کێشه‌کانی زمان و ئه‌ده‌بیات و شیعری کوردی ، ئاسته‌نگ و ئاسۆی داهاتووی شیعر و زمان و ئه‌ده‌بیاته‌که‌مان ، هه‌ڵسه‌نگێندرابێ و شتی له‌ سه‌ر نووسرابێ }.


له‌ هه‌مان کاتدا و له‌ به‌رانبه‌ردا ، زۆر ئاساییه‌ که‌ که‌سانێکیش هه‌وڵ بده‌‌ن بنه‌ما کۆنه‌کان بپارێزن و نه‌هێڵن سترۆکتۆر و ساختومانی زمانیی و جوانی ناسانه‌ی تێک بشکێ . چ خوێنێک له‌م بواره‌دا نه‌ڕێژاوه‌ ، چ که‌سایه‌تییه‌ک له‌م به‌ردبارانه‌دا تێک نه‌شکاوه‌ ؟ مێژووی زامداری داهێنان و نوێخوازی ، سووره‌ به‌م ململانێیه‌ .


من به‌ش به‌حاڵی خۆم له‌و کاتانه‌دا که‌ ئه‌م شه‌ڕی نوێخوازی و پاوانخوازییه‌ له‌ لای خۆمان گه‌رمتر داهاتبوو ، له‌وێ‌ نه‌بووم . به‌ڵام پرووشه‌ی ئه‌و بارینه‌ شڵێوه‌یه‌ ، ده‌گه‌‌یشته‌ لای منیش . خۆشحاڵیی من له‌و زه‌مانه‌دا ئه‌وه‌ بوو که‌ نه‌وه‌یه‌کی نوێ هاتوته‌ مه‌یدان که‌ دژبه‌ری بنه‌ما کۆنه‌کانه‌ . ( راست یان ناراست ). خۆشحاڵی زێده‌تریشم ئه‌وه‌ بوو که‌ بینای دیالۆگ و گفت و لفت و وتووێژ له‌ لای ئێمه‌ مانان دامه‌زراوتر بووه‌ . ( به‌ تایبه‌ت له‌ نێو ئه‌ده‌بیی کاران و خه‌ڵک) دا . که‌چی ئێستێ له‌م ده‌رفه‌ته‌ دا که‌ به‌ کورتی له‌سه‌ر ئه‌م باباته‌ دواون ، له‌ لایه‌که‌وه‌ ئه‌و شتانه‌ی من هیوام خواستبوو بێنه‌ دی و خه‌ڵکانێکیش له‌ دژوارترین بارودۆخدا بۆی کاریان کردبوو ، لام بوونه‌ تارمایه‌کی نامۆ . ( مه‌به‌ستم ره‌خنه‌ی ئه‌دبیی و دیالۆگ و نرخاندن و هه‌ڵسه‌نگاندن و شه‌ن و که‌و) کردنی ره‌وتێکه‌ به‌ هه‌موو قه‌واره‌ی به‌رهه‌م ، ئه‌ندێشه‌ و بۆچوونی ئه‌وانه‌شه‌‌وه‌ ‌ که‌ ده‌گه‌ڵیان هاوڕا و هاوهه‌نگاو نین ، یان هه‌ن . له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ ئیمانم به‌ کاری نوێخوازان پته‌وتر ده‌کات و دڵنیام ده‌کاتن که‌ کاره‌که‌یان هێنده‌ ڕیشه‌یی و کاریگه‌ر بووه‌ که‌ " نیما " وته‌نی : ( آب در خوابگه‌ مورچگان ریخته‌ام ) .


ئاکار وهه‌ڵسوکه‌وت و ته‌نانه‌ت چۆنیه‌تی جل له‌به‌رکردن و ڕدێن تاشین و ژیانی نێو بنه‌ماڵه‌یی که‌سانی به‌رهه‌مهێنه‌ر ، له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی تا سه‌ر ئێسقان " ئه‌خلاقی " دا ، به‌ شێوازێک ده‌کرێنه‌ بیانوو بۆ سڕینه‌وه‌ی سه‌رله‌ به‌ری کار و چالاکی و داهێنانه‌کانیان که‌ له‌ ئاکامدا دبێته‌ هۆی خۆشاردنه‌وه‌ و بێده‌نگ بوونی ئه‌و که‌سانه‌ و کپ و که‌ڕ کردنی به‌ستێنی دیالۆگی مه‌نتێقی . ئه‌م ڕه‌فتاره‌ ، به‌ربه‌ست دانانێکی ئه‌خلاقیی و ناکارامه‌شه‌ له‌ بواری ڕه‌خنه‌ی زانستی دا که‌ یارمه‌تی ده‌ری کرانه‌وه‌ی که‌ش و هه‌وای داهێنانه‌ و له‌ هه‌مان کاتدا بێ بایه‌ختر کردنی ڕه‌نج کێشانه‌ له‌ پێناوی به‌رهه‌مهێنانی کاری تازه‌ دا‌ .


ئه‌وه‌مان له‌ یاد نه‌چێت که‌ به‌ " ڕێبه‌ر و پێشه‌نگ " زانینی رووناکبیر و شاعیر و ره‌خنه‌گر ، به‌رهه‌می مێتۆدی ئه‌و قوتابخانه‌ ئه‌ده‌بیی و فیکرییانه‌یه‌ که‌ له‌ سه‌ر سیسته‌می ‌ئایدۆلۆژیایه‌کی دیاری کراو دامه‌زراون . ئه‌و میراته‌ که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی ئه‌خلاقی ( چ راست و چ چه‌پ . چ ئیسلامی و چ مارکسیستی ) هه‌ڵسوکه‌وت و زاهیر و باتن و به‌رهه‌م و بیر کردنه‌وه‌ی رووناکبیرانی دیاری ده‌کرد و پێوه‌رێکی چوارچێوه‌ داری بۆ هه‌ڵسوکه‌وتی مروڤی چالاک له‌ بواری ئه‌ندێشه‌و هونه‌ر دا ، داده‌نا . ئه‌م چه‌شنه‌ ڕوانینه‌ ئێستاکه‌ش له‌ کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا و به‌داخه‌وه‌ له‌ نێو بڕێک له‌ قه‌ڵه‌م هه‌ڵگراندا ده‌بینرێ .


له‌ هه‌موو مێژووی داهێنان و به‌رهه‌مهێناندا ، هاوته‌ریب ده‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌ند که‌سانه‌ی که‌ ئه‌رکی مێژوویی داهێنایان به‌ شێوه‌یه‌ک نابه‌خۆ و به‌ حوکمی زه‌مینه‌ی له‌باری ده‌روونی و ....خراوته‌ ئه‌ستۆ ، له‌شگرێکی ناکارمه‌ی دژ به‌ هه‌موو نوێکارییه‌ک به‌ هه‌ڵه‌داوان و هه‌ڵپه‌هه‌ڵپ ، خۆیان له‌ بوارێک ده‌ده‌ن که‌ مه‌له‌وانی تایبه‌ت و کارامه‌ی ده‌وێ . ئه‌م له‌شگره‌ ناکارامیه‌ ، له‌به‌ر که‌م توانایی فیکری و خه‌یاڵیی و کورت بوونی مه‌ودای بیر و ئه‌ندێشه‌یان ، له‌ بازنه‌ی گۆمی گێژاو ئاسای پاراستنی بنه‌ما کۆنینه‌کاندا ده‌سوڕێنه‌وه‌ و به‌ هه‌ڵه‌داوان ، ده‌ست و لاقی داهێنه‌ران ده‌گرن تا له‌و گێژاوه‌یدا که‌ خۆیانی تێدا نوقم و نغرۆن ، نوقم و نغرۆیان بکه‌ن .


له‌که‌س شاراوه‌ نییه‌ ، ئه‌وانه‌ی خه‌ریکی کاری به‌رهه‌م هێنان ، خاوه‌نی هه‌ندێ تایبه‌تمه‌ندین که‌ به‌ مه‌زاق و سه‌لیقه‌ی زۆر که‌س له‌ کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ ماناندا ، خۆش و گوارا نایه‌ن . ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ ، له‌ شێوه‌ی ژیان و قسه‌ کردن و جل پۆشین و.... بگره‌ تا شێوازی نووسین و بیر کردنه‌وه‌یانه‌وه‌ ، سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن که‌ مرۆڤی داهێنه‌ر ( جیا له‌ ئاستی به‌رزی و نزمیی کاره‌که‌ی ) که‌سایه‌تییه‌کی تا ڕاده‌یه‌ک جیاوازه‌ . ئه‌م جیاوازییه‌ش ، ئه‌ڵبه‌ته‌ له‌ روانگه‌ی سیسته‌می ئایدۆلۆژییایه‌وه‌ ، که‌سه‌که‌ یان ده‌کاته‌ که‌سایه‌تییه‌کی " موقه‌دس " یان " نفرین کراو " . ڕه‌ش و سپی ڕوانینی ئه‌و له‌شگره‌ ناکارامه‌یه‌ ، هه‌ر له‌م سۆنگه‌وه‌ دێت . مه‌نفوور و موقه‌ده‌س بوونه‌که‌ش ده‌به‌سترێته‌وه‌ به‌ " له‌گه‌ڵ بوون " یان " له‌گه‌ڵ نه‌بوونی " ئه‌و که‌سه‌ له‌ ته‌ک سیسته‌می باوی هونه‌ری ، کۆمه‌ڵایه‌تی ، سیاسی ، یان ئایینی . ئه‌و له‌شگره‌ . له‌شگه‌رێیکی سه‌راسیمه‌ ، که‌ له‌ شوێنێکی دیاری پاوانخوازانه‌وه‌ هانده‌درێ و چه‌کدارده‌کرێ به‌‌ چه‌کی هه‌تک کردن و له‌به‌رچاوی خه‌ڵک سووک کردن و بشکێنه‌ری که‌رامه‌تی ئه‌وانه‌ی‌ سه‌رمایه‌یه‌کی دیکه‌یان نییه‌ جگه‌ قه‌ڵه‌م و چه‌ند کتێب و کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی له‌ بن نه‌هاتووی ئه‌به‌دیی . ئه‌م له‌شگره‌ ناکارامه‌ و چاو له‌ ده‌مه‌ ، به‌ ناوی جۆراوجۆر و جلی هه‌رده‌م گۆڕدراوه‌وه‌ ، مه‌یدانداری مه‌یدانێکه‌ که‌ مرۆڤی خاوه‌ن که‌رامه‌تی پێ قبووڵ ناکرێ . چ سیسته‌مێک له‌ پشتی هاندانی ئه‌م له‌شگره‌وه‌یه‌ ، دیار و ئاشکرایه‌ . ئه‌و سیسته‌مه‌ فیکرییه‌ی نایهه‌وێ سیمبۆل و نیشانه‌ و ڕه‌مز و شکۆی فیۆدالیزمی ئه‌ده‌بیی و خه‌یاڵیی داسه‌پاو به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا ، تۆسقاڵێک تووشی نوشوست ببێت . ئه‌م سیسته‌مه‌ که‌ به‌ درێژایی مێژووی به‌رهه‌مهێنان ، خۆی نوێ کردووته‌وه‌ ، که‌ره‌سته‌و که‌سی خۆی ده‌خاته‌ مه‌یدانه‌وه‌ تا به‌ شێوه‌یه‌کی سیسته‌ماتیک و تا ڕاده‌یه‌کی زۆریش شاراوه‌ ، هێرش بکه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و دامه‌زراوه‌ فیکری و خه‌یاڵییه‌ی ، ته‌نیا تاوانیان ده‌ربڕینی بۆچوونی تازه‌تره‌ . ئه‌م هێزه‌ نه‌خوێنده‌وار و هان دراوه‌ی هاوار بۆ پاراستنی میراتی نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌کات ( چ له‌ باری فیکری و زمانیی و ئایینه‌وه‌ ، چ له‌ باری ئابووری و سیاسییه‌وه‌ ) پشتگرمه‌ به‌ قه‌راره‌کانی ده‌رچووی دیوه‌خانانی ئه‌ده‌ب و ئه‌ندێشه‌ ، پڕ چه‌که‌ به‌ ساڵه‌ها ئه‌زموونی له‌قاو دان و پاش ناو و پێشناو دروست کردن ، ڕازاوه‌ته‌وه‌ به‌ دروشمی وا ، که‌ ئه‌قڵی مرۆڤی ساویلکه‌ی پێ راده‌وه‌ستێنێ ، هه‌ستی ده‌وروژێنێ و هانی ده‌دات بۆ خۆ خستنه‌ نێو ریزه‌کانی له‌شگرێکه‌وه‌ که‌ له‌ ئانجامدا هیچی به‌ده‌سته‌وه‌ نابێت جگه‌ مه‌یدانێکی چۆڵکراو له‌ داهێنان ، چه‌ند داهۆڵ و مۆته‌که‌ی پرتووکاو و هه‌ندێ تابۆی پیرۆز کراو . دڵخۆشه‌ به‌و چه‌ند ده‌نگه‌وه‌ که‌ به‌ ڕواڵه‌ت نوێنه‌رایه‌تی ئه‌ندێشه‌ و خه‌یاڵی ئه‌و ده‌که‌ن و ده‌ربڕی ئاواته‌کانین . شاگه‌شکه‌یه‌ به‌ له‌ مه‌یدان به‌ ده‌رکردنی ده‌نگ و ڕه‌نگه‌ جیاوازه‌کان . ده‌سڕه‌نگینه‌ به‌ خوێنی قه‌ڵه‌مانی تازه‌ پێ گرتوو . هه‌ڵوه‌دای پاراستنی ئه‌و میراته‌یه‌ که‌ خۆشی ناتوانێ و ناشزانێ چۆنی لێکبداته‌وه‌ و چۆنی ته‌ئویل و شرۆڤه‌ بکات تا یارمه‌تی ده‌ری ژیانی فیکریی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی بێت .


من بۆ خۆم ، هه‌ندێ ئاکاری نوێخوازانم جگه‌ چه‌ند قه‌ڵه‌می جیددیان نه‌بێت ، له‌ بواری زمان و داڕشتنی زمانییه‌وه‌ ، به‌ تابه‌ت له‌ شیعر دا ، به‌ دڵ نییه‌ . ده‌شزانم که‌ جگه‌ ئه‌و چه‌ند قه‌ڵه‌مه‌ جیدییه‌ ، زۆربه‌یان کۆپیکاری ده‌سته‌ چه‌نده‌می شیعری شاعیرانی دیکه‌ن و ئه‌مه‌ش له‌ لای من زۆر ئاساییه‌ و نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ تایبه‌تمه‌ندیی ڕه‌وته‌که‌وه‌ ، به‌ڵکوو له‌ هه‌موو سه‌رده‌مانێکدا هه‌ن ئه‌و که‌سانه‌ی بێ به‌هره‌ن و ڕه‌شکه‌ره‌وه‌ی ڵاپه‌ڕه‌ سپییه‌ بێتاوانه‌کانن .


له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ ، ڕه‌نگه‌ ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ی من سه‌باره‌ت به‌ که‌موکووڕییه‌کانی ڕه‌وتی تازه‌ ، له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبێ که‌ ڕاهاتووی سیسته‌مێکی داڕشتنی زمانیی و فۆرمیم که‌ پێم ناڕه‌وا بێت که‌سانێک تێکی بشکێنن ، به‌ڵام ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌زانم که‌ قه‌واره‌ی خه‌یاڵیی و زمانیی و داهێنانی هه‌ر سه‌رده‌مێک ، مرۆڤی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ خۆی دیاری ده‌کات و دایده‌ڕێژێ . بۆیه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌م فامیان بکه‌م و له‌ هه‌ڵه‌که‌یان ده‌رس وه‌ربگرم و له‌ تواناکان و ئاسۆی تازه‌بینراویان شتی تازه‌تر فێر ببم . ده‌شزانم که‌ له‌ هه‌موو هه‌وڵێکی تازه‌ و ده‌سپێشخه‌رانه‌دا ، به‌رده‌وام هه‌ڵه‌ هه‌یه‌ و شتی ناته‌واو و ناڕاستیش دێته‌ به‌رهه‌م . له‌وه‌ش ناترسم که‌ سیمای ئه‌ده‌بیی نه‌ته‌وه‌که‌م له‌و به‌شه‌ی کوردستاندا که‌ ئێمه‌ی‌ تێدا نێشته‌جێین بشێوێنرێ ، چونکوو به‌و ئه‌سڵه‌ ئه‌ساسییه‌ باوه‌ڕم هه‌یه‌ که‌ هه‌ر ته‌قه‌لایه‌کی نوێخوازانه‌ ، به‌ هه‌موو که‌م و کوڕییه‌کانیه‌وه‌ کاریگه‌ری خۆی له‌ سه‌ر پانتایی داهێنان داده‌نێت و به‌ به‌ربه‌ست کردنی بواره‌کانیان ، کپ و بێده‌نگ ناکرێن و ده‌نگ و به‌رهه‌میان ده‌گاته‌ ئاینده‌ .


کێ هه‌یه‌ نه‌زانێ ساڵح سووزه‌نی و یونس ڕه‌زایی و عه‌بدولخالق یه‌قووبی و ڕه‌زا عه‌لیپوور و قه‌ره‌نی ئه‌حمه‌د ئاقائی و له‌یلا ساڵحی و به‌هزاد کوردستای و ئیبراهیم ئه‌حمه‌دی نیا و..... قه‌ڵه‌مگه‌لێکی جیدی و به‌هێز و چالاکن‌ له‌ بواری ڕه‌خنه‌ و شیعر دا . ئه‌م که‌سانه‌ ئه‌گه‌ر خه‌می زمان و ئه‌ده‌بی کوردیان نه‌بێت ، چ هانده‌رێکی دیکه‌ ده‌یانهینێته‌ ئه‌و بواره‌وه‌ که‌ هیچی تێدا نییه‌ جگه‌ زه‌حمه‌ت و ته‌قه‌لا و خه‌می ئه‌وه‌ی که‌ شیعر یا وتارێکی جیدی بنووسن ؟


ئه‌م مرۆڤه‌ لێبڕاوانه‌ی هه‌موو کار و تیکۆشانیان دۆزینه‌وه‌ و کردنه‌وه‌ی ڕێگایه‌کی نوێیه‌ له‌ به‌رده‌م نه‌وه‌ی تازه‌دا . بۆیه‌ ده‌بێ به‌ ستایشه‌وه‌ چاو له‌ خه‌یاڵ و به‌رهه‌مه‌کانیان بکرێ و له‌ باتی ئه‌وه‌ی دڵساردیان بکه‌ینه‌وه‌ و له‌ په‌راوه‌زیان بخه‌ین ، باشتر و عاقڵانه‌تر ئه‌وه‌یه‌ نیگه‌رانی ئه‌وه‌ بین که‌ له‌و ته‌قه‌لایه‌ندا کۆسپیکیان نه‌یه‌ته‌ سه‌ر رێ ، تا به‌رهه‌می نوێتر بخولقێنن . هانیان بده‌ین بۆ کاری جیدی تر و که‌م هه‌ڵه‌تر . ئه‌و که‌سه‌ی کاری جیدی ده‌کات ، بێگومان هه‌ڵه‌ش ده‌کات .


له‌ نێو ئه‌م که‌سانه‌دا ، کاک ساڵح سووزه‌نی به‌و هه‌موو ته‌قه‌لایه‌وه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئاسۆی داخوازیه‌کانی ، هیچ نه‌بێ له‌ شکاندنی تابۆی ترسی شرۆڤه‌ی ئه‌مرۆژیانه‌ی به‌رهه‌می ئێستا و ڕابردووی زمانه‌که‌مان ، نه‌ترسانه‌ کاری کردووه‌ و به‌رده‌وامیشه‌ ، گه‌رچی به‌ داخه‌وه‌ زۆر جاران خۆی به‌ چه‌شنێ نیشان ده‌دات که‌ ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی شیعریی و ڕه‌خنه‌یی ئێستای لای خۆمان . تایبه‌تمه‌ندیی کاک ساڵه‌ له‌و بواره‌دا ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ وتووێژه‌کان و له‌ وتاره‌کانیدا زۆرتر شیعره‌کانی خۆی و ناوه‌ ناوه‌ش شیعری یه‌ک دوو که‌س ده‌کاته‌ نموونه‌ بۆ سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی شیعری هاوچه‌رخی ئێستامان ، به‌ تایبه‌ت له‌ نوێخوازی و نوێتر خوازیدا . ئه‌مه‌ش له‌ ئه‌نجامدا بازنه‌ی کاریگه‌ری وتار و وته‌کانی که‌م ده‌کاته‌وه‌ . که‌وابوو یه‌که‌م زه‌ره‌رمه‌ند له‌م قه‌زییه‌دا ، خودی کاک ساڵه‌ یه‌ . ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ نگه‌تیڤه‌ ، ده‌توانرێ به‌ شێوازێکی مه‌نتێقی به‌ خودی کاک ساڵه‌ بوترێ ، یان له‌ وتارێکدا به‌ نموونه‌ و سه‌نه‌ده‌وه‌ ، بخرێته‌ به‌ر‌ ده‌ستی خوێنه‌ران ، دڵنیام کاریگه‌رییه‌که‌شی ئاسانتر و زورتر ده‌بێت و پێویست به‌وه‌ ناکات‌ له‌ بنه‌وه‌ نامه‌ و په‌یغام بۆ یه‌کتر بنووسین و یه‌کتر ئاگادار بکه‌ینه‌وه‌ که‌ ئاگات له‌ خۆت بێت تۆش وات لێ نه‌یت ، ئه‌ویش به‌ زمانی شیرینی فارسی ! و به‌ واژه‌هایه‌کی ناشیرین . ( مه‌به‌ستم نامه‌ی ئه‌و " دوست " یه‌ بۆ کاک " سلێمان دڵسۆز " ، که‌ ئه‌ویش هێناویه‌ و له‌ وێبلاگه‌که‌ی خۆی دایناوه‌ و چه‌ند دۆستێکی ناسراو و نه‌ناسراویش بۆچوونیان له‌ سه‌ری نووسیوه‌ )


سه‌ره‌ڕای هه‌مه‌وو ئه‌مانه‌ ، ‌ له‌م شه‌ڕی ئه‌زه‌لیی و ئه‌به‌دیی نێوان کۆن و نوێیه‌دا ، براوه‌ ئه‌و که‌س و ڕه‌وته‌یه‌ ‌ که‌ به‌ سیسته‌مێکی ئه‌قڵانییه‌وه‌ ، بنه‌مای بیر و هزر و خه‌یاڵی خۆی و رێبازه‌که‌ی هێنده‌ تێوریزه‌ بکات که‌ قابیلی ته‌ئویل و لێکدانه‌وه‌ بێت . ئاینده‌ هی ئاینده‌ سازنه‌ .










سه‌شنبه، دی ۱۵، ۱۳۸۸

ره‌خنه‌ی رووخێنه‌ر و بونیاتنه‌ر



وتوێژێکی کورت بۆ کوردستان راپۆرت.


ئاماده‌کردنی- شاڵاو حه‌بیبه‌



ش: سه‌ره‌ڕای فره‌یی لق و قوتابخانه‌کانی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی، له‌کن مه،‌ ته‌نیا بۆ ره‌خنه‌ی رووخێنه‌ر و بنیاتنه‌ر دابه‌ش ده‌کرێت، ئه‌م دابه‌شکردنه‌ له‌ کوێوه‌ سه‌رچاوه‌ده‌گرێ و هه‌ر دوو وشه‌ی رووخێنه‌ر و بنیاتنه‌ر له‌ فه‌رهه‌نگی نووسه‌رانی مه‌دا چۆن شی ده‌که‌یته‌وه‌؟ هۆکاری ئه‌م دابه‌شکردنه‌، نه‌زانین؟ ئاگایی؟ یاخود که‌مته‌رخه‌میی نووسه‌ران؟ ره‌خنه‌گران؟ یا خود خوێنه‌ران؟ له‌ کاتێکدا هه‌موو ده‌نگ بۆ ئه‌وه‌ به‌رز ئه‌که‌نه‌وه که‌؛ ره‌خنه‌مان نیه‌، پێت وایه‌ بیانوویان بۆ دابه‌شکردنی شتێک که‌ نیه‌ چیه‌؟‌


س: - ئه‌لف؛دابه‌شکردنی ره‌خنه‌ به‌ دوو به‌شی رووخێنه‌ر!! و بنیاتنه‌ر، ره‌نگه‌ هاسانکردنه‌وه‌ی پۆلێنبه‌ندییه‌کان بێ به‌پێی (به‌ گوته‌ی دریدا؛) دوانه‌ لێکدژه‌کان؛ چاکه‌ و خراپه‌، ره‌ش و سپی، ره‌نج و خۆشی ... به‌ گشتی ئه‌م یان ئه‌وی فه‌لسه‌فه‌ی رۆژئاوا...(بڕواننه‌ متافیزیک حضور- دریدا) یان چوونه‌ ژێر رکێف و ملدانیی نووسه‌ران و رووناکبیرانی ئێمه‌ بێ بۆ ده‌سه‌ڵاتی زمانیی، نیزیک به‌ نیوسه‌ده‌ی، چه‌پی ئورتدۆکسی ئیستالینی.... ئه‌وکات ئیستالین ره‌خنه‌ی به‌ ته‌ورێک(ساطور) ده‌شوبهاند که‌ قه‌سابێک بۆ جیاکردنه‌وه‌ی گۆشتی زایه‌ به‌کاری ده‌هێنێ، " ئه‌ده‌ب و کولتووری چینی باڵا(بوژوازیی) ده‌بوایه‌ بڕووخایه‌ و ئه‌ده‌بی پرولیتاریا دابمه‌زرێ(بنیاتبنرێ).. ئه‌رێ دڵنیام له‌وه‌ی که‌ ئه‌و بنیاتنه‌رییه‌ له‌وانه‌وه‌ هاتؤته‌ ناو زمانی رووناکبیریی- ره‌خنه‌یی ئێمه‌وه‌.. بۆ وه‌ی به‌ر له‌وه‌ کورده‌واری جگه‌ له‌ شێعر به‌رهه‌می ره‌خنه‌یی نه‌بوو و ئه‌گه‌ر بیویستایه‌ خوێندنه‌وه‌ی چاک یان خراپی شتێ یان دیارده‌یه‌ک بکا، به‌ شێعر(نظم‌) ده‌یکرد. ئه‌و چه‌شنه‌ پۆلێنکاریه‌ش به‌س تایبه‌ت به‌ کورد نیه‌.. ئێسته‌ش رووناکبیرانی فارس و دراوسێکانی دیکه‌مان به‌ ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن و به‌ پێی ره‌خنه‌کانی دریدا له‌ فه‌لسه‌فه‌ی رۆژئاوا، هه‌موو بۆچوونی فه‌یله‌سووفانی ئه‌وانیش ده‌گرێته‌وه‌. به‌ تایبه‌ت ئه‌و رووناکبیرانه‌ی که‌ ئاشنای خوێندنه‌وه‌ نوێیه‌کانی سه‌رده‌م( زمانناسی، نیشانه‌ناسی، فورمالیسم و پێکهاته‌خوازی، دیارده‌ناسی(فنۆمنۆلۆژیا) ده‌روونناسی، فێمێنیسم، هێرمنۆتیک(راڤه‌کاریی بابه‌تی) و نێوانده‌قێتی و به‌ گشتی چه‌ند خوێندنه‌وه‌یی، نه‌بن، ئێستاش هه‌ر سوورن له‌سه‌ر؛ رووخێنه‌ر و بنیاتنه‌ره‌که‌ی ئه‌وان(نه‌ک خۆیان) ... هه‌ر بۆیه‌ لای خۆمان پێشتر ره‌خنه‌ وه‌ک هه‌ڵسه‌نگاندی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی(یان هونه‌ری) به‌لای سووکی و قورسی یان لاوازیی و نالاوازیی و به‌ گشتی وه‌ک سه‌نگی محه‌ک، پێناسه‌کراوه‌ و به‌و پێیه‌ ره‌خنه‌گر وه‌ک پاشایه‌کی هه‌مووشتزان یان قازیقوزات(نه‌ک خوێنه‌رێک) به‌س ددانی خێر یان شه‌ڕی ئه‌نا به‌سه‌ر ده‌قی هونه‌ری – ئه‌ده‌بیدا و ته‌نیا پێوه‌ری هه‌ڵسه‌نگاندنه‌که‌ی دۆستایه‌تی و دوژمنایه‌تی کردن بوو له‌گه‌ڵ خاوه‌ن ده‌ق، نه‌ک وزه‌ی ده‌روونیی ده‌ق.... هه‌رکات ره‌خنه‌ به‌ لای دۆستایه‌تیدا بکرایه‌(بنووسرایه‌)، ره‌خنه‌که‌ش ده‌بوو به‌ ره‌خنه‌ی بنیاتنه‌ر و به‌بێچه‌وانه‌وه‌... ره‌خنه‌ی رووخێنه‌ر بوو.


ئاشکرایه‌ ئه‌و پێناسه‌یه‌ ئیستا باوی نه‌ماوه‌ و له‌هه‌ر به‌ره‌یه‌کی ؛ نووسه‌ر، خوێنه‌ر، ره‌خنه‌گره‌وه‌‌ بێته‌ئاراوه‌... هه‌ڵه‌یه‌‌ و خه‌سارێکی گه‌وره‌ ئه‌دا له‌ ره‌وتی ره‌خنه‌ی نوێی کوردی و چه‌ندخوێندنه‌وه‌یی ده‌ق!


ب؛ ره‌خنه‌ له‌ پێناسه‌ی ئه‌ڕۆیینه‌یدا خوێندنه‌وه‌ی چه‌ندلایه‌نه‌ی خوێنه‌ری چالاکه بۆ روونکردنه‌وه‌، به‌رجه‌سته‌کردنه‌وه‌ و پشکنینی لایه‌نه‌ نادیار یان نه‌نووسراوه‌کانی ده‌ق به‌ پێی وزه‌ی ناوه‌کی ئه‌و ده‌قه‌ و سازکردنی ژوه‌رده‌ق... دیاره‌ له‌م پێناسه‌ نوێیه‌دا ده‌قێک بۆی هه‌یه‌ له‌ چه‌ندین گۆشه‌نیگای تایبه‌ته‌وه‌ بخوێنرێته‌وه‌ و هیچ خوێندنه‌وه‌یه‌کییش ناتوانێ دیعایه‌ی ئه‌وه‌بکا که‌ خوێندنه‌وه‌ی باڵایه‌ و له‌هه‌موو تواناکانی ده‌ق گه‌یشتووه‌. واته‌ خوێنه‌رێک بۆی هه‌یه‌ لایه‌نی جوانناسانه‌ی ده‌قێک شی بکاته‌وه‌ یان له‌ سه‌ر یاساکانی گه‌مه‌زمانیه‌کان بدوێ و نامۆکردنه‌وه‌کان بنوێنێ و... خوێنه‌رانی دی هه‌مان ده‌ق بخه‌نه‌ ژێر زه‌ڕه‌بینی بابه‌تیانه‌ له‌باریی ئابووریی، رامیاریی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌روون و کێشه‌کانی ... یان میتۆلۆژیا و فه‌لسه‌فه‌ی لێ هه‌ڵکڕێنن و..تاد. ره‌خنه‌ یان خوێندنه‌وه‌ی به‌و چه‌شنه‌ هێند نیه‌، نه‌ک هه‌ر کوردستان، به‌ڵکوو له‌وڵاتانی ده‌ور و به‌ریش، هاتۆته‌ئارا و به‌و پێیه‌ واته‌ به‌پێی ئه‌م پێناسه‌یه‌ له‌ ره‌خنه‌، هه‌م خوێنه‌ری چالاک(له‌بری ره‌خنه‌گر) و هه‌م خوێندنه‌وه‌ی فره‌ره‌هه‌ندمان که‌مه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌مانای ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ "ره‌خنه‌مان نیه‌" ئه‌زقه‌زا من لام وایه‌ کورده‌واری و خوێنه‌رانی کورد راسته‌ هه‌نێ دره‌نگ به‌ڵام چالاک هاتۆته‌ مه‌یدان؛ ئه‌وکات که‌من چه‌ند خوێندنه‌وه‌یی ده‌قم(له‌سه‌ر رۆمانی "گوڵی شۆران") بڵاوکرده‌وه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌ڵێم؛ له‌ ئه‌ده‌بی فارسیشدا چه‌ندخوێندنه‌وه‌یی ده‌ق بوونی نه‌بوو. بڕواننه‌ کتێبگه‌لی "پێکهاته‌ی به‌یتی کوردی"،"له‌ ژێر تیشکی ره‌خنه‌دا"، "ده‌نگی بلوورینی ده‌ق"، "نالی و خوێندنه‌وه‌نوێکانی سه‌رده‌م" له‌م دیو و خوێندنه‌وه‌کانی گرووپی ره‌هه‌ند و ده‌قه‌کانیان، له‌ودیو، فستیواڵگه‌ل ره‌خنه‌یی رۆشنبیری و هه‌موو ئه‌و وتارانه‌ی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به‌پێی خوێندنه‌وه‌ نوێکانی سه‌رده‌م و چه‌ندخوێندنه‌وه‌یی له‌ سه‌ر ده‌قی کوردی نووسراون... ئه‌وکات ئه‌زانین گوزاره‌ی "ره‌خنه‌مان نیه‌" چ گوزاره‌یه‌کی هه‌ڵه‌یه‌ و به‌س بۆ شان‌خاڵیکردن له‌ژێر باری به‌رپرسایه‌تی ره‌خنه‌یی یان به‌مانای "به‌س خوێندنه‌وه‌که‌ی من به‌رحه‌قه‌ و ئه‌وانی تر ره‌خنه‌ یان خوێندنه‌وه‌ نین!" دێته‌ ئاراوه‌. ئه‌گینا به‌س ئه‌م پرسیاره‌ی جه‌نابت نیشانه‌ی هه‌بوون و جم و جووڵی ره‌خنه‌ییه‌ و ئه‌وه‌ی نکوولی لێده‌کا، دیاره‌ لێکدانه‌وه‌ی تایبه‌تی له‌ دۆخی تایبه‌ت نیه‌. من دڵنیام ره‌خنه‌ش وه‌ک هه‌موو دیارده‌یه‌کی ژیانی مرۆڤ له‌ ره‌وتایه‌ و به‌رده‌وام له‌ نوێبوونه‌وه‌ و نوێترخوازیدایه‌! ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی کوردیش له‌و رێسایه‌ به‌ده‌ر نیه‌......... که‌وایه‌ با ره‌شبین نه‌بین! به‌و هیوایه‌وه‌

ساڵح سووزه‌نی - سه‌قز- 2009-11-09